سەروتاری رێگای کوردستان


لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو جەرگەی گۆڕانکاریی و ململانێیەکی خوێناویدایە کە نەخشەی هێز و سنوورەکان دووبارە دادەڕێژێتەوە، هەرێمی کوردستان لە ناوخۆدا ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورەی شەرعییەت بووەتەوە. پەککەوتنی دامەزراوەی یاسادانان لەم هەلومەرجە ناسکەدا، تەنیا کێشەیەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو ڕووتکردنەوەی قەوارەی هەرێمە لە قەڵغانە یاسایی و دەستوورییەکەی. ئەم بێ پەرلەمانییە، هەرێم وەک کەشتییەکی بێ سوکان لە ناو زەریایەکی پڕ لە شەپۆلدا جێدەهێڵێت و مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر کۆی پڕۆسەی سیاسی و مانەوەی قەوارە دەستوورییەکەی.
پەرلەمان لە هەر سیستمێکی سیاسییدا، تەنیا باڵەخانەیەک نییە بۆ کۆبوونەوە، بەڵکو چەقی شەرعییەت، بەرجەستەکەری ئیرادەی گشتی و پارێزەری سەروەریی یاسایە. پەکخستنی ئەم دەزگایە، چەمکی "نوێنەرایەتیکردن" مانا ڕاستەقینەکەی خۆی لەدەست دەدات و جێگەی بۆ فەوزایەکی سیاسی چۆڵ دەکات؛ تێیدا بڕیارە چارەنووسسازەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە شەرعییەکان دەدرێن، ئەمەش جۆرێکە لە هاوبەشیی ناڕاستەوخۆ لە کوشتنی پڕۆسەی دیموکراسیدا.
بێدەنگیی هێزە سیاسییەکان و نوێنەرانی گەل بەرانبەر ئەم دۆخە، نیشانەی تەسلیمبوونە بە ئەمری واقیع و پاشەکشەیە لە ئەرکی ئەخلاقی. ئەمە دەیسەلمێنێت کە بەرژەوەندییە حزبییە تەسکەکان لەلای هێزەکان گرنگترن لە پاراستنی قەوارەی هەرێم. کاتێک حزبەکان لە جیاتی کاراکردنەوەی پەرلەمان، پەنا بۆ ڕێککەوتنی لابەلا دەبەن، بنەمای "هاوڵاتیبوون" لاواز دەبێت و متمانەی تاک بە دەسەڵات دەگاتە نزمترین ئاست. لە لایەکی ترەوە، نەبوونی پەرلەمان دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە چاودێری ڕزگار دەکات، کە ئەمەش دەبێتە هۆی پەرەسەندنی گەندەڵی و بڕیاری تاکڕەوانە.
ئەم دۆخە نەک هەر لە ناوخۆدا، بەڵکو لەسەر ئاستی دەرەوە و لە مامەڵە لەگەڵ بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا، پێگەی هەرێم لاواز دەکات؛ چونکە قەوارەیەکی بێ پەرلەمان، قەوارەیەکی بێ ناسنامەی سیاسیی ڕوونە.
دەرئەنجام، بێدەنگی لە ئاست پەککەوتنی پەرلەمان، ڕێگەخۆشکردنە بۆ فەوتانی دەستکەوتە مێژووییەکان. پێویستە هێزە سیاسییەکان درک بەوە بکەن کە شەرعییەت لە کورسییەکانی حکومەتەوە نایەت، بەڵکو لەو هۆڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خەڵک دەکات. بەردەوامیی ئەم دۆخە، هەرێم بەرەو لێواری داڕووخانێکی گشتگیر دەبات کە تێیدا هیچ لایەنێک براوە نابێت.

وتاری نووسەران