هەزاران کرێکار و کاسبکار بێکار دەبن و حکومەتیش بێباکە

ساڵانە لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان،  بەبێ هیچ پاساوێک ئاگر لە نرخی بازاڕەکان بەردەدرێت و حکومەتیش لەبری کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگریکردن لە تەشەنە کردنی ئاگرەکە دەبێتە تەماشاکەر.
لە ئێستادا نرخی گۆشت، مریشک، سەوزە، میوە و پێداویستییە سەرەکییەکانیان تا ئاستێکی پێوانەیی برزبوونەتەوە. 
بازرگانان ئەم مانگە  وەک وەرزێکی ڕاوکردن دەبینن بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان لەسەر حسابی سفرەی بەتاڵی خەڵک، حکومەتیش وەک ئاماژەمان پێکرد ڕۆڵی تەماشاکەر دەبینێت و هیچ کۆنتڕۆڵێکی بەسەر بازاڕ و نرخەکاندا نەماوە.
دیوە شاراوە و ئازاربەخشەکەی تر، بڕینی نانی هەزاران کرێکار و کاسبکارە، لەم مانگەدا، بەهۆی گۆڕانی کاتی کارکردن و داخستنی شوێنەکان بە ڕۆژ
بەشی هەرە زۆری کرێکارانی چێشتخانە و کەبابخانەکان، خواردنگە خێراکان، چایخانە و کافتریاکان، شیرینی و ساردەمەنییەکان، تەنانەت کرێکارانی بیناسازی و کرێکارە ڕۆژانەکانیش، ڕووبەڕووی بێکاری دەبنەوە.
ئەم توێژە فراوانە، بژێوییان لەسەر دەستی ڕۆژانەیەو ڕۆژێک کار نەکەن کاریگەری لە سەر ژیان و گوزەرانی خێزانەکانیان دەبێت، کەچی دەبێت مانگێکی تەواو لە ماڵەوە دابنیشن بەبێ ئەوەی هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان هەبێت.
کارەساتەکە ئەوەیە حکومەت نە ڕێگری لە گرانبوونی بازاڕ دەکات، نە هیچ پلان و هاوکارییەکی بۆ ئەو هەزاران کرێکارە هەیە کە لەم مانگەدا بێکار دەبن، ئایا ڕەوایە لە؟ مانگەدا، خێزانی کرێکارێک بە گیرفانی بەتاڵەوە سەیری بازاڕێک بکات کە بازرگانەکان ئاگریان تێبەرداوە.
پێویستە سنورێک بۆ ئەم بێباکییە دابنرێت؛ بازاڕ کۆنتڕۆڵ بکرێت و ئاوڕی جددی لە ژیانی ئەو کرێکار و کاسبکارانە بدرێتەوە کە نانیان لەم مانگەدا دەبڕدرێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا