
هاوڕێ کرێکار ـ ئازادی
ئەحمەد مەجید، چالاکوانی بواری جینۆساید و بەرپرسی ڕێکخراوی چاودێری کوردۆساید (چاک)، نوێترین زانیاری لەبارەی ڕێکارە یاساییەکانی پەیوەست بە تاوانبار عەجاج دەخاتە ڕوو و جەخت دەکاتەوە کە لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ ناوبراو هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکاندایە و کۆتایی نەهاتووە.
سەبارەت بە وردەکاریی کەیسەکە، ئەحمەد مەجید بە Azadi tv ڕاگەیاند، تاوانبار عەجاج تەنیا یەک سکاڵای لەسەر نییە، بەڵکو لە چەندین شاری جیاوازی وەک هەولێر، سلێمانی، کەرکووک و ناوچەی گەرمیان سکاڵای یاسایی لە دژ تۆمار کراوە. ووتیشی لە ئێستادا کەیسەکە لە ڕێڕەوی یاسایی خۆیدایە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامییان هەیە.
ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای تەواوبوونی قۆناغی لێکۆڵینەوە، تاوانبارەکە ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە تا سزای یاسایی خۆی وەربگرێت.
ئەحمەد مەجید ووتیشی، عەجاج بە یەکێک لە تاوانبارە سەرەکییەکانی کەیسی ئەنفال دادەنرێت و لە زیندانی (نوگرە سەلمان)دا دەستی هەبووە لە ئەشکەنجەدانی کەسوکاری ئەنفالکراوان، بۆیە پێویستە باجی ئەو تاوانانە بدات کە ئەنجامی داون.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەحمەد مەجید دڵنیایی دایە کەسوکاری ئەنفالکراوان و ڕایگەیاند کە وەک ڕێکخراوی چاودێری کوردۆساید (چاک) - کوردستان، لە ڕێگەی تیمێکی پارێزەرانەوە بە وردی چاودێری بەڕێوەچوونی کەیسەکە دەکەن.
ناوبراو هۆشداریشی دا لەوەی کە ڕێگە نادەن کەیسەکە بەلاڕێدا ببرێت و وتی، بەردەوام لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی ڕێگری بکەین لە هەر هەوڵێک بۆ لادانی کەیسەکە لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی.
ووتیشی دڵنیایی دەدەینە کەسوکاری ئەنفالکراوان کە دادگاییکردنی ئەم تاوانبارە گەورەیە بەردەوامە و ئەگەر هەست بە هەر لادانێک بکەین، بێدەنگ نابین و هەڵوێستی توندترمان دەبێت.