هۆشیاری عەبدولعەزیز


لە بنەڕەتدا، پڕۆژەی نیشتەجێبوون وەک چەمکێکی تەلارسازی، ئەندازیاری و کۆمەڵایەتی، پرۆسەیەکە بۆ داڕشتن، پلاندانان و جێبەجێکردنی یەکە و کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکان بە ئامانجی دابینکردنی شوێنی  شایستە بۆ مرۆڤ. ئەم پرۆسەیە قۆناغی ئاڵۆزی وەک دیاریکردنی زەوی، وەرگرتنی مۆڵەت، ڕاماڵینی سروشت، خۆڵکاری، ڕاگرتنی کۆڵەکەکانی کۆنکریت و گۆڕینی فەزایەکی خاو بۆ ناوچەیەکی چڕی دانیشتووان لەخۆدەگرێت. بەڵام کۆمیدیاکە لە پرۆسەیەکی ئاوادا ئەوەیە لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسی کۆمەڵگایەکدا، ئەم چەمکە مرۆییە کاری پێبکرێ کە بەهۆی کۆمەڵێک وەبەرهێنەر و بازرگانی داماڵدراو لە هەموو بەهایەکی مرۆی و وەک کاڵایەکی بازرگانیی قازانجویست، فەزای گشتی و مافی هاووڵاتیبوون دەکەنە قوربانیی بەرژەوەندییە کەسی و حزبیەکان و هیچیتر .
لەکاتێکدا لە پشت دیمەنی بریقەداری سیتییە مۆدێرنەکان و تاوەرە بەرزەکانی نیشتەجێبوونەوە، ڕاستییەکی سیاسیی تاڵ خۆی حەشارداوە کە ئەویش بریتییە لە تێکدانی سیستماتیکی ژینگەی شار و ناوچە سەوزاییەکان. خاک، دارستان و باخە خورسکەکان، کە دەبوو وەک سییەکانی شار بۆ هەناسەدان خزمەت بکرێن، بەڵام ئەم تێکدانە ژینگەییە، ڕووداوێکی ڕێکەوت یان دەرئەنجامێکی ناچاریی گەشەکردنی دانیشتووان نییە، وەک ئەوەی دەوترێ بەڵکو بڕیارێکی سیاسیی بازرگانانەی ئابوریە کە تێیدا دەسەڵات بەرژەوەندیی دارایی و پۆپۆلیستیی خۆی دەخاتە سەرووی مافی ژیانی هاوڵاتیانەوە و دەیەوێ بەو ڕێگایە ڕەوایەتی بداتە ئەو  تاڵانکاریەی سروشت و ئەو گۆڕانکاریە مەترسیدارەی کە بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکاندا دەیهێنێ و بووەتە جینۆسایدێکی ژینگەیی و گەورەترین مەترسیش لەسەر ئایندەی ژیان و گیرفانی سەدان هەزار کەس کە دواجار بێ تێگەیشتن لە دۆخەکە دەبنە کرێچی وەبەرهێنەریک . 
بۆ تێگەیشتن لەم کارەساتە مەترسیدارە ژینگەییەش کە دەسەڵات لە ڕێگەی بەکارهێنانی هەژموونی یاسایی و دەسەڵاتی خۆیەوە، موڵکی گشتی و ناوچە پارێزراوە ژینگەییەکان داگیر دەکات و لەژێر ناوی وەبەرهێناندا دەیانبەخشێتە کۆمپانیا سێبەرەکانی خۆی یان بازرگانە دڵسۆزەکانی هێلانەی دەسەڵات. دەبێ بزانین و درک بەو ڕاستیە بکەین کە ئەم پڕۆژانە بەرلەوەی لەپێناو بەرژەوەندی گشتی بێت بۆخۆیان ئامرازێکن بۆ سپیکردنەوەی پارە و کەڵەکەکردنی سەرمایەی خێرا لەسەر حیسابی وێرانکردنی ژێرخانی سروشتی و ڕاستەوخۆش کاریگەری و ڕەنگدانەوەوی لەسەر جەستە و تەندروستیی هاووڵاتیان هەیە و سەدان جۆر نەخۆشی و ڤایرۆسی کۆئەندامی هەناسە سەرهەڵدەدات، چونکە بەپێی ستاندارە جیهانیەکان سڕینەوەی هەر ناوچەیەکی سەوزایی سروشتی بۆخۆی دەبێتە هۆکاری تێکچونی هاوسەنگی ژینگەی و سروشتی دەوروبەری شارەکانی دەگۆڕێ بۆ ناوچەیەکی گەرم و وادەکات پلەکانی گەرمی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز ببنەوە و ڕێژەی ئۆکسجین کەم بکات. هاوکات، داپۆشینی زەوی بە کۆنکریت ڕێگا لە مژینی ئاوی باران دەگرێت و بە بچووکترین باران لافاو لە شەقامەکاندا دروست دەبێت، و ئاوی ژێرزەویش کە سەرچاوەی ستراتیژیی ژیانە بەرەو وشکبوون دەچێت. بۆیە بەتێڕوانینی شارەزایانی ئەم بوارە ئەمە جۆرێکە لە ستەمکاریی ژینگەی و مەترسی لەسەر داهاتووی کۆمەڵگە دەبێ و دەکرێ ببێتە هۆی مەترسی کوشندە بۆ ئایندەی شار. 
