
کارۆخ سەید ڕزگار
ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی کۆتایی پێهاتووە و لەم قۆناغەدا کاتی ئۆپۆزسیۆنی جەماوەرییە.
بەڵام لە مێژووی حوکمرانی هەرێمی کوردستاندا، ئەزموونی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی نیشانی داوە کە نەک تەنها نەیتوانیوە ڕۆڵی چاکسازیی خۆی بەجێبهێنێت، بەڵکو زیاتر بووەتە هۆکاری دروستبوونی قەیران و زیادبوونی نێوان میلەت و دەسەڵات.
هەردوو حزبی دەسەڵات، بە هەڵسوکەوت و سیاسەتەکانیان، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خۆیان لە میلەت دوورخستووەتەوە و وەک دووژمنی میلەت دەرکەوتوون.
لە هەمان کاتدا، بەهۆی نەبوونی ڕۆڵی دروست و بەرپرسیار لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، میلەتیش بەرامبەر دەسەڵات هاندرایە سەر هەڵوێستێکی دوژمنکارانە.
لە لایەکی ترەوە، ئۆپۆزسیۆن بە بەکارهێنانی هەست و نیازی پاکی بەشێک لە هاوڵاتیان، ئەوانی کردووەتە ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی قازانج و پارە.
کاتێکیش کە ئەم ڕاستییانە دەردەکەون، میلەت لە دۆخێکی ناڕەوا وەک شتێکی فرۆشراو دەبینرێت، و دەسەڵاتیش بەشێکی گرنگ لە پشتگیریی کۆمەڵایەتی خۆی لەدەست دەدات.
بە بڕوای ئێمە، پێویستە هەردوو لا ـ دەسەڵات و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ـ بە شێوەیەکی جدی و بەرپرسیارانە لەسەر ئەم دژایەتییە بیر بکەنەوە و هەڵسەنگاندنێکی ڕاستەقینە بۆ ئەنجامەکانی بکەن.
چونکە ئەم بارودۆخە نەیتوانیوە هیچ بەرهەمێکی نیشتمانی یان چاکسازیی راستەقینە دروست بکات، بەڵکو تەنها هۆکاری دروستبوونی کۆمەڵێک دیاردەی لاواز و بێ کاریگەری بووە.
لە سیستەمە دیموکراسییەکاندا، ئۆپۆزسیۆن دەبێت ڕۆڵی پردێک بگێڕێت لەنێوان هاوڵاتی و دەسەڵاتدا، بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکی ئاسایی و دروست بەردەوام بێت و ڕێگە بۆ چاکسازی و ڕیفۆرم بکرێتەوە.
بەڵام لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی لاوازی و نەبوونی ئەم ڕۆڵە، ئەو پردە دروست نەبووە، و ئەنجامەکەی ئەوەیە کە هەردوو لا بە چاوێکی دوژمنکارانە سەیری یەک دەکەن.