
دەست لەبارانی ئەو دەدەم
محمدی مام ڕەسووڵ
بۆئەوەی "با "
خوێنی شلێرێک بەگڵی لەبیرچوونەوە ووشک نەکات
کەمێک داگیرسانم پێویستەو
کەمێک دەچمە قووڵایتەوە
لەگەڕەکی پایزانەی من
کۆڵانێک هەیە لەپشت ئاهەوە
دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی دەربەندێکی مات
شیعر نەبێ کێ دەزانێ
لەودیوو تەلبەندی ئەو جۆگە ئاوە
ماڵێک هەیە لەگریان و
ماڵێک هەیە کە تەنیایی لەنیشتمانەکەی بەردەبێ
لەباخچەکەیدا هەناری مردنی لێ پێدەگات !
من و تۆ بێدەنگ بین جوانترە
بێدەنگی ،
بەوەباشە هەموو دڵنیایی خۆتی لێ پڕکەی
مردن لەچاکەتە ڕەشەکەیدا دەشارێتەوە !
من و تۆ ،
لەکۆڵانێکی هەراسان دەچین
هەر کتومت لەو منداڵانەی بۆ کڕینی زەرفێک هەتاو
بەدەم ووردکردنی حەزەوە، دەستەکانیان خۆڵاوی دەکەن
لەو کچۆڵانەش لەدەمی باڵق بووندا
لەباتی چوالەکانی ئومێد
درۆ دەخەنە جانتاکانیانەوە !
من و تۆ بەشەوانی شارێکدا تێپەڕین
خواو شیعرو چاوەڕوانی شاهیدن
جارێک بەپەنجەرەی ڕوانینێکت نەگووتم :
لەچیمەنی دڵی مندا وەرە با ڕەسمێک بگرین !
ئێوارە نەما ئەو کۆشکی ئیشتیاقە ،
بەسەر تەمەنی مندا نەڕوخێ
کەچی بەشێک لەمانگی خۆتت نەدامێ
دەنا بۆ باخچەکانی قیامەت
تابلۆی ئەو ڕووبارم تا ماڵی ئێوە دەکێشا !
تۆ برینێکی بەدڵی ئاوەوە
لەخوار ئەو شارەی دڵم هەربا هەڵکات
شەقامێک هەیە،
بارانێک هەیە، لەدەمی گەیینا دەبن بەخۆڵ
کەچی من لەشیعرا دەبم بەتەم
ئەودەمەی تەرمی خۆم بەساکۆی دەقێکدا ڕادەکێشم و
دەگەمە سەراب
ئەودەمەی ، لەکۆڵانێکی زەرددا
پایزانە دەست لەبارانی ئەو دەدەم !
