
ڕێگای کوردستان
لە کاتێکدا چەمچەماڵ کە بە پایتەختی شەهیدان و ئەنفال ناسراو و خاوەنی کێڵگەی گازی کۆرمۆرە و وەک یەکێک لە گرنگترین ناوچەکانی وزە دەناسرێت، بەڵام هاووڵاتییانی بەدەست کێشەی سەختی کەمی کارەبا و بێ ئاوی دەناڵێنن.
وێستگەی کارەبای چەمچەماڵ کە بە گازی سروشتی کاردەکات، توانای بەرهەمهێنانی ١٥٠٠ مێگاوات کارەبای هەیە، کەچی هاووڵاتییان لە کێشەی کارەبای نیشتمانیدا دەژین. لە ئێستادا، مووەلیدە ئەهلییەکان کە وەک چارەسەر بەکاردێن، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٦ی ئێواره بۆ ۱ی شەو دەکوژێنەوە، بێ ئەوەی ڕەچاوی هەبوون و نەبوونی کارەبای نیشتمانی بکرێت.
هاوکات لەگەڵ قەیرانی کارەبا، دۆخی ئاوی خواردنەوەش لە دۆخێکی خراپدایە. هاووڵاتییان لەنێوان ١٠ بۆ ١٥ ڕۆژ جارێک ئاویان پێدەگات.
سەرەڕای بەڵێنە دووبارەکانی حکومەت بۆ گەیاندنی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە، بەڵام تائێستا ئەو بەڵێنانە نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە دانیشتووانی ئەم قەزایە بێهیوابوونە لە چارەسەری کێشە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە چەمچەماڵ خۆی سەرچاوەی سەرەکی وزەیە بۆ بەشێکی زۆری هەرێمی کوردستان و قوربانییەکی زۆری لە پێناو نیشتمان داوە، بەڵام ئێستا بەهۆی پشتگوێخستنی خزمەتگوزارییەکانەوە، نیگەرانییەکان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونن.
