
د. ڕەفیق سابیر، نووسەر، شاعیر و لێکۆڵەر و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە (28ـی شوباتی 2026)لە نەخۆشخانەیەکی سوید کۆچی دوایی کرد.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بەو هۆیەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکار و هاوڕێیانی نووسەری کۆچکردوو و سەرجەم نووسەر و ڕۆشنبیرانی کورد دەکات.
د. ڕەفیق سابیر بە هۆنراوە و نووسین و لێکۆڵینەوە زانستییەکانی خزمەتێکی گەورەی بوارەکانی ئەدەب و ڕۆشنبیری کوردی کردووە و لەدەستدانی خەسارێکی گەورەیە بۆ کایەی ڕۆشبیری کوردی.
ژیاننامە دکتۆر رەفیق سابیر قادر
- لە ساڵی 1950 لە شارۆچکەی قەڵادزێ لە دایکبووە.
- لە ساڵی1970- 1974 لە زانکۆی بەغدا، کۆلێجی ئەدەبیات، بەشی زمان و ئەدەبی کوردی، خوێندوویەتی.
- لە هاوینی ساڵی 1972 تا ئەیلوولی 1978 وەک رۆژنامەنووس، لە رۆژنامەی بیری نوێ، لە بەغدا، کاری کردووە.
- لە ساڵی 1976 یەکەمین کۆمەڵەهۆنراوەی بەناوی (پشکۆکان دەگەشینەوە) لە بەغدا بڵاو بۆتەوە.
- لە سەرەتای ساڵی 1981 لە شاخ لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەر یەکێتی نووسەرانی کوردستانیان دادەمەزراندووە، هەروا گۆڤاری (نووسەی کوردستان) یان دەرکردووە.
- لە هاوینی ساڵی 1982 دوای سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆی نێوان لایەنە کوردییەکان، کوردستانی بەجێ هێشتووە و چۆتەوە بۆ بولگارستان. لەوێ لە ئەکادێمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بەشی فەلسەفە، درێژەی بە خوێندن داوە.
- لە هاوینی ساڵی 1987 بڕوانامەی دکتۆرای لە فەلسەفە وەرگرتووە. دکتۆرنامەکەی بە ناوی (رۆڵی کولتوور لە پێکهێنانی هۆشیاریی نەتەوەیی کورد) نووسیوە.
- لە ناوەڕاستی ساڵی 1989 وەک پەنابەر لە وڵاتی سوێد نیشتەجێ بووە.
- لە بەهاری ساڵی 1991تا سەرەتای ساڵی 2001 بەشداریکردووە لە دەرکردنی گۆڤاری ڕابوون لە سوید.
- لە ساڵی 2006 لە سلێمانی سەرۆکی مەڵبەندی کوردۆلۆجی بووە.
- لە ساڵی 2001 خەڵاتی ئەدەبیی (کلاس دی ڤیلدێ)ی سوێدی پێ بەخشرا.ئەو خەڵاتە ئەدەبییە دوو ساڵ جارێک بە نووسەرێکی بیانی دەدرێت، کە بەرهەمەکانی بە سوێدی بڵاو کرابنەوە.
- لە ساڵی 2007 خەڵاتی ئەدەبیی (بلە - ئیبراهیم ئەحمەد)ی لە سلێمانی پێ بەخشراوە.
- لە ساڵی 2009-2010 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە.
بەرهەمەکانی رەفیق سابیر
هۆنراوە:
-پشکۆکان دەگەشینەوە، بەغداد 1976
-رێژنە، مهاباد 1979
-سووتان لەبەر باراندا، لەندەن 1985
-وەرزی سەهۆڵبەندان، لەندەن 1987
-لاوکی هەڵەبجە، بەیروت 1989
-کاروانسەرا، سوێد 1990
-وەرزەبەردینە، ئەڵمانیا 1992
-دیوانی رەفیق سابیر، بەرگی یەکەم، سوێد 1993
-ئاوێنە و سێبەر، سوێد 1996
- ژوانی رووناکی، سوێد 1997
-روونبوونەوە، سوێد 2001
-بە تەنیا جێی مەهێڵن (سەرجەمی شیعرەکان) چاپ و بڵاوکردنەوەی رەنج، سلێمانی 2007
-راز و گومان (سەرجەمی شیعرەکان) چاپ و بڵاوکردنەوەی رەنج، سلێمانی 2007
-دیوانی رەفیق سابیر بەرگی یەکەم و دووەم، پەخشخانەی غەزەلنووس، سلێمانی 2014
- کۆی بەرهەمە شێعرییەکان، پەخشخانەی مانگ، بانە 2017
- ئەویننامە، پەخشخانەی مانگ، بانە 2017
زۆربەی کۆمەڵەهۆنراوەکانی چوار تا شەش جار چاپ کراونەوە.
لێکۆڵینەوە
-بەرەو مێژوو، سوێد 1991
-ئیمپراتۆریای لم، سوێد 1998
-کولتوور و ناسیۆنالیزم، سوێد 2002
- عێراق بەدیموکراتیکردن یان هەڵوەشاندنەوە، سلێمانی 2005
-بەستانداردکردنی زمانی کوردی، سلێمانی 2008
- روانین لە بولێڵدا (وتووێژ)، پەخشخانەی مانگ، 201
بە زمانی ئینگلیزی:
شیعری مۆدێرنی کوردی و ئەنتۆلۆگیای شیعری کوردی زانکۆی ئوپسالا 2005.