
بەمەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکان و خستنەڕووی دۆخی هەستیاری ناوچەکە، بڕیارە شاندێکی سیاسیی باڵای ڕۆژئاوای کوردستان سەردانی ناوەندی بڕیاری یەکێتیی ئەوروپا بکات و لە شاری برۆکسل بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی گرنگ و ئاستبەرزدا بکات.
شاندە سیاسییەکەی ڕۆژئاوای کوردستان پێکهاتووە لە هەریەک لە (ئیلهام ئەحمەد)
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر
و (رۆهلات عەفرین) فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان( یەپەژە). بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا ئەم شاندە لە ناو بارەگای پەرلەمانی ئەوروپا لە پایتەختی بەلجیکا ئامادەبن و لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵا و پەرلەمانتارانی ئەوروپی کۆببنەوە.
ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوە ئاستبەرزە، گفتوگۆکردن و تیشکخستنە سەر دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکانی پەیوەست بە قەیرانی سووریا بەگشتی و ڕەوشی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕۆژئاوای کوردستانە بەتایبەتی. شاندەکە دیدگا و هەڵوێستی پێکهاتەکانی ناوچەکە لەبارەی چارەسەری سیاسیی قەیرانی سووریا دەخاتە بەردەم ناوەندە ئەوروپییەکان.
هاوکات، پرسی قەیرانی مرۆیی یەکێکی دیکە دەبێت لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، تێیدا دۆخی ژیانی هاووڵاتیان، ئاڵەنگارییە ئابوورییەکان، کێشەی ئاوارە و پەنابەران و ئەو مەترسییە ئەمنییانەی هێشتا هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە، بەوردی تاوتوێ دەکرێن.
پێشبینی دەکرێت لە ڕێگەی ئەم جۆرە کۆبوونەوانەوە، شاندەکەی ڕۆژئاوای کوردستان هەوڵبدات پاڵپشتیی زیاتری سیاسی و مرۆیی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت یەکێتیی ئەوروپا بۆ ناوچەکە بەدەست بهێنێت، بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە چارەسەرییەکی گشتگیر و هەمیشەیی بۆ دۆخی ئاڵۆزی سووریا.