
ڕێگای کوردستان
لە ساڵی ٢٠١٢وە، کەرتی نەوت وەک شادەماری ئابووری هەرێمی کوردستان ناسێنرا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دە ساڵ لە هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت و تەنانەت دوای ڕاگرتنی هەناردەی فەرمی لە ساڵی ٢٠٢٣ و بەردەوامبوونی فرۆشتنی بە قاچاخ لە ڕێگەی تەنکەرەکانەوە، هێشتا هاوڵاتیان لە ناو جەرگەی قەیرانەکاندا دەژین و دەناڵێنن.
هەرێمی کوردستان تەنها پشت بە نەوت نابەستێت، داهاتی دەروازە سنوورییەکان، گومرگ، باج ، ڕسوومات، هاتووچۆ، فڕۆکەخانەکان و داهاتی ناوخۆیی وەک کارەبا، کە ساڵانە بڕە پارەیەکی خەیاڵی بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێننەوە. کەچی ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە جیاتی بوژانەوەی ژێرخان و خۆشگوزەرانی، چەمکی دابەشکردن بووەتە سەردێڕی هەمیشەیی و هەواڵی پەلەی میدیاکان.
لە هەرێمێکدا کە خاوەنی غاز و نەوتێکی بێشومارە، دابەشکردنی مووچە، نەوتی ماڵان، بەنزین و غازی ماڵان وەک دەستکەوتێکی گەورە نیشان دەدرێن. تەنانەت سەرەتاییترین مافەکانی ژیان وەک ئاو و کارەباش، هێشتا لە چوارچێوەی خشتەی دابەشکردندان و نەبوونەتە خزمەتگوزارییەکی بەردەوام.
ئەم دۆخە نیشانەی پرسیارێکی گەورە لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی داهاتەکان دروست دەکات، بۆچی وڵاتێک هێندە دەوڵەمەند بێت و هاوڵاتییەکانی هەمیشە لە چاوەڕوانی دابەشکردنێکی نوێدا بن؟
تاکەی ئەم دەسەڵاتە تێر لە چەوساندنەوەی میللەتەکەی خۆی ناخوات؟