ڕێواس ئەحمەد بانیخێڵانی 


شاڵاوی ئەنفال یەکێکە لە گەورەترین تاوانەکانی جینۆساید لە مێژووی نوێدا کە لە لایەن ڕژێمی بەعسی عێراق  ئەنجامدرا. ئامانج ئەم شاڵاوەکە پاکتاوی ڕەگەزی و لەناوبردنی گەلی  کورد بوو، کاریگەرییەکی زۆر قووڵ و وێرانکەری لەسەر کۆمەڵگەی کوردی بەگشتی و ژنان ومنداڵان بەتایبەتی جێهێشت. . ئەم جینوسیادە بەپاکتاوکردنی ڕەگەزی نێر لە تەمەنی ١٥ تا هەفتا ساڵی دادەنریت. 
ئەم جیاکردنەوە ڕەگەزییە لە کەمپەکانی کۆکردنەوەدا بە ڕوونی دەبینرا، وەک کەمپی "تۆپزاوا" لە نزیک کەرکووک، کە تێیدا پیاوان و کوڕانی گەنج لە ژنان و منداڵان جیا دەکرانەوە و دواتر بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکان  ڕاپێچدەکران.

هەرچەندە پیاوان ئامانجی سەرەکی  ئەم شاڵاوە بوون، ، بەڵام ژنان و منداڵانیش بە شێوازی جیاوازتر بوونە قوربانی. لە هەندێک ناوچەی وەک باشووری گەرمیان، ژنان و منداڵانیش بە کۆمەڵ گولـلەباران کران. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە کوژرانی نزیکەی ٢,٠٠٠ ژن و منداڵ لە چیای حەمرین دەکەن. زۆربەی ژنانی دیکە لە  زیندان و کەمپەکاندا بەهۆی برسیەتی، سەرما، نەخۆشی و مامەڵەی نامرۆڤانەوە گیانیان لەدەست دا. 
لێکەوتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان
لەدەستدانی پیاوان لە کۆمەڵگەیەکی گوندنشێنی  وەک کوردستانی ئەو سەردەمەدا کە پیاو سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی بژێوی خێزان بوو، ژنانی خستە ناو قەیرانێکی گەورەی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە. هەزاران ژن بەبێ هاوسەر مانەوە و ناچار بوون بە تەنیا بەرپرسیارێتی بەخێوکردنی منداڵەکانیان لە ئەستۆ بگرن لە کاتێکدا ماڵ و گوندەکانیان لە پێشچاوی خۆیانخاپوور کرابوون و هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نەبوو. بەتایبەتی ئەو خێزانانەی لە ئۆردگا زۆرەمیلێکاندا جێنشێن کران، بێ ئەوەی هیچ داهاتێکی ژیانیان بۆ دابین بکرێت. زۆرێک لەم خێزانانە کەوتنە ناو هەژاریی قورس. ڕاپۆرتی Human Rights Watch (٢٠١٨) دەریخستووە کە نزیکەی ٧٠٪ی خێزانە سەرپەرشتیکراوەکانی ژنانی ئەنفال لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، بە بەراورد بە ٣٥٪ی کۆمەڵگەی گشتی.
ئەم دۆخە بووە هۆی ئەوەی ژنان ڕووبەڕووی هەژارییەکی سەخت ببنەوە. جگە لەوەش، نەبوونی هاوسەر و پیاو لە خێزاندا لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ژنانی خستە ژێر پەراوێزخستن و هەندێک جار تێڕوانینی نەرێنی کۆمەڵگەوە. سەرەڕای ئەم هەموو ئاستەنگانە، ژنانی ئەنفال توانیان بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بەرگە بگرن و وەک سیمبولی خۆڕاگری و هێز لە مێژووی کورددا بمێننەوە 
هەروا ئەنفال  بووە هۆی دروستبوونی فۆرمێکی نوێی خێزان. هەموو ئەم خێزانانە لە دایک و کچ و منداڵی کوری خوار تەمەن پانزە ساڵ پێکهاتبوون. ئەمەش کاریگەری کۆمەڵایەتی ـ ئابووری و تەندروستی لەسەر کەسایەتی هەر تاکێکی ئەو خێزانانە جێهێشت.


لێکەوتە دەروونی و تەندروستییەکان
لێکەوتە دەروونی و تەندروستییەکان ئەم شاڵاوە کاریگەرییەکی درێژخایەنی هەبووە لەسەر ژنان و منداڵانی ڕزگاربوو. تەنیا جیاکردنەوەی ژنان و منداڵانی خوار تەمەنە پانزە ساڵ لە برا و باوکەکان ڕاپێجکردنیان بەرەو داهاتوویەکی نادیار تراومایەکی قوڵی لە دەروونی ڕزگاربوواندا دروست کرد. زۆر لەو خێزانانە لە زیندانی نوگرە سەلمان دانران. ڕووبەڕووی مامەڵەکردنێکی نامرۆییانە بوونەوە، زۆر لە منداڵان لەبەر بەدخۆراکی لە پێشچاو خێزانەکانیان دواهەناسەیان دەدا. ئەمە جگە لەدەستدرێژی سیکسی و ئەشکەنجەدانی کجە گەنجەکان. ئەمانە هەمووی لەگەڵ خەمی لەدەستدانی کوڕ و براو و باوک هاوسەرەکانیان خەمێکی قورسی لەبن نەهاتوو بوو  .
بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، Amnesty International، Human Rights Watch، و توێژینەوە دەروونناسییەکانی ناوچەی کوردستان، ئەوە دەردەخات کە تەنیا لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤–٢٠٢٣دا، زیاتر لە ٦٧٪ی ژنانی ڕزگاربووی ئەنفال نیشانەکانی نەخۆشیی پەشۆکاوی دوای ڕووداوی ترسناک (PTSD)یان تێدا دەستنیشان کراوە، و نزیکەی ٣٠٪ی منداڵانی ئەو سەردەمە (کە ئێستا پێگەیشتوون) هێشتا لە کێشەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و بێباوەڕی بە دەسەڵاتدا دەناڵێنن. 
لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی ٢٠١٩ لە زانکۆی سلێمانی ئەنجامدراوە، لەسەر نموونەیەکی ٢٠٠ ژنی ڕزگاربووی ئەنفال (تەمەن ٤٠–٧٠ ساڵ)، دەرکەوتووە کە:
•    ٦٧.٥٪ نیشانەکانی PTSDیان هەیە (وەک خەونی ترسناک، فلاشباک، هەستی ترسی بێهۆشکەر).
•    ٤١٪ تووشی نەخۆشیی دڵەڕاوکێی گشتی (GAD) بوون.
•    ٣٣٪ تووشی پەشۆکاوی کلینیکی (Major Depressive Disorder) بوون.
ئەم ڕێژەیە بەرچاو لە پێوەرە جیهانییەکان (بەراورد بە ٧–١٠٪ PTSD لە کۆمەڵگەی ئاسایی) زۆر بەرزترە، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئەنفال دەردەخات. ژنان باس لەوە دەکەن کە «هێشتا بۆنی خوێن و دەنگی تەقەیان لەبیر نەچووە»، و زۆرێکیان هەتا ئەمڕۆش  لە چاوەڕوانی هاتنەوەی کەسوکاریاندا شەودەکەنەوە.
منداڵانی ڕزگاربوو لەم هەموو نەهامەتییە بێبەش نەبوون، جگە لەوەی لە شوێن و گوند و شارۆچکەکان ڕاگوێزران بۆ کەمپ و ئۆردگاکان کە هیچ پێداویستیەکی تەندروستی و پەروەردەیی تێدانەبوو ، بێبەشبوون لە ڕۆڵی پەروەردەیی باوک، لە خوێندن و ژیانێکی ئاسایی منداڵێتی. زۆریان ناچاربوون دەست بەکاری هەمەجۆرە بکەن بۆ دابینکردنی ژیانی خێزانەکانیان. 
منداڵانی ئەو سەردەمە (تەمەن ٥–١٥ ساڵ لە کاتی ئەنفالدا) ئێستا لە تەمەنی ٣٥–٤٥ ساڵیدان. توێژینەوەیەکی تر لە زانکۆی دهۆک (٢٠٢٢) نیشانی دا کە:
•    ٢٩.٤٪یان لە منداڵیدا تووشی بێخەوی و کابوس بوون.
•    ٣٥٪یان پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی ئاستەنگداریان هەیە (بەتایبەت متمانە بە کەسانی دەرەوەی خێزان).
•    ٢٢٪یان لە قۆناغی ژیانیدا تووشی نەخۆشییە دەروونییە درێژخایەنەکان بوون.
هەروەها، لە بەڵگەنامەکانی Amnesty Internationalدا (١٩٩٥، ٢٠١٤) تۆمار کراوە کە سەربازانی عێراق منداڵانیان لەبەردەم دایکیاندا دەکوشت، یان بە چاوی خۆیان دایک و باوکیان دەبینین دەمرن. ئەم جۆرە ڕووداوانە لە توێژینەوەی دەروونناسیدا بە «تروومای نەوەیی» (Transgenerational Trauma) ناسراوە – واتە ئەو ئازارە دەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو.

ئەنفال تەنیا تاوانێکی مێژوویی نییە، بەڵکو برینیێکی کراوەیە لەسەر گیان و دەروونی ژن و منداڵانی کورد. تا ئەو کاتەی دادپەروەری ڕاستەقینە جێبەجێ نەکرێت و پشتیوانیی دەروونی بەردەوام بۆ ڕزگاربووان نەبێت، ئێمە ناتوانین بڵێین بەسەر ئەنفالدا زاڵ بووین. ژیانی هەر منداڵێک کە باوکی لە ئەنفالدا ون بووە، و هەر ژنێک کە خەونەکانی ژیانی لەدەستداوە ڕۆمانێکی نەنووسرای کارەساتێکی مرۆیی گەورەن.

وتاری نووسەران