هۆکارەکانی دابڕانی کورد لە مێژوو -بەشی یەکەم

مەحمود چاوەش
 هانۆڤەر
09.03.2026

ئایا چی لە مێژووی ڕوداوەکانەوە فێربووین؟
بەشی یەکەم
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین، کە مرۆڤ پەند و ڕوداوە مێژووییەکان زوو وەبیر خۆی دەهێنێتەوە، بەڵام زۆر بە هێواشی لێیانەوە فێر دەبێت، یان باشتر بڵێین زۆر بە سستی کاریان تێدا دەکات. تەکنەلۆژیا، دەوڵەت و ئایدۆلۆژیاکان دەگۆڕدرێن، بەڵام شێوازە بنچینەییەکانی ئەم ئەزمونە مێژووییانە زۆر جار لەجێی خۆیاندا دەمێننەوە. بۆچی ئێمە ئەزموونەکانی مێژوومان لەبیردەچنەوە؟ ئەوە کاتێک مێژووی کورد پڕاوپڕ ئەزموونی چەوساندنەوە و بەکۆمەڵکوژی بووە؟ دیارە هۆکارەکانی ئەم گرێ مێژووییە گەلێکن و پێوستیان بە دواچونی فاکتە مێژووییەکانە. ئەگەر بەوردی بەدوای هەندێ ڕوداوی سەدەی ڕابردووی کوردستاندا بگەڕێین و لێکۆڵینەوەی زانستیانەی لەسەر بکەین، زۆرێك کەندوکۆسپ و ئاستەنگ دێنە ڕێگەمان. نەبوونی فاکت و دۆکومێت، فلیم و وێنە، یان نووسینی مێژوویی لەسەریان زۆر بەدەگمەن بۆ نەوەکانی دواتر بەجێهێڵراون، یان لە لایەن هەندێك لایەنی دژەکوردەوە نەهێڵراوە بکرێنە دۆکومێنتی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان (مێژووی دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان دوای یەکەمین جەنگی جیهانی نموونەیەکی ڕوونی ئەم مێژووەن، لێ فەرمانبەرانی ئەو دەمە نەیانهێشتووە هیچ دۆکومێنتێك، نووسینێك لەسەر ئەم ڕووداوانە بەئەنجام بگەیەنرێت، کە دژی دەسەڵاتی ئەوکاتە بووبێت. دەوڵەتی ئێستای تورکیش هەر بە هەمان شێواز و سیستێم کار لەم جۆرە ڕووداوانەدا دەکات. تا ئەم ڕۆژگارەش تورکەکان بە شێوەیەکی فەرمی و دەڵەتی دان بەم تاوانەدا نانێن، کە بە یەکێك لە ڕەشترین و شەرمەزارترین مێژووی ئیمپڕاتۆریەتی عسمانی و دەوڵەتی تازە دامەزراوی تورکی لە دوای یەکەم جەنگی جیهانیدا دەژمێردرێت. بارودۆخی کورد لەو وڵاتەدا ڕاستییەکی ئاشکرای تری ئەم فاکتەیە).
ئەم فاکتە مێژووییە لێواولێو (تەواو) بۆ مێژووی ئەم دەڤەرەی ئێمە دەگونجێت، ئاخر زۆرینەی دۆکومێنت و فاکتە مێژووییەکان لەناوبراون یان نەکراون بە دۆکومێنت. گەلەك سەیرئامێزە، کە مرۆڤ بوونەوەرێکی هێندە لاوازە، تەنانەت فاکتە مێژووییەکان بە شێوەیەکی هەڵگەڕاوەیی و ساختە بهۆنێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتووی. چی لەو مێژووانە فێربووین و فێرکراین؟ هەر گروپ و دامودەستگەیەك بە بەرژەوەندی و هەندێجار بە مەزاجی خۆی باس لە تاڵترین ڕووداوەکانی مێژوومان بۆ دەگێڕنەوە. وەچەکانی دوای خۆیان چ عیبرەتێك لەم مێژووە فێردەبن، لە نووسین و گێڕانەوەی درۆ؟ ئایا ئێمە دەتوانین ڕۆژگار و پاشەڕۆژێکی باشتر بۆ نەوەکانی دوای خۆمان بەم درۆ و دەلەسەیە دەستنیشان بکەین؟ بێگومان نەخێر. کەواتە دەبێت بیرکردنەوەمان ئاڕاستەی فاکتە زانستییەکانی مێژوو بکەین، بۆ ئەوەی وێنەیەکی ڕوون و بێلەکە بدەینە دەست نەوەکانی دوای خۆمان.

بە بیروڕای من ئەم خاڵانەی خوارەوە هەندێك هۆکاری ترن بۆ ئەم گرفتە مێژووییە.
ـ ڕەنگە فشار و ترس لە دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوە مێژووییانە هۆکارێکی تری ئەم دیاردەیە ڕونبکەنەوە، کە گەلی کورد لە ژێر دەسەڵاتی چەوسێنەری ئەو دەوڵەتانە بوون و هەر خۆشیان تاوانباربوون لە چەوساندنەوەی گەلی کوردا. تاکی کورد لە تەواوی مێژوودا هەوڵی ئەوەی داوە، لەسەر ژیان بمێنێتەوە و ترسی باسکردنی ئەم ئەزموونە مێژووییانەی بۆ نەوەکانی داهاتوی هەبووە، کە بەشێوەیەکی سیستماتیك بۆ ئەوانەی دوای خۆیان ماوەتەوە. کەرتبوون و پارچەکردنی کورد هۆیەکی زۆر گرنگە لەم میانەیەدا، کاتێكیش کوردیان چەوسانۆتەوە، خۆیان توانیویانە ڕووداوەکان لە چوارچێوە و ئارەزۆکانی خۆیان بهۆننەوە. کورد لە تەواوی مێژوودا برینێکی زۆر گەورەی بۆ ئێمە بەجێهێشتووە. ئەگەر بڕوانینە لایەنە سایکۆلۆژیەکەی ئەم دیاردە مێژووییە، ئەوا ئەو ڕاستیەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە ئەم چەوساندنەوەیە جۆرێك لە تراومای بۆ تاکی کورد پێکهێناوە و بەرەوڕوی تراومایەکی دەستەجەمعی کردۆتەوە (لە کۆتایدا باسی ئەم دیاردەیەش دەکرێت). بێگومان ئەم کاریگەریانە لە مێژووی جیهاندا، بە دیاریکراوی لە وڵاتانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و پارچەکانی دیکەشدا، ڕوویانداوە. لە مێژووی کوردیشدا بە شێوەی جیاواز دەربڕاوە. یەکێك لە گرنگترینیان کارکردن بووە لە سڕینەوەی ناسنامەی کورددا، کە تا ئەم ڕۆژگارەش کاری تێدا دەکرێت، ئاخر پەستانی ئەو چەوساندەوەیە زۆرجار بۆتە هۆکاری شکاندنی کەرامەت و ناسنامەی مرۆڤ. کاتێك مرۆڤ وەك “موڵك” یان “کاڵا” سەیردەکرێت یان دەنرخێندرێت، ئەوا هەست بە بێبەهایەتی و لاوازی هزری خۆی دەکات. بەکۆیلەکردنی مێردمناڵ و کچە یەزیدییەکان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە نمونەیەکی زیندوی ئەم ڕاستیەن، کەتاکو ئەم ڕۆژگارەش کچانی فڕێنراو و بەکۆیلەکراو لەبارێکی دەوونی سەخت و تڕاومایەکی کەسی و دەستەجەمعیدا بژین.
