
نووسینی: وسام الربیعي
وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه: ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا
به درێژایی مێژوو، شۆڕشگێڕه‌کان بۆ گه‌یشتن به “ئازادیی” چرای خه‌باتیان به‌رزکردۆته هه‌روه‌ها خۆیان به هه‌ڵگری غه‌می چه‌وساوه و زه‌حمه‌تکێشه‌کان داناوه، به‌و هیوایه‌ی به‌سه‌ر چه‌وسێنه‌رانیان سه‌ربکه‌ون و مافی چه‌وساوه‌کان بەدەستبهێنن.
به‌ڵام زۆرجاریش شۆڕشه‌کانیان شکستی هێناوه و زۆر که‌میش سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه، گه‌ر شۆڕشێکیش شکستی هێنابێت، ئه‌وا له هه‌ناویدا ئاگری شۆڕشێکی تری هه‌ڵگرتووه. گه‌ر شۆڕشه‌که‌ش سه‌رکه‌وتوو بووبێت، ئه‌وا ئه‌مه سه‌رکه‌وتنی هه‌ق و چه‌ساوه‌کان بووه به‌سه‌ر چه‌وسێنه‌ره‌کان. هه‌تاوه‌کو "ئه‌و کاته‌ی" من ده‌ڵێم هه‌تا ئه‌و کاته‌ی... چونکه هه‌ر که شۆڕشگێره‌کان سه‌رکه‌وتنیان له شۆڕشه‌که‌دا به‌ده‌ستهێنابێت، ئه‌وا یه‌کسه‌ر تووشی حه‌زی ده‌سه‌ڵات بوون و ده‌سه‌ڵاتیان ته‌نها له ده‌ستی خۆیاندا هێشتۆته‌وه و خه‌ڵکانی تریشیان له ده‌سه‌ڵات دوورخستۆته‌وه، هه‌روه‌ک چۆن پێشتر خه‌ڵکی تر ئه‌مانی له ده‌سه‌ڵات دوورخستۆته‌وه.
لێره‌شه‌وه تووشی حه‌زی شه‌یتانی خۆشه‌ویستی ده‌سه‌ڵات و پاره و هەژموون په‌یداکردن و شتی تر ده‌بنه‌وه. ڕۆژ له‌دوای ڕۆژیش، ئه‌م شۆڕشگێره ده‌بێته ملهوور و چه‌وسێنه‌ر، ئه‌مه‌ش به‌ره‌و گه‌نده‌ڵ بوونی ده‌بات. دیکتاتۆر و ملهوره‌کانی ئه‌مڕۆ، شۆڕشگێڕی دوێنی بوون، به دڵنییایشه‌وه شۆڕشگێره‌کانی ئه‌مڕۆش، دیکتاتۆری سبه‌ی ده‌بن. له‌به‌رئه‌وه خۆزگه‌م به‌و شۆڕشگێرانه‌ی که پێش ئه‌وه‌ی له‌ناو زه‌ریای ده‌سه‌ڵات و پاره‌دا نووقم بن، له ڕێگای ئازادی‌دا شه‌هیدبوون.
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ناو ئه‌و شته‌دا ده‌ژین که پێی ده‌ڵێن شۆڕشه‌کانی به‌هاری عه‌ره‌بی ، ئه‌وا کارێکی باش ده‌که‌ین گه‌ر خۆمان به‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه خه‌ریک بکه‌ین و باس له چاره‌نووسی چاوه‌ڕوانکراوی ئه‌م شۆڕشانه‌ش بکه‌ین، چونکه شۆڕشی عه‌ره‌بیش، له‌ڕووی " کات و شوێن" وه هیچ جیاوازیی له‌گه‌ڵ شۆڕشه‌کانی تری جیهان نییه. مێژوو پێمان ده‌ڵێت که به ده‌گمه‌ن نه‌بێت، که‌مجار شۆڕشگێره‌کان له‌پاش ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست، غه‌رقی حه‌زی شه‌یتانی خۆشه‌ویستی ده‌سه‌ڵات نه‌بوون، هه‌روه‌ها به ده‌گمه‌نیش شۆڕشگێرێک ده‌بینیت که له‌پاش ده‌سه‌ڵات گرتنه ده‌ست، که‌سێکی دادپه‌روه‌ر و ده‌ست پاک بووبێتن وه‌کو گاندی و ماندێلا.
هه‌رچه‌نده ئه‌م نموونه ده‌گمه‌نانه‌شمان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مانه ناتوانن ببنه ڕێسایه‌ک بۆ هه‌موو شۆڕشگێره‌کانی تری جیهان، به‌ڵکه به پێچه‌وانه‌وه ئه‌مانه لاده‌ربوون و له ڕێگای شۆڕشگێرانی تر لایانداوه، به‌ڵام مرۆڤه چه‌وساوه‌کان پێشتر و هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش، دڵیان به‌م نموونه و پێشه‌وایانه خۆشه، به‌و هیوایه‌ن که ڕۆژێک له ڕۆژان شۆڕشگێره‌کانی ئه‌مانیش وه‌کو " ماندێلا و گاندی" ده‌ربچن.
ئیسلام شۆڕشێکی له دژی زوڵم و گه‌نده‌ڵی به‌رپاکرد، هه‌روه‌ها بزاڤێکی چاکسسازیشی له کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بیدا به ئه‌نجام گه‌یاند. دیاره زۆربه‌ی پێشه‌وایانی ئه‌م شۆڕشه، خه‌ڵکانی چه‌وساوه و زه‌حمه‌تکێش بوون، به‌ڵام سه‌ره‌تای ئه‌م شۆڕشه، وه‌کو کۆتاییه‌که‌ی نه‌بوو.
کاتێک موسڵمانه‌کان ده‌ستیانکرد به ( فتح )داگیرکردنی وڵاتانی تر، پاره و سامانێکی زۆر به‌سه‌ریاندا باریی، به‌شێوه‌یه‌ک که جۆره ڕه‌وشێکی ئاوهای دروستکرد، که پێویستی به شۆڕشێک ده‌کرد دژ به‌م شۆڕشگێره دێرینانه، بۆئه‌وه‌ی بیانگه‌ڕێنێته‌وه سه‌ر ڕێگای ڕاستی و بنه‌ره‌تی شۆڕشه‌که‌یان.
یه‌کێک له رۆژهه‌ڵاتناسه ڕه‌خنه‌گره‌کان، ڕه‌خنه له موسڵمانه‌کان ده‌گرێت، کاتێک ئاگاداریی ڕه‌وشی کۆشکه‌کانی ئه‌مه‌ویی و عه‌باسییه‌کان بوویه‌وه و به چاوی خۆی ئه‌و هه‌موو فه‌ساد و پاره به فیڕۆدانه‌ی له کۆشکه‌کاندا بینی، ئا به‌م شێوه‌یه ڕه‌خنه له موسڵمانه‌کان ده‌گرێت و دەڵێت:
" موسڵمانه‌کان، قه‌یسریان به قه‌یسه‌رێکی تر گۆڕییه‌وه، کیسرایان به کیسرایه‌کی تر گۆڕییه‌وه"
من هیچ شتێکی خراپ له قسه‌کانی ئه‌م ڕۆژهه‌ڵاتناسه نابینم هەتاوه‌کو وه‌ڵامی بددمه‌وه، چونکه باسی له ڕاستییه‌کی تاڵ و ناخۆش کردووه، له‌ڕاستیدا ملهووڕیی و ناڕه‌وایی حوکمی " به‌نی ئومییه" له شام، له جه‌ور و سته‌می ئه‌میره‌کانی قه‌یسه‌ری رۆمی خراپتربوو، هه‌روه‌ها ملهووڕی " به‌نی عه‌باس". له زوڵم و جه‌وری سته‌می کیسرا له عێراق خراپتر و به‌دتر بوو.
خۆشی و جێژیی ده‌سه‌ڵات به‌سه، بۆئه‌وه‌ی هه‌موو شۆڕشگێڕێک یان شۆڕشێک به‌ره‌و گه‌نده‌ڵی به‌رێت، هه‌رچه‌نده ئه‌و شۆڕشگێڕه یان ئه‌و شۆڕشه مه‌زن بێت، ئه‌مه‌ش سروشتی ژیانه، که‌م که‌س ده‌توانن له‌م ئافاته خۆیان رزگاربکه‌ن و نووقمی گه‌نده‌ڵی نه‌بن. کێ ئاماده‌ییه واز له‌م خۆشییه بهێنێت، کاتێک که ده‌رگای سه‌رکه‌وتن و مه‌زنی بۆ ده‌کرێته‌وه؟.
له‌باره‌ی ئه‌و ئافاته‌ی که ده‌سه‌ڵات و حوکم بۆ به‌هاکانی شۆڕش و شۆڕشگێره‌کان ده‌یهێنێت، پێم باشه چه‌ند وته‌یه‌کی دکتۆر عه‌لی وه‌ردی باس بکه‌م. ئه‌و ده‌ڵێت:
"هه‌ندێک له ڕۆژهه‌ڵاتنناسه‌کان ده‌یانه‌وێت به شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ وێنه‌ی ئیسلام ناشرین بکه‌ن. ئه‌وان هه‌مووکاتێک له کتێبه‌کانیاندا باس له‌و لادان و گه‌نده‌ڵییه ده‌که‌ن، که کۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی له پاش مردنی پێخه‌مبه‌ر به ماوه‌یه‌کی که‌م تووشی هات، وه‌کو بڵێیت بیانه‌وێت ئه‌م حاڵه‌ته به حاڵه‌تی پاش مردنی حه‌زره‌تی مه‌سیح بشووبهێنن، بۆ نموونه ئه‌وان باس له یاوه‌رانی پێخه‌مبه‌ر ده‌که‌ن و ده‌ڵێن: ئه‌وان له نێوان خۆیاندا کردیان به شه‌ڕ و ئاژاوه و یه‌کتریان کووشت و ته‌کفیریی یه‌کتریان کرد، به‌ڵام یاوه‌رانی حه‌زه‌ره‌تی مه‌سیح به‌م شێوه‌یه نه‌بوون و له‌ناو خۆیاندا شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ یه‌کتری نه‌کرد. لێ ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌کان له بیریان چۆته‌وه، گه‌ر یاوه‌رانی حه‌زره‌تی مه‌سیحیش، وه‌کو یاوه‌ره‌کانی حه‌زره‌تی موحه‌مه‌د، سه‌رکه‌وتنایه و چه‌ندین وڵاتیان به‌و خێراییه به‌هێزه " فتح" داگیر بکردایه، ئه‌وا ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه له‌ناو خۆیاندا ده‌یانکرد به شه‌ڕو په‌لاماری یه‌کتریان ده‌دا، ڕێک وه‌کو چۆن یاوه‌رانی موحه‌مه‌د وایانکرد. دیاره ئه‌مه‌ش له هه‌موو ( کات و شوێن) ێکدا سروشتی هه‌موو مرۆڤێکه."
قسه‌کانی دکتۆر عه‌لی وه‌ردی لێره‌دا ته‌واو ده‌بن.
پێم وایه ئه‌م قسانه‌ی عه‌لی وه‌ردی تاڕاده‌یه‌کی زۆر ڕاستن، به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی ئه‌و کاریگه‌رییه خراپه‌ی که ده‌سه‌ڵات ده‌یکاته سه‌ر به‌هاکانی شۆڕش. حه‌زره‌تی مه‌سیح له‌پاش خۆی ته‌نها " وشه‌ی" بۆ یاوه‌رانی جێهێشت، به‌ڵام موحه‌مه‌د له‌پاش خۆی " وشه و ده‌وڵه‌ت"ی بۆ یاوه‌رانی جێهێشت، هه‌ندێک له یاوه‌رانی خه‌ریکی بڵاوکردنه‌وه‌ی وشه بوون، هه‌ندێکیشیان خه‌ری فراوانکردنی ده‌وڵه‌ته‌که‌یان بوو، بۆئه‌وه‌ی وشه‌کانیان بڵاوبکه‌نه‌وه، به‌ڵام ڕۆژ له‌دوای ڕۆژیش، له‌ناو خۆشی ده‌سه‌ڵات غه‌رقبوون و ئاگایان له وشه نه‌ما.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، یاوه‌رانی حه‌زره‌تی مه‌سیح نه‌یانتوانی هه‌مان چاره‌نووسی یاوه‌رانی حه‌زره‌تی موحه‌مه‌دییان نه‌بێت، هه‌رچه‌نده ئه‌مان له‌چاو موسڵمانه‌کان، له‌پاش ماوه‌یه‌کی زۆر، ئینجا توانیان ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست. کاتێک ئیمپراتۆریه‌تی ڕۆما، به‌و ده‌سه‌ڵات و سوڵتانه گه‌وره و مه‌زنه‌ی که هه‌یبوو، بوو به مه‌سیحی، وایلێهات مه‌سیحییه‌کان حوکمی ڕۆما بکه‌ن، له‌کاتێکدا پێشتر ڕۆما حوکمی مه‌سیحییه‌کانی ده‌کرد. له‌پاش ئه‌وه، ئیتر جیاوازیی و لێکترازان په‌یدابوو، شمشێر و ڕمیان له‌په‌نا خاچدا به‌رزکرده‌وه، جه‌ور و سته‌مێکی زۆر بڵاوبوویه‌وه، خوێنێکی زۆریش له‌پێناو بڵاوکردنه‌وه وشه‌ی " خۆشه‌ویستی و ئاشتی " دا ڕژا.
دیاره جیاوازیی نێوان شۆڕش و ده‌وڵه‌ت، واته جیاوازیی نێوان خه‌ون و واقع، ئه‌و شۆڕشه‌ی که به حوکم گرتنه ده‌ست کۆتایی پێدێت، ڕێک وه‌کو ئه‌و خۆشه‌ویستییه وایه که به خێزان دروستکردن کۆتایی پێدێت. هه‌ردووکیان به کۆمه‌ڵێک به‌ها و پڕه‌نسیب و دروشمی میثالی ده‌ستپێده‌که‌ن، که له ده‌ره‌وه‌ی زه‌مه‌نن و له واقعه‌وه دوورن. له‌پاش سه‌رکه‌وتن، مانگی هه‌نگووینی شۆڕشیش کۆتایی پێدێت. کاتێک ئه‌و پڕه‌نسیب و به‌هایانه ده‌خرێنه سه‌ر ئه‌رزی واقع، ئینجا چرکه ڕاستییه‌کانی کاتژمێری زه‌مه‌ن ده‌ستپێده‌کات و کێشه و جیاوازییه‌کان دێنه ئاراوه، که ئه‌مانه‌ش هه‌موویان ده‌رئه‌نجامی ئه‌و کێشه ئه‌منی و ئابووریی و شه‌ڕه ناوخۆ و ده‌ره‌کیانه‌ن، که به‌هاکانی شۆڕش هێناویه‌ته ئاراوه، زۆرجاریش ئه‌م شۆڕشه‌ش ده‌خاته به‌ر پرسیار و مه‌حه‌کی مێژووه‌وه، زۆرجاریش ئه‌م شۆڕشه‌ش به شکست کۆتایی پێ دێت.
له‌و کاته‌ی که شۆڕش ده‌بێته ده‌وڵه‌ت، ناچار ده‌بێت سازش له هه‌ندێک به‌ها و پڕه‌نسیبه‌کانی خۆی بکات، بۆئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌و ده‌ستکه‌وتانه بکات، که شۆڕشه‌که به‌ده‌ستیهێناوه. ئه‌مه‌ش به‌دڵنییایه‌وه له‌پاش ماوه‌یه‌کی تر، ده‌بێته هۆی دروستبوونی شۆڕشگێڕیی نوێ، بۆئه‌وه‌ی جارێکی تر تۆپی یارییه‌که بهاوێژێته‌وه ناو گۆڕه‌پانه‌که. ئه‌مه‌ش چه‌ندین سه‌ده‌یه بۆته سوونه‌تی ژیان.
حاکمه‌کان ده‌بنه کۆنه‌پارێز و هیوادارن که زه‌مه‌ن له جێگای خۆیدا بوه‌ستێت و چیتر بۆ پێشه‌وه نه‌چێت. شۆڕشگێره‌کان هه‌رخۆشیان نوێخوازن، بزووتنه‌وه‌که‌شیان هه‌تاوه‌کو نه‌گه‌یه‌ننه شوێن و کاتی نوێ، کۆتایی پێ نایه‌ت. ته‌نها حوکمی ڕۆژگاریش له نێوان خه‌ڵکیدا ده‌مێنێته‌وه. جێگای ئاماژەیە "گۆڕان " تاکه شته که له ژیاندا وه‌کو خۆی ده‌مێنێته‌وه و ناگۆڕێت.
