
گشت (the whole) و به‌ش (the part)، دوو چه‌مكی پێكه‌وه‌گرێدراون. كاتێك ناوی ئه‌میان ده‌هێنین، ئه‌ویتریشیان له زه‌ینماندا ئاماده ده‌بێت. ڕاسته له سه‌ره‌تای مێژووی فه‌لسه‌فه‌وه هه‌ن، به‌ڵام له ژیانی ڕۆژانه‌شماندا هه‌ر كاریان پێ ده‌كه‌ین.
گشت، واته كۆ، هه‌موو، پێكه‌وه‌یی. فه‌لسه‌فه ده‌یه‌وێت له كۆی بوون و جیهان، یاخۆ كۆی دیارده‌یه‌ك تێبگات. ئه‌م گشت و كۆیه‌ش، له كۆمه‌ڵێك به‌ش و پارچه‌ی جیاجیا پێكهاتووه. گشت، دوا سنوری زه‌ینه كاتێك ده‌یه‌وێت له كۆی شتێك تێبگات. به‌شیش، ڕوویه‌كی بچووكتری ئه‌م گشته‌یه. له سه‌ره‌تای مێژووی فه‌لسه‌فه‌شه‌وه، گشت به گه‌وره‌تر داده‌نرا له به‌ش. بۆ وێنه، جیهان به "گشت"ێكی ئه‌ندامی داده‌نرا كه هه‌ر به‌ش و ئه‌ندامێكی له په‌یوه‌ندیدایه به‌ویتریانه‌وه. گشت خۆی له كۆی به‌شه‌كانی زیاتر بوو. گه‌ر به‌ش و پارچه‌كانی خانوویه‌ك له یه‌كدی جیابكه‌ینه‌وه، خانوو وه‌ك گشت بوونی نامێنێت.
گشت، به‌و ساده‌ییه، كۆبوونه‌وه و كه‌ڵه‌كه‌بوونی كۆمه‌ڵێك به‌ش نیه. ئه‌مه دیدێكی میكانیكی و تاڕاده‌یه‌كیش زانستییه. بۆیه له ئه‌رستۆوه تا هیگڵ، په‌یوه‌ندییه‌كی ئامانجدارانه (غایه‌تمه‌ندانه) له‌نێوان به‌ش و گشت‌دا هه‌یه. كۆمه‌ڵێك به‌س له گشتێكدا كۆده‌بنه‌وه تاكو به‌ره‌و ئامانجێكی زیاتر له كۆبوونه‌وه‌كه بڕۆن. بۆیه هیگڵ له پێشه‌كیی كتێبی "فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح"دا ده‌ڵێت: "حه‌قیقه‌ت، گشته". واته گشت شتێكی مه‌نگ و وه‌ستاو نیه، به‌ڵكو پرۆسه‌یه. هیچ به‌شێكی جیهانو كۆمه‌ڵگا، واقیع به‌تاقی ته‌نیا مانای نیه گه‌ر نه‌به‌سترێت به كۆی ئه‌وانه‌وه. به‌ش ئه‌و ده‌مه‌ی خۆی نه‌فیده‌كات و له فۆرمێكی به‌رزتردا له‌ناو گشت‌دا به‌رهه‌مدێته‌وه، ده‌گات به حه‌قیقه‌ت. ئه‌مه بۆ په‌یوه‌ندیی مرۆڤه‌كانیش هه‌ر ڕاسته: شوناسی هه‌ر تاكه مرۆڤێك له په‌یوه‌ندییدا به گشت مرۆڤه‌كانی كۆمه‌ڵگاوه مایه‌ی تێگه‌یشتنه. شتێك نیه ناوی مرۆی ته‌واو دابڕاو بێت. به‌شی دابڕاو، ته‌نیا له ڕواڵه‌تدا دابڕاوه؛ ئه‌گین له چه‌ندین هێڵه‌وه ده‌چێته‌وه سه‌ر گشتێكی ده‌وڵه‌مه‌ندتر.
