
شاندێکی باڵای حزبی شیوعی کوردستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە مەراسیمی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە و ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کرد.
شاندەکە بە سەرۆکایەتی هاوڕێ ئەبو کاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان پێکهاتبوو.
شاندی حزب چوونە سەر مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە و بە دانانی چەپکە گوڵی وەفا، ستایشی قوربانیدان و خۆڕاگری خەڵکی تێکۆشەری شارەکەیان کرد.
دواتر شاندەکەی حزبی شیوعی کوردستان سەردانی بارەگای ڕێکخراوی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەیان کرد. لەوێ لەلایەن سەرۆکی کۆمەڵەکەوە پێشوازییەکی فەرمییان لێکرا. لە دیدارێکدا باس لە دۆخی کەسوکاری قوربانیان و پێویستیی خزمەتکردنی زیاتری پارێزگاکە کرا، شاندی حزبیش جەختیان لە پشتیوانی بەردەوامی خۆیان بۆ داوا ڕەواکانی خەڵکی هەڵەبجە کردەوە.