له‌به‌رئه‌وه هه‌ر شۆڕشێکی ڕاسته‌قینانه، گه‌ر بیه‌وێت پارێزگاری له‌و پڕه‌نسیبانه بکات که له‌سه‌ری دروستبووه، ده‌بێت زۆر باش ئاگاداریی ئه‌و ڕاستییه بێت، که ئه‌ویش قۆناغێکه و قۆناغی تر به دوایدا دێت. ده‌بێت بەرگەی دروستبوون و پەیدابوونی خه‌ڵکانی نوێ بکات، چونکە ئه‌م گۆڕانکارییه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و پێشکه‌وتنی وڵاته.
ده‌وڵه‌ته پێشکه‌وتووه‌کان باش له‌و ڕاستییه تێگه‌یشتوون، هه‌رله‌به‌رئه‌وه‌شه ئه‌مڕۆ ئه‌و وڵاتانه به نیعمه‌تی پێشکه‌وتوون و خۆشگوزه‌رانی گه‌یشتوون، هۆکاری ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئارامی و ئاسایشیی به‌رده‌وام، که ئه‌ویش له ئه‌نجامی ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵاته‌وه په‌یدابووه.
دیاره ئه‌مه مانای ئه‌وه‌نییه که ئه‌و وڵاتانه له ترسی شۆڕش دوورکه‌وتوونه‌ته‌وه و ئاگری شۆڕش تێیاندا نه‌ماوه، به‌ڵکه به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و ئاگره له هیچ " کات و شوێن"ێکدا ناکوژێته‌وه، بگره ئه‌و ئاگره وه‌کو ئاگری خۆر وایه، که سیمایه‌کی ئه‌زه‌لیی و ئه‌به‌دیی هه‌یه، به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌مان له‌بیربچێت، که مه‌یدانی شۆڕش له کۆمه‌ڵگە پێشکه‌وتووه‌کاندا، سندوقی هه‌ڵبژاردنه‌کانه، نەک شه‌قام و گۆڕه‌پانه‌کان. ئه‌م جۆره شۆڕشه ئاشتی ئامێزانه‌ش، وڵات له‌و ده‌رئه‌نجامه خراپانه ده‌پارێزێت، که له ئه‌نجامی شۆڕشه‌وه هه‌موو وڵاته‌کان تووشیان ده‌بێته‌وه، به‌ڵام ئێمه هه‌موو مێژوومان، له سه‌رده‌می حوکمی خوله‌فاکانه‌وه هه‌تاوه‌کو کۆماره نوێکان، به ده‌گمه‌ن نه‌بێت، سه‌رۆکێک یان ده‌سه‌ڵاتێک، به شێوه‌یه‌کی ئاشتیانه، ده‌سه‌ڵاتی ڕادەستی خه‌ڵکانی نوێ کردووە.
ده‌سه‌ڵات له لای ئێمه ته‌نها له ڕێگای کوده‌تا یان تیرۆرکردن یان له ڕێگای شۆڕشێکی خوێناوییه‌وه دەگۆڕدرێت، سه‌رۆکه‌کان به‌ناو شه‌قامه‌کاندا ڕاده‌کێشن، یان ئه‌وه‌تا حاکمه‌که به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه ده‌مرێت و له‌پاش خۆی، یه‌کسه‌ر کوڕه‌که‌ی جێگای ده‌گرێته‌وه.
ئێمه پێویستیمان به نه‌وه‌یه‌کی نوێی شۆڕشگێڕ هه‌یه. که له ڕۆشنبیری ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵات له پاش شۆڕش تێبگه‌ن، هه‌روه‌ها پێشکه‌وتن و به‌رژه‌وه‌ندی وڵات و گه‌ل، له سه‌رو هه‌موو شتێکه‌وه دابنێن. دیاره شۆڕشگێری ڕاسته‌قینه ئه‌و که‌سه‌یه، که شۆڕش له‌پێناو گۆڕانی ده‌سه‌ڵات ده‌کات، نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی ببێته حاکم و ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست.
