مرۆڤ و پەروەردە

ڕۆڵی خێزان و قوتابخانە لە کەمکردنەوە و کالکردنەوەی توندوتیژیدا

بەشی حەڤدە

لەم ڕۆژگارەدا، هەموو دەرگا و دەروازەکان بەڕووى منداڵدا کراونەتەوە. ڕاگەیاندن و تیڤى و ئینتەرنێت و فەیسبووک و ئامێر و ئامرازەکانى تەکنەلۆژیا و یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە زۆرینەى ماڵەکاندا لەبەردەستن. بۆیە پەروەردەکردنى منداڵ لەم سەردەمەدا کارێکى ئاسان نییە، پێویستى بە هۆشیارى و زانیارییە، پێویستی بەوەیە سەرچاوەکانی سەرهەڵدان و چەکەرەکردنی توندوتیژی و بیری شەڕانگێزی و برەودان بە زەبروزەنگ، وشک بکرێت و لە ڕیشەوە هەڵتەکێنرێت. هەنگاوی یەکەم و سەراتاش ئەوەیە کە هۆکار و سەرچاوەکانی سەرهەڵدانی توندوتیژی بزانرێت و دیاری بکرێت. بە دۆزینەوەی هۆکارەکان، سەرەداوى چارەسەرەکانمان دەست دەکەوێت. لە هەنگاوى یەکەمیشدا دەبێ لە خێزانەوە دەست پێبکەین. لەبەرئەوەى منداڵ بەرهەمى خێزانە، بەرهەمى دایک و باوکێکە. پێویستە ئەو دایک و باوکە زانست و زانیارییەکى باشیان لە بارەى پەروەردەکردنى منداڵەوە هەبێت. پێویستە دایک و باوکان بزانن ئەرک و بەرپرسیارێتییان چییە بەرانبەر منداڵ. دەبێ دایک و باوکان بزانن منداڵ چ مافێکى لەسەر ئەوان هەیە و ئەوانیش چ مافێکیان لەسەر منداڵەکانیان هەیە. منداڵێک ئەگەر بەباشى و بە دروستى پەروەردە نەکرابێ و هیچ ڕێنمایی و ئامۆژگارییەکى لە دایک و باوکى نەبیستبێ و هیچ چاودێرییەکى لەسەر نەبێ و ڕادەستى پەروەردەى شەقام و کۆڵان و ڕاگەیاندن و هاوڕێکانى کرابێ، چاوەڕێى نەرمونیانى و هەڵوێستى جوان و ڕەفتارى ڕێکى لێ ناکرێت.

دەکرێ لە چەند خاڵێکدا ئەو هۆکارانە دیارى بکەین کە دەبنە هۆى ئەوەى منداڵ لە ژینگەى خێزاندا تۆوى توندوتیژى و شەڕانگێزى لە هزر و بیریدا چەکەرەبکات، کە ئەمانەن: 

1-  نزمى ئاستى هۆشیارى و ڕۆشنبیرى دایک و باوکان سەبارەت بە پەروەردەکردنى منداڵ.

2-  چاودێرینەکردن و پشتگوێخستنى منداڵ لە لایەن دایک و باوکان.

3-  بێبەشبوونى منداڵ لە سۆز و خۆشەویستى دایک و باوک.

4-  زۆرى ژمارەى ئەندامانى خێزان.

5-  کێشە و دەمەقالە و شەڕ و ئاڵۆزى و ناتەبایی لەنێوان دایک و باوک، لەبەرچاوى منداڵکانیان.

6-  نەبوونى کەشێکى ئارام و هێمن لە ناو خێزان.

7-  هەژارى و نەدارى و بێ ماڵوحاڵى و دەستکورتى دایک و باوک، بەجۆرێک کە نەتوانن پێداویستییە سەرەتایی و سەرەکییەکان بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن.

8-  پەرتەوازەیی و نەبوونى پەیوەندییەکى تۆکمە و بەهێز لەنێوان ئەندامانى خێزان.

9-  نەبوونى سەرپەرشتیارێک بۆ منداڵ، بەهۆى مردنى دایک یان باوک یان هەردووکیان.

10- فرەژنى، زۆرجار لەوکاتەى باوک زیاتر لە هاوژینێکى هەیە و فەوجێک منداڵى هەیە، بێگومان پەروەردەکردن و چاودێریکردنى ئەم هەموو منداڵە بەشێوەیەکى ڕاست و دروست ئاسان نییە.

11-          دەوڵەمەندى و سەرقاڵى باوک بە ئیش و کار و بازرگانى و پارەپەیداکردن، ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى باوک بێئاگا بێت لە خێزان و منداڵەکانى.

12-  جیابوونەوەى دایک و باوک(تەلاق)، جگە لەوەى منداڵ بێبەش دەبێت لە خۆشەویستى و سۆز و ناز و میهرەبانى دایک یان باوک، لەوانەیە منداڵ سەرلێشێواو و دەربەدەر بێت، دواجار ئەمەش کاریگەرى خراپ لەسەر کەسایەتى و ڕەفتار و ڕەوشتى منداڵ جێ دەهێڵێت.

13-  لێدان و ئەشکەنجەدانى منداڵ لەلایەن دایک یان باوک یان یەکێک لە ئەندامانى خێزان.

14-  جوێندان و قسەپێگوتن و شکاندنى کەسایەتى و ڕێزلێنەگرتنى منداڵ لەناو خێزان.

15-  چاوەڕوانیکردن و داواکردن لە منداڵ بۆ ئەنجامدانى کارێک، کە لە دەرەوەى سنوورى تواناکانى ئەودا بێت.

16-  دابڕان و بێبەشکردنى منداڵ لە خوێندن.

17-  نەبوونى نموونە و پێشەنگێکى باش لەناو ئەندامانى خێزان.

18-  هاندان و دنەدان و وەسفکردنى منداڵ بە پاڵەوان و قارەمان و شێر و...هتد.

19-  لێنەپێچینەوە و سزانەدانى منداڵ، کاتێک سەرپێچى و ڕەفتارێکى ناڕێک و نابەجێ دەکات.

20-  هەبوونى نەریت و بیرکردنەوەى عەشایەرى و خێلەکى لەناو خێزان و بنەماڵەکان بۆ شەڕ و تۆلەکردنەوە.

بە شێوەیەکی گشتی کۆمەڵێک هۆکاری تریش هەن، کە وا لە مرۆڤ دەکەن هەستی شەڕانگێزی و توندوتیژی و پەلاماردان لەلای گەشە بکات. وەک بێزاری، بێزاری بەیەکێک لە گرنگترین و وروژێنەرترین هۆکارەکانی سەرهەڵدانی توندوتیژی دادەنرێت لەلای مرۆڤ. مرۆڤ کاتێک بێزار و بێتاقەت و وەڕس و ماندوو و شەکەت دەبێت لە ژیان و لەو ژینگە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینی و کەلتوورییەی کە تێیدا دەژیت، تووشی دڵتەنگی و شلەژان و ناجێگیری دەروونی و ڕەشبینی دەبێت و هەست دەکات هەموو دەرگاکان بەڕوویدا کڵۆم دراون و پێیوایە کەسێکی بەدبەخت و چارەڕەش و ستەملێکراوە، لەوکاتەدا بیر لەوە دەکاتەوە خۆی لەو دۆزەخە ڕزگاربکات. هەندێک جار ئەم جۆرە کەسانە پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، پەلاماری کەسانی دەوروبەریان دەدەن و ئازاریان پێ دەگەیەنن. هەندێک جاریش ئازاری خۆیان دەدەن، بە خۆبریندارکردن، مانگرتن و خۆبرسیکردن، هەوڵدان بۆ خۆکوشتن بە هەر جۆرێک بێت.

هەروەها بینینی دیمەنی توندوتیژئامێز، جا چ ڕاستەوخۆ لە ژیانی واقیعی بێت یان لە ڕاگەیاندنەکان و فیلم و تەلەفیزیۆن و سایت و ماڵپەڕەئەلیکترۆنییەکان لە ئینتەرنێت، یەکێکە لە هۆکارەکانی توندوتیژی لەلای منداڵ و هەرزەکاران. هەرچەند سەیرکردنی دیمەنەتوندوتیژییەکان دووبارە ببنەوە، ئەو مرۆڤە هەستیاری کەمتر دەبێتەوە و ترسی لە دیمەنی ترسناک و توندوتیژ و بریندارکەر دەشکێ و شتەکە بەلایەوە ئاسایی دەبێت. تەنانەت ئەگەر ئەمە ببێتە خوو و کەسەکە بە سەیرکردنی ئەم دیمەنانە ئالوودەبێت، وایلێدێت هەستی سۆز و بەزەییش لەلای کال دەبێتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆکاری لاساییکردنەوەی دیمەنەکان. کاتێک هەرزەکارێک سەیری فیلمێک دەکات کە پڕە لە ڕووداوی ترسناک و توندوتیژ، سەرسام و کاریگەر دەبێت بە پاڵەوانی ناو فیلمەکە، دەیەوێ لە واقیعدا لاسایی دیمەنەکانی ناو فیلمەکە و ئازایەتی پاڵەوانەکە بکاتەوە. دەیەوێ هێزی جەستەی خۆی لەگەڵ کەسانی تر تاقی بکاتەوە.

وتاری نووسەران