
بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی ١٨ی شوبات، ڕۆژی پێشمەرگەی شیوعی، ئەمڕۆ چوارشەممە هاوڕێ ئەبوکاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، بە بەشداری هاوڕێیان هیوا عومەر جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی، شنۆ عبدالمجید ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، نەجمەدین حەمەسەعید ئەندامی دەستەی کۆمەڵەی زیندانیانی سیاسی، سەردانی بارەگای کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی عێراقی لە شاری هەولێر کرد.
لەلایەن هاوڕێ ئەبو ئەکەد سکرتێری لێژنەی تەنفیزی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی عێراق و ئەندامانی کۆمەڵە پێشوازییان لێکرا.
لەمیانی سەردانەکەیدا، هاوڕێ ئەبوکاروان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی پێشمەرگە دێرینەکان کرد و ئاماژەی بە ڕۆڵی مێژوویی و قوربانییەکانی پێشمەرگەی شیوعی کرد لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و عێراق و بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت کرد و جەختی لەوە کردەوە کە مێژووی ئەم هێزە پڕە لە سەروەری و داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی چەوساوەکان.
جێی وەبێرهێنانەوەیە، ڕۆژی ١٨ی شوبات وەک ڕۆژی پێشمەرگەی شیوعی دیاریکراوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٣. لەو ڕێکەوتەدا و لە گوندی کەڵکەسماق، یەکەمین بنکەی هێزی پێشمەرگەی شیوعی وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ کودەتا رەشەکەی شوبات و بەرگری لە ئازادی دامەزرێنرا و هەموو ساڵێک بە شکۆوە یادی دەکرێتەوە.