ئەمەش کوردی خستۆتە ڕەوشێکی دەرونی سەختەوە، ڕەنگە هەندێ تاکی کوردی ئالودەی فرەکەسایەتی (لە ناوەوە و لە دەرونیدا کوردە و لە دەرەوەدا ناچارە ناسنامەی خۆی بگۆڕێت) کردبێت. ئەم دیاردەیە کەسایەتی تاکی کوردی خستۆتە پەژارەوە و لە هەمانکاتدا جۆرێك لە هۆشیاری و خۆڕاگری لە مێژوودا پێبەخشیوە.
ـ کورد تاکو ئێستا خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نەبووە، لێ ئەو نەتەوانەی خاوەنی دەوڵەتن مێژووی دەڤەری خۆیان لە فێرگەکاندا دەڵێنەوە، بۆ ئەوەی نەوەی داهاتویان هەمان هەڵەی باوانیان دووبارە نەکەنەوە. لە مۆزەخانەکان و بە شێوەی فلیم یادگارییە مێژووییەکانیان بە شێوەیەکی یاسایی دەپارێزن. کورد زۆر جار ئەم دەرفەتانەی لەبەر دەستدا نەبووە.
ـ تاوانە مێژووییەکان بەرامبەر کورد بە شێوەیەکی دەستوری و یاسایی نەخراونەتە بەردەمی دادگاو، بەردەمی یاسای جیهانی بۆ مافی مرۆڤ و بەردەم ویژدانی مرۆڤەکان لە تەواوی جیهاندا. جوەکان زۆر بە وردی کاریان لەم مەیدانەدا کردووە، تاوانبارەکانی ئەم ڕوداوە مێژووییانەشیان هەندێجار بە سزا داوە (نمونەی ئادۆڵف ئایشمانی نازی، کە لە دوای دووەمین جەنگی جیهانی بەرەو ئەرجەنتین هەڵهات، لەپاش ئۆپەڕاتسیۆنێکی نهێنی توانرا ئایشمان بهێنرێتەوە بۆ ئیسڕائیل و ساڵی ١٩٦١ درایە بەر دادگای ئیسڕائیل. لەساڵی ١٩٦٢ دا لەسێدارە درا.) ئادۆڵف ئایشمان ئەندازیاری توانەوەی یان کۆمەڵکوژی جوەکان بوو، مێژووی ویژدانی گەلێك بوو، کە تاوانیان بەرامبەر کرابوو، بەرەو نەمانییان هەڵدێرن. ئەی ئێمەی کورد بە هەمان مێژوودا ڕۆنەچووین، هەمان کۆمەڵکوژی و کۆچی بە کۆمەڵ و برینی مێژوویمان نییە؟ کوان ئەو دادگایانەی تاوانبارانی رژێمی بەعسیان هاوردە بەر دادگا و بە پێوانە یاساییەکانی جیهانی و لۆکالی ئەمانەیان بەتاوانی کۆمەڵکوژی تاوانبارکرد. ئایا سەرانی کوردایەتی پاڵهێزنەبوون بۆ زۆر تاوان؟ بێگومان. ئەی ئێمەی کورد چەند لە تاوانبارانی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆریمان خستە بەردەم دادگا و بە شێوەیەکی یاسایی سزادران؟ ئێمە داوای هاوپشتیوانی و هاوسۆزی لە میلەتانی جیهان دەکەین، لەکاتێکدا خۆمان کارمان لە مێژووکەی خۆماندا بە ڕاستگۆیی و ئەمانەتەوە نەکردووە. ئەمە چ پەڕەدۆکسێکی مێژوویی دەڤەری ئێمەیە؟ ئایشمانەکان لە مێژووی ئەڵمانیاندا بۆنەتە سیمبۆلی شەرمەزاری بۆ نەوەکانی داهاتووی دووهەم جەنگی جیهانی، ئاخر جووەکان توانیان ئایشمان لە کوچە و کۆڵانە تاریکەکانی ئەرجەنتینەوە بەرەو دادگای ئیسڕائیل بفڕێنن. خۆ ئێمە تاوانبارەکانی جەنگی دژە کورد و کۆمەڵکوژەکانیان لەبەر دەمی خۆماندا بوون، ئەدی ئامادەکاری ئێمەی کورد چی بوو، بۆ بە مافی یاسایی خۆیانمان نەگەیاندان؟ ڕەنگە سەرانی بەرپرسی بەناو کوردایەتی بەرامبەر ئەم هەڵوێستە نانیشتمانیانە شەرمەزاربن بەرووی مێژوودا. لێرەدا تەنها دەبێژم، با نمونەیەک لە مێژووی جوەکان بۆ خومان دابڕێژین و پەندیان لێوە وەربگرین.

