ئەمڕۆ، مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان، ڕاگەیەنراوێکی تایبەتی بە پشتیوانی وپاڵپشتی لە بانگەوازی " کۆدەنگیی نیشتمانی بۆ هەژاندنی ناوەندەکانی بڕیار لە جیهاندا"، بڵاوکردەوە و سەرەڕای پشتیگیری و پشتیوانی خۆی بۆ پرۆژەکه داواش دەکات هاوڵاتیانی کوردستانی و ئەوانەی باوەڕییان به ئازادی گەلان هەیە پاڵپشت و پشتیوانی ئەم بانگەوازە بن.
ڕاگەیەندراوێک لە مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان
لە سۆنگەی باوەڕبوونمان بە چارەنووس و تێکۆشانی هاوبەش، پشتگیری لە بانگەوازی (پڕۆژەی کۆدەنگیی نیشتمانی بۆ هەژاندنی ناوەندەکانی بڕیار لە جیهاندا) دەکەین.
حزبی شیوعیی کوردستان بەردەوام جەختی لە یەکڕیزی و گوتاری یەکگرتووی کوردستانی کردووەتەوە و پێی وایە یەکڕیزی، بنەمای سەرەکیی سەرکەوتن، پاراستنی ماف و ئازادییەکانمان و تەواوکردنی قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانییە؛ ئەمەش کۆمەڵێک ئەرکی هەمەلایەنەی هاوبەش دەخاتە ئەستۆی هەمووان.
حزبی شیوعیی کوردستان هەمیشە دووپاتی کردووەتەوە کە هەر دووبەرەکی و ناکۆکییەک، یان بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕق و کینە، زیان بە یەکگرتوویی دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە بەلاوە بنرێن و ڕێز لە جیاوازییەکان بگیرێت؛ چونکە یەکڕیزی بە مانای ڕەتکردنەوەی جیاوازییەکان نایەت، بەڵکوو هێز دەداتە بەرنامەی کاری هاوبەشمان لەپێناو ئامانجی گەورەی گەلی کوردستاندا.
جگە لەوەی پاڵپشتیی تەواو لە بانگەشەی یەکڕیزیی کوردستان دەکەین بەو میکانیزمەی کۆدەنگیی لەسەر بێت، لە هەمان کاتدا داواکارین هەر هاووڵاتییەکی کوردستانی و هەر مرۆڤێک کە باوەڕی بە ئازادیی گەلان هەیە لە هەر شوێنێک بێت، پاڵپشتیی خۆی بۆ پڕۆژەی یەکڕیزیی کوردستان ڕابگەیەنێت، کە لەلایەن زیاتر لە دووسەد کەسایەتیی سیاسی و ڕۆشنبیری کوردستانییەوە خراوەتە ڕوو.
لە کۆتاییدا، وێڕای پشتگیریکردن لە پەیامی سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرانی چوار پارچەی کوردستان، بە پێویستی دەزانین لەپێناو کوردستانێکی ئازاد، گەلێکی بەختیار و چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشی گەلاندا، گەلی کوردستان بتوانێت ڕۆڵی کارای خۆی لەم گۆڕانکارییانەدا ببینێت.
مەکتەبی سیاسیی
حزبی شیوعیی کوردستان
٢٥ / ٣ / ٢٠٢٦

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا