
ڕێگای کوردستان
نوێترین لێدوانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (MHP)، سەبارەت بە شارەکانی کەرکوک و موسڵ، دەستوەردانە لەکاروباری ناوخۆی عێراق و هاندانی ئاژاوەنانەوەیە.
باخچەلی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا ڕایگەیاند، کە ئەوان کەرکوک و موسڵ لەبیر ناکەن و تورکمانەکانی ئەو ناوچانە بێ پشت و پەنا نین.
ئەم جۆرە گوتارە، کە ڕەهەندی نەتەوەپەرستیی توندی پێوە دیارە، لەلایەن چاودێرانی سیاسییەوە وەک دەستوەردانێکی ڕاستەوخۆ لە کاروباری ناوخۆی عێراق و هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە لێکدەدرێتەوە.
بەبۆچونی چادێران ، ئەم قسانە تەنها گوزارشت نین لە پاڵپشتیی پێکهاتەیەک، بەڵکو دەبنە مایەی دروستکردنی ئاژاوە و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە شارێکی هەستیاری وەک کەرکوک کە فرەپێکهاتەیە.
جێگەی سەرنجە کە لە ئێستادا پۆستی پارێزگاری کەرکوک، دوور لە ئیستحقاقی ڕاستەقینەی هەڵبژاردن و تەنها لە ڕێگەی ڕێککەوتنی سیاسییەوە بە پێکهاتەی تورکمان دراوە، کەچی هێشتا گوتاری هاندەرانە لەلایەن بەرپرسانی تورکیاوە بەردەوامە.
چاودێران بە پێویستی دەزانن، کە حکومەتی عێراق لە ئاست ئەم سوکایەتییەی بە سەروەریی خاکەکەی دەکرێت بێدەنگ نەبێت، چونکە بێدەنگیی بەغدا لە مبەرانبەر ئەم هەڕەشانە، ڕێ خۆشکەر دەبێت بۆ دەستوەردانی زیاتری وڵاتانی دراوسێ و ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچە جێناکۆکەکان.