ـ لەبیرچونەوە هەمیشە نیشانەی لاوازی نییە، زۆرجار میکانیزمی خۆپاراستنە لە ئازار. کاتێك ئازار زۆر قوڵ دەبێت، مێشك خۆی لێ دووردەخاتەوە، بۆ ئەوەی ژیان بتوانێت بەردەوام بێت. (ئەمە ڕەنگە لایەنە سایکۆلۆژیەکەی ئەم دیاردەیە بێت)
ـ زۆرێك لەم ڕووداوە مێژووییانە بە شێوەی چیرۆك نەگواستراونەتەوە بۆ وەچەکانی داهاتو، بەڵکو بە شێوەی ئەدەبی (وەك لەنێو کوردا بە هۆنراوە بەرجەستە کراون )، یان بە شێوەی زارەکی (دەماودەم)، کە زیاتر سۆزدارانە نەك ڕیالیستیانە بەجێهێڵراون. کاتێك نەوەی نوێ لەم بارەوە زانیاری وەردەگرێت، تەنها وەك ئاژمارێك هەڵیان دەسەنگێنێت (یان مامەڵەیان لەتەکدا دەکات) و بە قوڵی هەست بە تاوانەکان ناکات. ئەمەش گرفتی ئەو پەیوەندیە لاوازانەیە، کە لەنێوان نەوەکاندا بەرجەستە بووە. پەروەردەی نەوەی داهاتوو لە ئەستۆی ئێمەدایە، خۆمان لەدەست ڕەگەزپەرست و فاشیزمی ئیسلامی تورك و عەرەب و فارس ڕزگار نەکردوو و بەهەمان مێتۆد نەوەی داهاتوش وەك خۆمانی لێدەکەین. ئەمە مەترسیەکی زۆر گەورەیە. تاکو ئەو کاتەی ئێمە خۆمان لەو سیستەمە فاشی و ڕەگەزپەرستە نەپارێزین و بەرەنگاری نەبینەوە، نەوە بەدوای نەوەکانی تردا بەهەمان خەڕەکی مێژوویی ئێمەدا دەچنەوە.

ـ بەزۆرەملێکردنی کورد بۆ ئایینی ئیسلام نەوەیەکی موسوڵمانی لە کورد دروستکردووە، کە لە کۆن و نوێشدا بەهۆی بیروباوەڕەکەیانەوە دژی گەلی خۆیان وەستاونەتەوە و لە بەرژەوەندی گەلەکانی عەرەب و تورك و فارسدا کاریان کردووە(لێرەدا دەبێت بێگومان موسڵمانی میللی و تەسەوفی لە ئیخوانی و سەلەفی جودابکرێنەوە، چونکە ئیخوانی و سەلەفی نۆکەری بێگانانن، دوانەکەی دی بەزۆریی کوردستانین). ئەم دیاردەیەش بەردەوام زیانێکی مەزنی لە ئێمە داوە. (ئاخر ئێمەی کورد دڵپاک و بەڕەحمین، زۆر بەزەییمان بەکەسانی لێقەوماو و بێپەنادا دێتەوە)، هەر بەم جۆرە بیرکردنەوە و هەڵوێستانە دوژمنانی کورد توانیویانە میللەتی کورد هەمیشە لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا هەڵبخەڵەتێنن و لە پشتەوە بە خەنجەری ژەهراوی لێیان بدەن.

ـ کورد مێژووی ڕووداوەکانی دەڤەری خۆی خۆویستانە لەبیر خۆی ناباتەوە، بەڵکو میکانیزمێکی سایکۆلۆژی ئەوتۆی بۆ خۆی و نەوەکانی چنیوە (ڕستووە)، کە لە پلەی یەکەمدا پارێزگاری لە مانەوەی خۆی بکات. ئەم دیاردەیە لە هەمان کاتدا زیانێکی گەلەك مەزنی لە خودی گەلی کورد داوە. زەبروزەنگی دوژمنانی کورد و چەوساندنەوەی ئەم میللەتە هێندە سەخت و پڕ ئازارە و جەرگبڕ بووە، کە باوانمان بە ترسێکی پڕژانەوە باسیان لە ڕووداوە کارەساتلەخۆگرەکان کردووە. وە بیرمدێت باوکم باسی ڕوداوەکانی حوزەیرانی ساڵی١٩٦٣ بۆ دەکردین، هەمیشە چاوەکانی پڕ فرمێسك بوون. ئێمە منداڵ بووین و لە هۆکارەکانی ئەم ڕووداوانە تێنەدەگەیشتین. باوکم دەگریا و لەناوەوە وەکو کورەی ئاگر دەسوتا و دەترسا دەنگی بەرز بکاتەوە، بۆ ئەوەی دەورودراوسێ گوێیان لە سکاڵاکانی نەبێت و نەگاتە دەست دەسەڵاتدارانی ڕژێمی بەعس. هەموو جارێك بە ئێمەی دەگوت بێدەنگبن و لەدەرەوە باسی نەکەن، خوا ڕۆژێك دێت حەقیان لێبکاتەوە. بەڵام ئەم یادەوەریانە لەسەر هزر و دەرونی مرۆڤی کوردا، لەژێر خاك و لە نێو خێزان و لە هۆنراوە و گۆرانیدا تۆمارکراون.

تراومای دەستەجەمعی

کاتێك چەوساندنەوە و وێرانکردنی کۆمەڵگەیەك بە شێوەیەکی سیستماتیکی بەرجەستە دەکرێت، ناکرێت بەتەنها باس لە تڕاومای تاک بکرێت، بەڵکو ڕوودەنێتە تڕاوماکی دەستەجەمعی. ئەم تڕاومایە لە زۆرینەیەکی ئەو کۆچبەرانەدا دەستنیشان دەکرێن، کە بەهۆکاری جەنگەکانەوە ڕوویان لە هەندەران کردووە و داوای پەناهەندەییان لەم وڵاتانە کردووە، کوردیش ژمارەیەکی زۆری ئەم پەناهەندانەن. کاتێك کۆمەڵکوژی و چەوساندنەوە بەسەر نەوەیەكدا دێت، تەنها ئەو نەوەیە، کە ڕووداوەکانی بەچاوی خۆی بینیوە، توشی ئازار و تراوما ناکات، بەڵکو ئەم تراومایە دەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتووش، جا ئەگەر ئەوان ڕاستەوخۆ ئەم بەسەرهاتانەشیان نەبینیبێت. نەوەکانی داهاتووش لەنێو ترسێکدا پەروەردە دەبن، کە ڕاستەوخۆ نەیانبینیوە، بۆیە هۆکارەکانی ترسەکەیان ڕوون نین و هەست بە نائاسایشی هەمیشەیی دەکەن. ڕەنگە هەندێجار هەست بە شەرم و تاوانباری خۆیان بکەن، بێ ئەوەی هۆکارەکان لایان ڕوونبن. زۆرجار باوانی ئێمە منداڵەکانیان بەوە پاراستووە، کە ڕوداوە دڵتەزێنەکانی مێژوویان بۆ باس نەکەن و دوبارەیان نەکەنەوە یان بە شێوەیەکی هێورتر بۆیان باسکردوون، بەڵام منداڵ هەست بەو ترسە دەستەجەمعییە دەکات و ناتوانێت بە وشە دەریان ببڕێت
(لێرەدا مەبەست لەوەیە، کە ناتوانێت گوزارشتیان لێبکات). کاتێك باوانمان وشەیەکیان لەسەر ڕودارێك بەڕوونی دەرنەبڕیوە، مانای ئەوە نییە، کە مناڵەکە هەستی بەو بێدەنگیە نەکردووە، ئاخر تڕاوما بە هەست دەگوازرێتەوە نەك تەنها بە وشە. کەواتە ئەم نەوەیە هەست بە شتێك دەکات، بەڵام نازانێت بە تەواوی هۆکارەکانی چییە.
وەبیرم دێ، کاتێك باوکم باسی ڕوداوەکانی “حامیەی شاری سلەیمانی، کە بە ٩ ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٣ ناسراوە و بۆ تۆقاندنی کورد بووە”، بۆ دەکردین، ئێمەی منداڵان پێکڕا دەکەوتینە بارودۆخێکی دەروونی زۆر سەختەوە، بەبێ ئەوەی بزانین لە ڕاستیدا چی و چۆن ڕویداوە، هۆکارەکانی چی بوون. ئەوەی باس دەکرێت لە ساڵی ١٩٦٣ دا بە یەکێك لە تاڵترین بیرەوەریەکانی شارەکانی کوردستانی باشور دەژمێردرێت و ناسراوە بە کۆمەڵکوژی لە سەرتاسەری کوردستاندا. عەشایەری عەرەبی ئێراق بەناوی (حەرەس قەومی) بە هاندانی بەعسییەکان لە کەرکوك و دەوروبەری ، لە کۆیە و سلەیمانی و هەولێر سەدان هەزار هاوڵاتی سیڤیلیان بەبێ هیچ دادگا و لێپرسینەوەیەك زیندانی کرد و زۆرێکیان لەوان کۆمەڵکوژ کرد. هەزاران ماڵ و موڵکی بێتاوانیان فەرهود کرد. کۆمەڵکوژی نێو حامیە و یاریگای شاری سلەیمانی لە دیمەنە ترسناك و خوێنڕێژییە بەناوبانگەکانن. ئەم ڕووداوە مێژووییە بە هێندەی قەوارەی تاوانەکان دۆکومێنت نەکراوە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی فلیمی ڤیدیۆ و نەبوونی ڕۆژنامەوانی لەو سەردەمەدا. ئەم بیرەوەریانە بە شێوەیەکی زارەکی (دەماودەم) لەلایەن چەند کەسانێکەوە یان چەند خێزانێکەوە باسکراون. ئەم کارەساتە مێژووییە لە بیرەوەری هەندێك خێزاندا ماوەتەوە و لە هەندێک نووسراوی مێژووییدا تۆمارکراوە، لێ بە شێوەیەکی فاکتی مێژوویی ئەرشیڤ نەکراوە. لەناو حامیەشدا کۆمەڵێکی زۆر لە گەنجانی شارەکە ڕەمی کران (سەرپێیی و پڕکێش). لەم بارەوە هیچ ئامارێکی فەڕمی ڕوون بڵاونەکراوەتەوە. حکومەتی بەعس هەوڵی داوە ڕوداوەکان بشارێتەوە و بەهۆکاری ناڕاستانە خراونەتە بەر دەست. جگە لەوەش خێزانە کوردەکانیان ترساندووە و قسەکردنیان لەم بارەوە لێ قەدەغە کراوە. زۆرێك لەم خێزانانە تا دوا ساڵەکانیش نەیاندەزانی چی بەسەر کەسوکارە کوژراوەکانیاندا هاتووە. حامیە بووە ڕەمز و هێمای تاوانەکانی دەوڵەتی بەعس، بەبێ ئەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو کرابن بە دۆکومێنت. ئەم نەوانەی ئێستا دۆکومێنتێکی ئەوتۆی ئەم ڕوداوانەیان لەبەر دەستتدا نییە، تاکو بە شێوەیەکی مێژووناسانە لێی بتوێژنەوە. ئەمە گرفتێکی گەلەك ئاڵۆز و لە هەمان کاتدا پێویستە لایەنە فەرمییەکانی کورد، بەتایبەتی زانکۆکان، بۆ گەشەپێدانی ئاگایی نەتەوەیی کوردی فرە لایەن لێی بتوێژنەوە.
