
ڕێگای کوردستان
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 و داڕشتنەوەی سیستەمی سیاسیی عێراق لەسەر بنەمای تەوافوق و دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان عورفی سیاسی، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق وەک پشکی نەتەوەیی بەر کورد کەوتووە. سەرەتا ئەم پۆستە وەک هێمایەک بۆ سەنگی کورد لە بەغدا سەیر دەکرا، بەڵام لە چەند خولی ڕابردووی هەڵبژاردنەکاندا، ئەم پۆستە گۆڕاوە بۆ گۆڕەپانی ململانێیەکی توندی ناوخۆیی لە نێوان هەردوو هێزە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان (پارتی و یەکێتی)، کە ئەمەش کاریگەریی قووڵی لەسەر پێگەی کورد و دۆخی عێراق جێهێشتووە.
بەپێی ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەکێتی لە ڕابردوودا، پۆستی سەرۆکی هەرێم بۆ پارتی و سەرۆک کۆماری عێراق بۆ یەکێتی بوو، لە سەردەمی مام جەلال، ئەم پۆستە جێگەی کۆدەنگی بوو، بەڵام لەدوای ساڵی 2018ـەوە، پارتی بە پشتبەستن بەوەی کە زۆرترین کورسیی پەرلەمانی هەیە، داوای پۆستەکەی کرد یان لانیکەم داوای دەکرد کاندیدەکە بە کۆدەنگیی هەردوو لا دیاری بکرێت، ئەمەش وایکرد لە هەڵبژاردنەکانی 2018 و 2022 کورد بە دوو کاندیدی جیاوازەوە بچێتە بەغدا.
ململانێی کورد لەسەر ئەم پۆستە تەنیا لە چوارچێوەی کێبڕکێی حیزبیدا نەماوەتەوە، بەڵکو کاریگەریی گەورەی لە چەندین ئاستدا دروست کردووە، لەوانە:
گەورەترین کاریگەریی ئەم ململانێیە، تێکدانی یەکڕیزیی ماڵی کورد بووە، کاتێک پارتی و یەکێتی ناتوانن لەناو هەرێمی کوردستان لەسەر کاندیدێک ڕێکبکەون، لێکترازانی سیاسی دروست دەبێت، کە ئەمەش متمانەی هاووڵاتیان بە هێزە کوردییەکان و دامەزراوەکانی هەرێم لاواز دەکات.
چوونە بەغدا بە پەرتەوازەیی و بە دوو کاندیدەوە، وایکردووە کورد هێزی دانوستاندن لەدەست بدات، لایەنە عێراقییەکانی دیکە (شیعە و سوننە) ئەم ململانێیەیان قۆستووەتەوە بۆ لاوازکردنی مەرجەکانی کورد، چونکە لەبری ئەوەی کورد مەرج بۆ پێکهێنانی حکومەت دابنێت وەک جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، بودجە و مووچە، کێشەی نەوت و غاز، هێزە کوردییەکان سازش بۆ لایەنە عێراقییەکان دەکەن تەنیا بۆ ئەوەی دەنگ بۆ کاندیدەکەیان بەدەست بهێنن.
بەپێی دەستووری عێراق، دەبێت پەرلەمان سەرەتا سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت، پاشان سەرۆک کۆمار گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، ململانێی کورد لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، چەندین جار بووەتە هۆی پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان و دواکەوتنی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، کە ئەمەش عێراقی خستووەتە ناو بۆشاییەکی دەستووری و سیاسییەوە.
ئەو گرژییەی لە بەغدا لەسەر ئەم پۆستە دروست دەبێت، ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان، زۆرجار ئەم کێشەیە بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی زیاتر لە نێوان پارتی و یەکێتی و سەرهەڵدانی شەڕی میدیایی و زەمینە سازکردن بۆ ئەگەری نەخوازراو.