
ڕێگای کوردستان
دیاریکردنی نوری مالیکی وەک کاندیدی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق لەلایەن، زۆرینەی شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، عێراقی گەیاندووە بە دۆخێکی هەستیارو مەترسیدار.
سەرە ڕای فشارو هۆشداریەکان لە دەرئەنجامی خراپی گەڕانەوەی مالیکی بۆ لوتکەی دەسەڵات، بەڵام شیعەکانی چوار چێوە سوورن لە سەر بڕیارەکەی خۆیان و مانەوەی مالیکی وەک کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران.
لە بەرامبەر ئەم پێشهاتەی ئێستادا، چاودێرانی سیاسی و ئابووری لە ناوخۆی عێراق زەنگی مەترسییەکی گەورە لێدەدەن. شرۆڤەکاران بە توندی هۆشداری دەدەن کە گەیشتنی مالیکی بە کورسیی سەرۆکایەتیی وەزیران، عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی بێپێشینە و گەمارۆیەکی سەختی ئابووری دەکاتەوە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، کە دەرەنجامەکانی بۆ سەر وڵاتەکە وێرانکەر دەبن، چونکە ئەمریکا خۆی بەدوای دۆزینەوەی بەهانەیە بۆ سزادانی عێراق .
پسپۆڕانی بواری ئابووری ، بە دووری نازانن، یەکەمین و گەورەترین گورز کە بەر ووڵات بکەوێت، بریتی دەبێت لە ڕاگرتنی دەستبەجێی ناردنی دۆلار لەلایەن یەدەگی فیدراڵی ئەمریکاوە بۆ بانکی ناوەندیی عێراق، لەگەڵ بڕینی سەرجەم هاوکارییە دارایی، لۆجیستی و سەربازییەکانی واشنتۆن بۆ بەغدا. ئەم هەنگاوە خێرا دەبێتە هۆی داڕمانی یەکجارەکیی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار، کە بەدوای خۆیدا شەپۆلێکی بێوێنەی هەڵاوسان و گرانبوونی شتومەک لە بازاڕەکاندا دەهێنێت.
شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە سیستەمی دارایی عێراق بە تەواوی پەیوەستە بە دامەزراوەکانی ئەمریکاوە و هەر بڕیارێکی سزادان، دەبێتە هۆی ئیفلیجبوونی تەواوەتیی ئابووریی وڵات.
مەترسییەکان تەنیا لە سێکتەری داراییدا کورت نابنەوە، بەڵکو چاودێران هۆشداری دەدەن کە کاردانەوەکانی واشنتۆن ڕەنگە بگاتە ئاستی سەپاندنی سزای قورس بەسەر کەرتی وزەدا و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە عێراق وڵاتێکی کرێخۆرە و زیاتر لە ٩٥٪ پشت بە داهاتی فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، ڕاگرتنی هەناردەی نەوت واتا بڕینی سەرچاوەی سەرەکیی ژیانی خەڵک و پەککەوتنی توانای حکومەت بۆ دابینکردنی مووچەی ملیۆنان فەرمانبەر.
ئەم دۆخە وا دەکات جارێکی تر هاووڵاتیانی عێراق بکەونەوە بەر ژیانێکی زۆر سەخت، هەژارییەکی کوشندە و نەهامەتییەکی گەورە کە شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی، برسێتی و بێکاریی بەرفراوانی لێ دەکەوێتەوە.
لەسەر ئاستی سیاسیش، چاودێران ڕەخنەی توند لە هەڵوێستەکانی ئێستای هێزە شیعەکان دەگرن. ئەوان پێیان وایە کە ماڵی شیعە لە پێداگرییان لەسەر کاندیدکردنی ئەم کەسایەتییە، هەڵەیەکی کوشندە و ستراتیژیی گەورە دەکەن و گوێنەگرتن لە پەیامەکان باجێکی زۆر قورسی دەبێت.
شرۆڤەکاران دەڵێن، بەهەند وەرنەگرتنی هەڕەشە و هۆشدارییەکانی ئەمریکا، تەنیا سەرکێشییەک نییە بە پۆستێکی سیاسییەوە، بەڵکو قومارکردنێکی مەترسیدارە بە چارەنووس و بژێویی تەواوی گەلی عێراقەوە.
لە کۆتاییدا، شارەزایان هۆشداری دەدەن کە گەل بەرگەی گەمارۆیەکی دیکەی هاوشێوەی ساڵانی نەوەدەکان ناگرێت، بۆیە پێویستە سەرکردە سیاسییەکانی شیعە بەپەلە پێداچوونەوە بە بڕیارەکانیاندا بکەن، پێش ئەوەی وڵات بە یەکجاری بکەوێتە ناو تونێلێکی تاریک و بێ دەرچەوە.