​بروسکەی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان بەبۆنەی یادی ١٨ی شوبات ڕۆژی پێشمەرگەی شیوعی
​بۆ/ سەرجەم هاوڕێیان و پێشمەرگە دێرینەکانی شیوعی
بۆ/ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان
​بەم بۆنە شکۆدارەوە، یادی ١٨ی شوبات، ڕۆژی پێشمەرگەی شیوعی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی یەکە بە یەکەی پێشمەرگە دێرینەکان لە کوڕان و کچانی ئازای حزب، لە کورد و عەرەب و کلدوئاشوور و تورکمان و کاکەیی و ئێزیدی و ئەرمەن و مەندائی دەکەین.
شەست و سێ ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ١٨-٢- ١٩٦٣، لە گوندی کەڵکەسماق، یەکەمین بنکەی پێشمەرگەی شیوعی لە شاخ دامەزرا و بووە پشتیوان بۆ هاوڕێییانی ناو شارەکان کە لە سەرانسەری عێراق و کوردستان، لە یەکەم ڕۆژی کودەتای شومی ٨ ی شوباتی ئەم ساڵە دەستیان دایە چەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی کودەتاچییەکان. 
ئەو هەنگاوە تەنها کاردانەوەیەکی سەربازی نەبوو، بەڵکوو قۆناغێکی نوێ بوو لە مێژوویەکی درێژی پڕ لە شانازی و پڕاوپڕ لە قوربانیدانی شیوعییەکان بۆ داکۆکیکردن لە شکۆی مرۆڤ، دیموکراسی بۆ عێراق و مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ گەلی کوردستان و هێنانەدی نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار.
​لەم یادەدا جەخت دەکەینەوە سەر ​وەفاداریمان بۆ خوێنی ئاڵی شەهیدە نەمرەکانمان کە لە سەنگەرەکانی بەرگری لە حزب لە زۆنگاوەکانی باشووری عێراق هەتا دەگاتە شاخە سەرکەشەکانی کوردستان گیانی خۆیان فیدا کرد.

پێشمەرگەی شیوعی هەمیشە سیمبولی تێکەڵکردنی خەباتی نیشتمانی و چینایەتی بووە، ئێستاش لەم یادەدا پەیمانی وەفاداری بۆ ڕێبازەکەیان نوێ دەکەینەوە و بە گیانی پێشمەرگانەی ئەوان درێژە بە تێکۆشان دەدەین.
​پێویستە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاوڕی جدی لە ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە دێرینەکان بدەنەوە، وەک وەفایەک بۆ ئەو مێژووە پڕ لە قوربانییەی تۆماریان کردووە.
​سڵاو بۆ پێشمەرگە دێرینەکان، پارێزەرانی ڕاستەقینەی  حزب و کەرامەتی گەل، ئەوانەی لە ژیان ماون سڵاو و ڕێزیان بۆ دەنێرین.
سەری ڕێز بۆ شەهیدان و بنەماڵەکانیان دادەنوێنین
سڵاوی پڕ ڕێز و هەستکردن بە ئازارەکانییان  بۆ پێشمەرگەکانی کەمئەندامی سەنگەر دەنێرین
نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی حزب و گەل.
​مەکتەبی سیاسی
حزبی شیوعی کوردستان
١٨ی شوباتی ٢٠٢٦

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا