
ڕێكەوتی ١٤ی ٣ی ٢٠٢٦، كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی كوردستان كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا. لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێك كرا:
♦مەترسی و لێكەوتەكانی شەڕی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل دژ بە ئێران خرایەڕوو.
♦سەركۆنەی دەستدرێژییەكانی سەر هەرێمی كوردستان كرا.
♦دەسەڵاتی هەرێم بە بەرپرس دەزانێت لە چارەسەرنەكردنی بنەڕەتیی پرسی مووچە و قەیرانە ناوخۆییەكان.
دەقی ڕاگەیەنراوی كۆمیتەی ناوەندی:
ئەوەی دەگوزەرێت دەرئەنجامی هەڵكشانی قەیرانی سەرمایەداریی جیهانییە. ئەو شەڕەی یەخەی ناوچەكەی گرتووە، بەشێكە لە شەڕی نێودەوڵەتی و ناوچەیی وەك دەرئەنجامی گۆڕانكارییەكان لە هاوسەنگیی هێز لەپێناو سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی ناوچەكە، هەروەها هیچ پەیوەندییەكی بە پرسەكانی مافی گەلان و مافەكانی مرۆڤەوە نییە، بەڵكو بۆ هەژموون و كۆنتڕۆڵكردنی سەرچاوەكانی وزەیە. لەم سۆنگەیەوە، حزبی شیوعیی كوردستان ئیدانەی دەكات و دژی شەڕ و توندوتیژییەكانە.
پێمان وایە گۆڕانكاریی ڕاستەقینە و هێنانەدی حوكمڕانییەكی دیموكراسییانە، دەبێت لە ئەنجامی تێكۆشان و ئیرادەی ناوخۆیی و خستنەڕووی پڕۆژەی جێگرەوە بێت. ڕاشیدەگەیەنین: بەبێ چارەسەركردنی پرسی مافە سیاسییەكانی گەلی كورد لە ڕۆژهەڵات، بەدیهێنانی مافەكانی گەلانی ئێران و چارەسەركردنی قەیرانە ناوخۆییەكان، هیچ ڕێچارەیەكی تر نییە. ڕێگەی توندوتیژی و نكۆڵیكردن دەمێكە شكستی هێناوە و تاقی كراوەتەوە، كە یەكێكیشە لە هۆكارەكانی بارگرژییەكانی ئەمڕۆ.
هاوكات، لێكەوتەكانی شەڕ بوونەتە هۆی ململانێی خۆپڕچەككردن لەسەر حیسابی بودجەی گشتی و مافەكانی هاووڵاتییان. لە لایەكی تریشەوە، بووەتە هۆی كوژران و برینداربوونی سەدان كەس، تا دێتیش قورساییەكانی شەڕ لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و كاڵاكانی تر زیاتر دەبێت.
كۆمیتەی ناوەندی سەركۆنەی دەستدرێژییەكانی سەر هەرێمی كوردستان بەهۆی بەردەوامیی هێرشی مووشەك و درۆنەكان دەكات كە بۆتە هۆی زیانی مادی و گیانی، ئەركی حكومەتی عێراقە سنوورەكانی بپارێزێت و ڕێگە بە هیچ گرووپ و دەوڵەتێك نەدات سەروەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان پێشێل بكات.
كۆمیتەی ناوەندی هێزە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم بە بەرپرس دەزانێت لە چارەسەرنەكردنی بنەڕەتیی پرسی مووچە و قەیرانە ناوخۆییەكان. هاوكات زیادكردنی باج، بەتایبەتكردنی كەرتە گشتییەكان، گرانكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان لە نێویشیان نرخی كارەبا و لە لایەكی تریشەوە بەردەوامیدان بە پەكخستنی دامەزراوەكان و پەرلەمانی كوردستان.
بە ڕاشكاوی ڕایدەگەیەنین؛ لەم قۆناغەدا پێویستمان بە گۆڕانكاری و چاكسازیی ڕاستەقینە هەیە لەپێناو پاراستنی ژیان و پێداویستییەكانی هاووڵاتییان و ئەزموونی هەرێمی كوردستانیش، ئەمەش بەبێ گفتوگۆیەكی نیشتمانی و ئیرادەیەكی سیاسیی كوردستانی نایەتە دی.
كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی كوردستان
۱٥/ ۳/ ۲۰۲٦