
ئەمڕۆ شەممە ٤-٤-٢٠٢٦، لە درێژەی چالاکییەکانی ڕۆشنبیریی مەکتەبی ڕاگەیاندنی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، کۆڕێکی فیکری و سیاسی بۆ (دکتۆر مەهدی جابر) نووسەر و پسپۆڕ لە بواری یاسا و زانستە سیاسییەکان و مامۆستای زانکۆ سازکرد.
کۆڕەکە کە کاتژمێر ۱۰:۳۰ی بەیانی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی حزب لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، تیشکی خستە سەر بابەتێکی هەستیار لەژێر ناونیشانی:
«لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران لەسەر داهاتووی سیاسی عێراق و ناوچەکە».
لە میانی کۆڕەکەدا، دکتۆر مەهدی جابر بە وردی باسی لە ئەگەر و سیناریۆ جیاوازەکانی ئەو ململانێ چەکداری و سیاسییانە کرد کە ناوچەکەی گرتووەتەوە و بە شەڕێکی فرە ڕەهەندی ناوبرد و ڕوونیکردەوە سیاسی و ئابووری و سەربازیی و هتد... و ئەم جەنگە لەناکاو نەبوو بەڵکوو پێشوەختە ئەگەرێکی چاوەڕوانکراو بوو لەسایەی قەیرانەکانی سیستەمی سەرمایەداری و پاوانخوازییەکانیی کە ڕووبدات.
هەروەها ئاماژەی بەو کاریگەرییە ڕاستەوخۆیانە دا کە ئەم گرژییانە لەسەر سەقامگیری سیاسی و ئابووری عێراق و وڵاتانی دراوسێدا دروستیکردووە.
ئەم کۆڕە بە ئامادەبوونی، ڕۆشنبیران، سیاسەتمەداران و میدیاکاران بەڕێوەچوو، کە تێیدا ئامادەبووان بە سەرنج و پرسیارەکانیان بابەتەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.