دیاره تێزی تریشمان هه‌ن كه به‌ش به گرنگ ده‌زانن و ته‌نانه‌ت وه‌ك نوێنه‌ره‌وه‌ی گشت سه‌یریده‌كه‌ن (بۆ نمونه له نه‌ریتی ماركسیزم‌دا له كۆنه‌وه بۆ نوێ). له نه‌ریتی ماركسی دا، به‌ش ده‌توانێت كۆی كێشه‌كانی گشت بنوێنێته‌وه و هه‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌و بكاته نوێنه‌ری حه‌قیقه‌تی كۆمه‌ڵگا. ماركس خۆی پرۆلیتاریا به‌و به‌شه‌ی كۆمه‌ڵگای مۆدێرن ده‌زانێت كه هه‌ڵگری كێشه‌كانی سه‌رمایه‌داریی مۆدێرنه. له‌مڕۆشدا، لای بیرمه‌ندێكی چه‌پگه‌رای وه‌ك ژاك ڕانسێر، ده‌بینین به‌ش ده‌توانێت گرفته‌كانی گشت بنوێنێته‌وه. سواڵكه‌ره‌كان ده‌توانن ئه‌و به‌شه بن كه ده‌یسه‌لمێنن گشت كۆمه‌ڵگا كێشه‌ی هه‌یه و شتانێكی بونیادی هه‌ن چاره‌نه‌كراون. دیاره ئه‌مانه‌ش به‌و مانایه نایه‌ن كه حه‌قیقه‌ت شتێكی جیا له گشت بێت، به‌ڵكو پرسه‌كه په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه كه گشت سه‌ره‌نجام شتێكی كۆنكرێتییه، له به‌شێكدا ڕاستیی خۆی ده‌ڵێته‌وه. به‌شێك ده‌توانێت، هاوسه‌نگیی به‌شه‌كانی تری ناو هه‌مان گشت تێكبدات.
گه‌ر سه‌رنجی به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌ش بده‌ین له دونیای مرۆڤه‌كاندا، ده‌بینین دوو جۆر ڕێگای به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه (زانین) له‌ئارادان: یه‌كیان گشت به بنه‌ما وه‌رده‌گرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی به‌شه‌كان بدات و بایه‌خیان بۆ دابنێت (عاریف یان مرۆی ئایدیالیست). له‌مڕۆشدا، پسپۆڕی یاخۆ خوێندنی ئه‌كادیمی، به‌ش به‌سه‌ر گشت‌دا ده‌سه‌پێنێت. وێنه‌ی به‌شێك له‌م جیهانه وه‌رده‌گرێت و تیایدا ده‌بێته پسپۆڕ به‌بێ ئه‌وه‌ی له گشت حه‌قیقه‌تی جیهان تێبگات. واته تووشی ته‌سكبینی و ته‌سكبیری ده‌بێت. گه‌ر له یه‌كه‌میاندا ناوه‌ڕۆكه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی واقیع ون بووبێت، ئه‌وا له دووه‌میاندا هه‌ژارییه‌ك له بینین و تێگه‌یشتندا درووستده‌بێت كه ناتوانێت وێنه گه‌وره‌كه ببینێت.
گشت و به‌ش بۆ هه‌میشه وه‌ك دوو چه‌مكی گرنگ له مێژووی بیركردنه‌وه‌دا ده‌مێننه‌وه. هه‌تا له فیزیای كوانتۆمدا، به‌شه‌كانی جیهان به‌شێوه‌یه‌كی سه‌مه‌ره و سوریالی چوونه‌ته‌وه په‌یوه‌ندییه‌وه. واته دوا مه‌نزڵگای زه‌ین، دیسان هه‌ر چه‌مكی گشته. به‌ڵام چۆن ده‌گه‌ین به گشت، په‌یوه‌ندیی به‌و میتۆد و كایه‌شه‌وه هه‌یه كه بیری پێ ده‌كه‌ینه‌وه.
