بەیاننامەی مەڵبەندی هەڵەبجەی حزبی شیوعی کوردستان
لە ٣٨ـەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان..
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و قوربانیانی هەڵەبجە..
لە (٢٠٢٦/٣/١٦)دا، ٣٨ ساڵ بەسەر یەکێک لە دڕندەترین تاوانەکانی سەدەی بیستەمدا تێدەپەڕێت؛ ئەویش تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و دەوروبەرییەتی لەلایەن ڕژێمی بەعسی لەناوچوو. ئەو کارەساتەی بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە (٥٠٠٠) مرۆڤی بێتاوان و برینداربوونی هەزارانی دیکە و ئاوارەبوونی تەواوی دانیشتوانی ناوچەکە، کە تەنها تاوانیان "کوردبوون" بوو.
ئەم یادە لە کاتێکدا دەکەینەوە کە ناوچەکە لەبەردەم مەترسیی جەنگێکی ماڵوێرانکەر و گۆڕانکاریی گەورەدایە. هەرێمی کوردستان بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە، لە مەترسیی تێوەگلان و بوون بە سووتەمەنی ئەم ململانێیانەدایە. ئەمەش ئەرکێکی مێژوویی دەخاتە سەر شانی دەسەڵاتدارانی هەرێم و هێزە سیاسییەکان کە تەواوی تواناکانیان بۆ پاراستنی ئارامی و دوورخستنەوەی هەرێم لە ئاگری شەڕ یەکبخەن.
ئێمە لە مەڵبەندی هەڵەبجەی حزبی شیوعی کوردستان، وێڕای سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدان، داواکارین لە حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان:
١. پاراستنی قەوارەی هەرێم: گرتنەبەری سیاسەتێکی حەکیمانە بۆ پاراستنی گەلی کورد لە لێکەوتە نەرێنییەکانی جەنگی ناوچەکە.
٢. خزمەتگوزاری تەندروستی: چارەسەرکردنی بەپەلەی بریندارانی چەکی کیمیاوی و دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان، بۆ کۆتاییهێنان بەو ئازارە بەردەوامەی دوای ٣٨ ساڵ هێشتا لێیان دانەبڕاوە.
٣. دۆسیەی ونبووەکان: هەوڵی جدی و نێودەوڵەتی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە و گەڕاندنەوەیان بۆ باوەشی نیشتمان.
٤. قەرەبووکردنەوەی شایستە: کارکردنی جدی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوی کەسوکاری شەهیدان و تەواوی هەڵەبجەییەکان، وەک مافێکی یاسایی و دەستووری.
٥. ئاوەدانکردنەوەی شار: گەڕاندنەوەی سیمای شارستانی بۆ هەڵەبجە لە ڕێگەی تەواوکردنی دامەزراوە کارگێڕییەکانی پارێزگا، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی شایستە و تەواوکردنی پڕۆژە وەستاوەکان.
نەمری بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان.
شەکاوە بێت ئاڵای تێکۆشان بۆ دادپەروەری و ئاشتی.
مەڵبەندی هەڵەبجە
حزبی شیوعی کوردستان
١٦ی ئازاری ٢٠٢٦

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا