سەدیق سەعید ڕواندزی

پیرەمێردی نەمر دەڵێت:_( ئەوەی حیسابی پاكە، لە محاسەبە بێ باكە) ئەم ئیدیەمە كۆمەڵایەتی و زمانەوانییە بۆ هەموو كەسێك و بۆ هەموو سەردەمێكیش دەبێت، بەو مانایەی مرۆڤ كاتێ داوێنی، دەستی، زمانی پاك دەبێت، ئیدی لە لێپرسینەوە و خەوشی كەسی وكۆمەڵایەتی بە دوور دەبێت و هەمیشە  بە سەربەرزی لە نێوان كۆمەڵگەكەی و خێزان و نیشتمانەكەی دەمێنێتەوە. ئەم جۆرە مرۆڤانە وەك مەسیح وتەنی، هەموو شتێك نابەنەوە و خۆیان بدۆڕێنن، بەڵكو هەموو شتێك دەدۆڕێنن تاكو خۆیان ببەنەوە كە هەر ئەمەشە مرۆڤەكان بە ناوی زیندوو، مێژووی پاك و درەوشاوە، لە دوو توێی لاپەڕەكانی مێژوو دەهیڵێتەوە. لەوسەردەمەدا، ئەم جۆرە مرۆڤانە بە تایبەتیش لە كۆمەڵگەی بە ماددی بووی ئێمە دەگمەنن، چونكە كولتووری كۆمەڵایەتی زۆرینە، ڕێگە بە هەموو شتێك دەدات ! ئەوە نییە كامە بەرپرسی گەندەڵە لە هەمووان زیاتر لە سەر شاشەیە و قسە دەكات؟ كامە بەرپرسی گەندەڵە پۆستی زیاتر بەدەست دێنێت؟ لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، كچە بێژەرێك پرسیارێكی لە بارەی شەڕی ئێران لە تڕەمپ كرد، تڕەمپ وەك هەر ڕەفتارێكی دیكەی گەمژانەی خۆی، بەر لەوەی وەڵامی پرسیارەكەی بداتەوە پێی گوت:_( بە بیرتە لە قاتی سێیەمی ڤێلایەك نانمان بەیەكەوە خوارد، ئێستا زۆر جوانتری، لەوە زیاتر ناتوانم بڵێم چونكە ژیانی سیاسیم دەكەوێتە مەترسییەوە) بێژەرەكەش ناچاربوو، بە تەریقبوونەوە سەری دابخات و بزەیەكی تاڵ بكات، چونكە ڕوونە قسەكەی تڕەمپ چی تێدایە و باسی چی دەكات ! ژنبوون، بەرپرسیاریەتییەكی كەسی، ئەخڵاقی و مرۆیی گەورەیە و بە هەموو ژنێك هەڵناگیرێت. ئەمە بەو مانایە نییە كە ئێمە بڕوامان وابێت با ژنان  لەسەر چەمكی شەڕەف، پەیوەندی ڕۆمانسی و عاشقایەتی و خواستی شووكردنی خۆیان بە دڵخوازی خۆیان  بكوژرێن، بەڵكو بەو مانایەی كە مرۆڤ خاوەنی كەسیەتی خۆی بوو، كە پەرێزی لە هەموو شتێكەوە پاك بوو، سەری بڵندە و هەمیشە بەو سەر بڵندییەش دەمێنێتەوە و كەس ناتوانێ پێی بڵێت لە پشتی چاوت دوو برۆیە. دنیای سەرمایەداریی، مرۆڤ وەك كاڵا دەبینێت، بە تایبەتیش ژن لە كار و سێكسدا كورت دەكاتەوە، بۆیە كاتێ تۆ جەستەی خۆت، كە موڵكی خۆتە دەدەیتە دەست پیاوێك كە زەنگین و قۆزە با سەرۆكی وڵاتیش بێت، دەبێ بزانی ڕۆژگارێك دێت ئەوەت بە چاو دادەرێتەوە.  بێگومان ئەم هاوكێشەیە پیاوانیش دەگرێتەوە، كاتێ دەست و زمان و كاریان پاكە، ئیدی لە محاسەبە بێ باكن. ڕاستە لەو سەردەمەدا، مرۆڤەكان بە ئەستەم خۆیان لە بەردەم پارە و پۆست و سێكس و سەنگەر و سیاسەت ڕادەگرن، بەڵام نابێ ئەوەمان بیر بچێت، كە نەمری هەمیشە بۆ ئەوانەیە كە دەتوانن تا كۆتایی ژیانیان  بە پاكی و دڵسۆزیی و سەری بڵند بمێننەوە ! ئەوە گرنگە خۆت ببەیتەوە و دنیا بدۆڕێنی، نەك دنیا بەریتەوە  خۆت بدۆڕێنی چونكە ئەوكات وەك حەزرەتی عیسا سەلامی خوای لێ بێت دەڵێت:_( چی بە كەڵكی مرۆڤ دێت گەر هەموو دنیا بەرێتەوە، بەڵام خۆی بدۆڕێنێت).

 

وتاری نووسەران