کێشەی تێکدانی ژینگەی شار کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو کێشەیەکی سیاسی بازرگانییە و دەرکەوتەی ڕوونی ستەمکاریی ئابوورییە کە تێیدا فەزای گشتی لە هاووڵاتی دەسەندرێتەوە و دەکرێتە موڵکی تایبەت لە پێناو قازانج و بەرژەوەندی نوخبەیەکی دەسەڵاتداری بازرگان کە جگە لە خۆیان هیچ جۆرە تێڕوانینێکی بابەتیانەیان نیە بۆ ئایندەی سیستەمی حوکمڕانی و تەنها کار لەسەر پاراستنی  پەیوەندیی نایاسایی نێوان وەبەرهێنەر و یاساکانی وەبەرهێنان دەکەن تا ئاستی قۆرخکاری و ئیحتیکارێکی بێوێنە، ئەم گرووپە خشۆک و تەماحبازە، کە کوردستانیان کردۆتە ماڵی خۆیان و بە واژۆی سەڵاحیەتی بەرپرسان لەناو جەستەی حکومەتدا، ڕێکارە ئیدارییەکان دەبڕن و بوونەتە سەرەڕمی ئەم جۆرە مافیایە، لە کاتێکدا کۆمەڵێک فێڵی یاسایی بۆ بەرژەوەندیی چەند کەسێکی موفتخۆر و دەڵاڵ دەرگای بۆ خراوەتە سەرپشت. ئەم تاقمە، بە کەیفی خۆیان یاری بە موڵکی گشتی و ژیانی خەڵک دەکەن و هەرچۆنیان بوێت ئاوا جۆر و ڕەگەزی یاسای زەوییەکان بە یاسای ساختە دەگۆڕن بۆ نیشتەجێبوونی بازرگانی، و بە دەستکاریکردنی ماستەرپلانەکان، تەنانەت بنکەی تەندروستی، قوتابخانە و باخچەی ناو سیتییەکانیش دەکەن بە بەنزینخانە و پەیمانگای ئەهلی. مۆڵەتی پڕۆژەی تەواونەکراو دەفرۆشنەوە و ڕەگەزی زەوی لە کشتوکاڵی و گەشتیارییەوە بۆ تەلاری بازرگانی و پڕۆژەی سەیر سەیر دەگۆڕن.
لە چوارچێوەی ئەم مۆدێلە تاڵانکاری و قۆرخکارییەدا ئەحزابی دەسەڵاتداری هەرێم  گەیشتووتە قۆناغێکی مەترسیداری وا کە ئامادەن خاک، ژینگە، دارستان، شاخەکان، خاکی شارەکان، ئاوی ژێرزەوی و تەنانەت مافی هەناسەدان و داهاتووی کۆمەڵگەش بفرۆشن، تەنها لە پێناو پاراستنی سەرمایەی بنەماڵەیی خۆیان و بەهێزکردنی بەرژەوەندییە داراییە کەڵەکە بووەکان و هێشتنەوەی بازاڕی قۆرخکراو و کۆنتڕۆڵکراوی خۆیان، بە بێ ئەوەی یەک چرکە بیر لەوە بکەنەوە یان خەمی ئەوەیان هەبێت کە دوای نەمانی ئەوان، ئەم شار و ناوچانە دەبنە بیابانێکی کۆنکرێتیی گەرم و خنکاوی وا کە مرۆڤبوون و ژیانی تەندروست تێیدا بۆ هەمیشە دەبێتە مەحاڵ.

وتاری نووسەران