ئێمه پێویستیمان به‌و شۆڕشگێرانه‌یه که له پاش شۆڕشیش، ئاماده‌ی قووربانیدان بن، نه‌ک ته‌نها له کاتی شۆڕشدا ئاماده‌ی فیداکاریی بن. ئێمه پێویستیمان به‌و شۆڕشگێڕانه‌یه که ده‌سه‌ڵات وه‌کو به‌شێک یان ده‌ستکه‌وتێک له ئه‌نجامی خه‌باتیان وه‌رناگرن، یان وا باوه‌ڕبکه‌ن که ده‌سه‌ڵات ئارمانجی سه‌ره‌کی شۆڕشه و کۆتایی شۆڕش ده‌گه‌یه‌نێت.
ئێمه پێویستیمان به شۆڕشگێری هاوشێوه " نیلسۆن ماندێلا" یه، که به شێخی هه‌موو شۆڕشگێره‌کان دێته ژماردن، ئه‌و که‌سه‌ی که زۆربه‌ی ژیانی له‌ناو زیندان و گرتووخانه‌کاندا به‌سه‌ربرد، کاتێکیش که شۆڕشه‌که سه‌رکه‌وت، ته‌نها یه‌کجار خۆی بۆ سه‌رۆکایه‌تی وڵات پاڵاوت و نه‌یویست جارێکی تر ببێته‌وه به سه‌رۆکی وڵات، هه‌رچه‌نده جه‌ماوه‌رێکی زۆری هه‌بوو، له‌ناو خه‌ڵکیشدا زۆر خۆشه‌ویست بوو.
ماندێلا هه‌موو جیهانی سه‌رسامکرد، کاتێک وتی:
" من ئه‌و پیاوه نیم، که گه‌ل نه‌توانێت وازم لێ بهێنێت"
ئه‌م ڕسته‌یه‌ش مانای ئه‌وه‌ی ده‌گه‌یاند، ئه‌م پیاوه نموونه‌ی ئه‌و شۆڕشگێرانه‌یه که ئاماده‌نییه له ده‌رئه‌نجامی ئه‌و ساڵه زۆرانه‌ی که له زیندانه‌کاندا ئه‌شکەنجه و ئازارێکی زۆری دیوه، ئه‌م خه‌باته زۆره‌ی به چه‌ند ساڵێک که‌می حوکمڕانی بگۆڕێته‌وه.
نموونه‌یه‌کی گرنگ و مه‌زنتریش، که هه‌میشه ناوی دووباره‌ده‌بێته‌وه و له‌سه‌ر زاره، ئه‌ویش شۆڕشگێڕی مه‌زن " شێ گیفارا" یه، که ده‌کرێت بکرێته نموونه‌یه‌کی باش و پێشه‌وایه‌کی مه‌زنی هه‌موو شۆڕشگێره‌کان. ئه‌و شۆڕشگێره جیهانییه‌ی، که کاتێک له کوبا توانی له کۆتایی شۆڕشه‌که‌دا، بگاته ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانی، وتی:
"له‌م کاته‌دا" واته حوکمڕانی" شۆڕش تووشی هه‌ڵپه‌ساندن ده‌بێت، شۆڕشگێره‌کان کاتێک له‌سه‌ر کورسی حوکم داده‌نیشن، تووشی سه‌رلێشێواندن و گومڕایی ده‌بن، منیش له‌کاتێکدا که خۆێنی شۆڕش له ناخمدا ده‌کوڵێت، ناتوانم دابنیشم."
هه‌رله‌به‌رئه‌وه وازی له پۆستی وه‌زیری و پله سه‌ربازییه‌که‌ی و سه‌رکردایه‌تی حزب هێنا و چوو له شوێنێکی تر به دوای شۆڕشدا بگه‌ڕێت، هه‌تاوه‌کو له کۆتاییدا له ڕێگای ئازادی‌دا شه‌هیدبێت، نه‌ک له ناو زه‌لکاویی حوکم و ده‌سه‌ڵاتدا بکوژرێت.
سه‌رچاوه:
سایتی الاوان