گرفتەکەش لەوەدایە، کە تیمی کوردی خۆماڵی بۆ کۆڵینەوە لەم کارەساتانە دروست نەکراون. ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت، ئەگەر بگوترێت زۆرینەی لاوان و ئەم نەوە تازەیە ئاگاداری ئەم ڕوداوانە نەبن و تەنانەت بەر گوێشیان نەکەوتبن. ئەگەر ئەم ڕووداوانە بخرێنە سیستەمی فێرکارییەوە لە خوێندنگەکاندا، بە تایبەتی لە وانەکانی مێژوودا، ڕەنگە ڕویەکی تر بدرێتە وەبیرهێنانەوەی ئەم ڕووداوانە.
هەندێجار هۆکارەکانی ئەم دیاردەی دووبارەبوونەوەیە ئەوەیە، کە مرۆڤ ئارەزوی بۆ دەسەڵات هەیە، ئەوجا گەر بەو دەسەڵاتە گەیشتبێت ترسی لەدەستدانی دەسەڵاتەکەی هەبووە. زۆرینەی کۆمەڵگەکان وا بیر دەکەنەوە، کە ئەوان لە کۆمەڵگەکانی تر مۆدێرنتر و زیرەکتر و بەئەخلاقترن، کۆمەڵگەکانی تورك و فارس و عەرەب نموونەیەکی زیندوی ئەم ڕاستیەن، کە ئەوان هەمیشە کولتوورەکانی خۆیان لە کولتووری کوردی بەرزتر نرخاندووە، کە ئەمەش پێچەوانەکەی ڕاستە.
ئەوان هەمیشە لە گۆشەنیگای دەسەڵاتەوە ڕەچاویان کردووە، نەك لە گۆشەنیگای شیکاری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە.
ئەم باوەڕە دەبێتە هۆکاری ئەوەی، کە ئێمە هۆشداری و ئەزموونەکانی مێژوومان پشتگوێ بخەین. لێرەدا مێژوو وەك ئەزموون و پەندێك نابینین، بەڵکو وەك چیرۆکێك، کە پەیوەندی بە ئێستاوە نەبێت، جا ئەگەر چی ئەزمونە تاڵەکان لە مێژوودا زۆرجار دووبارە بوونەتەوە، جا ئەگەر تەنانەت گۆڕانە مێژووییەکان لەدەساڵاتدارییەکی پاشایەتی، دیکتاتۆری یان بەناو دیموکراسیدا بووبێتن. سەرباری ئەوەی ئەزموونەکان بەردەوام دووبارە دەبنەوە، بەرامبەریان نایەکسانی و نادادپەروەری پتر پەرە دەسێنن، چینە دەسەڵاتدارەکان لە ژیانی رۆژانەی ئەوانی تر دوور دەکەونەوە، باوەڕ بە دامەزراوەکان کەم دەبێتەوە و لەپاڵ ئەمانەشدا پۆپۆلیستەکان بەڵێن بۆ چارەسەری سادەی گرفتەکان دەدەن، بەبێ ئەوەی ڕۆبچنە ناوەڕۆکی گرفت و تەنگژەکانی کۆمەڵگەوە.
هەندێ جار پرسیار لە خۆمان دەکەین، بۆچی مێژوو دووبارە دەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی مێژووی دەڤەری ئێمە لێواولێو پڕە لە کارەساتی پڕ ئازای مرۆڤی و سروشتی.
لە ساڵەکانی سەدەی ڕابووردوودا، ڕەنگە کۆتایی شەستەکانی سەدەی بیست بووبێت، پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان لەو دەڤەرەی ئێمە لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا بوو. گرفت لەوەدا نەبوو، مرۆڤەکان بە چ ئاڕاستەیەکدا دەڕوانن و خۆ لە چ پڕۆسەیەکدا دەبیننەوە، بەڵکو لەوەدا بوو، چۆن وەکو ماشێن ئالودە و ئاڕاستەی دەستەجەمعییەکان بکرێن، نەك وابەستەی بیروڕاکانی تاکەکەسیەکانی خودی خۆیانبن. گرفتەکان لەوەدا نەبوون، کە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری بونیاد و ئاڕاستەکانی مرۆڤی کوردی ئیفلیج کردبوو، بەڵکو لەوەدا بوو کە زۆرینەیەك لە مرۆڤەکان بەرەو دەستەجەمعییەتێک ڕاپێچ دەکران، تا لەنێو خۆیاندا چاودێر و ملشکێنی یەکدیبن .
کەواتە کۆمەڵگەی ئێمە زۆرجار هەوڵدەدات، ئەزموونە مێژووییەکان پشتگوێ بخات نەك ڕووبەروویان بوەستێتەوە. ئێمە هەمیشە هانا بۆ دەرەوە دەبەین، لەتەك ئەوەشدا، کە ئێمە زۆر ڕێسۆرسی مرۆڤی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیمان هەیە. زۆرینەی جار ڕۆڵی قوربانی و تاوانباری تێکەڵی یەکتر دەکرێن. ئێمە لێرەوە دەتوانین پێشبینی بکەین “تڕاومای چارەسەرنەکراوی ئەزموونە مێژووییەکان” بەدوی خۆیدا تڕاوماکی نوێتر و توندوتیژتر بهێنێت. ئاخر مێژوو تەنها بۆ فێربوون نییە، بەڵکو بۆ بەکارهێنانیشە، نەك ببێتە چەکێك، بەڵکو ببێت بە کتێبێکی فێرکاری. فێربوونیش ئارامیی گەرەکە، ئاخر ئەگەر مرۆڤ بکەوێتە تەنگژەوە، ئارامی لەدەست دەدات، تەنانەت پەنا دەباتە بەر شێوازێکی دی، ئەگەر زیانبەخشیش بێت، ئەویش چونکە ترس بەچەشنێك مرۆڤی نێو تەننگژە دەتەنێت، کە ڕابردوو وەبیر خۆی نەهێنێتەوە. بۆ ئەوەی مێژوو نەبێت بە چیرۆکی هۆنراوە، گومانی تێدا نییە هەندێك خاڵ دەشێت وەك ڕێگر ڕەچاو بکرێن، وەك فێرخوازی، پەروەردەکردن لەسەر مێژوویەکی ڕاستگۆیانە نەك شکۆدارکردنی، تەوازوع بەرامبەر هەڵەکانمان و وەبیرهێنانەوەی ئەزموونە مێژووییەکان، کە ئۆرگانەکانە زانستییەکانی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی ڕێکخراو ئەنجامی دەدەن.
جا سەرنجێك لە مێژوومان رەنگە ڕامانبچلەکێنێ و ڕوبەڕووی گەلەك پرۆسەی تاڵمان بکاتەوە. ئەم دووبارەبوونەوەیە لەو ڕۆژگارانەدا، کە ڕژێمی بەعس لە عێراقدا دەسەڵاتی یەکەم بوو، جاشایەتی و کارکردن لەتەك ئەم ڕژێمەدا هەمان خەڕەکی دووبارەبوونەوەی مێژووی کورد بوو. هەمئێستاش ئەم دووبارە و سێبارەبوونەوەیە بەردەوامە و ئەنجام و بەروبوومەکەی ئێستا لە هەرێمی خۆماندا دەچنینەوە.

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا