
لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە شاری کەرکوک، ماتۆڕسکیلێک خۆی بە پیاوێکی بەتەمەندا دەکێشێت و بەهۆیەوە ڕاستەوخۆ گیانی لەدەستدەدات، ماتۆڕسوارەکەش لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵدێت.
پەیامنێرمان لە کەرکوک ڕایگەیاند، ڕووداوەکە لە نزیک بەنزینخانەی شۆرجە ڕوویداوە، کاتێک ماتۆڕسکیلێک بە توندی خۆی کێشاوە بە هاوڵاتییەکدا بە ناوی (حامید محەمەد سەعید)، تەمەن ۷۳ ساڵ و پیشەی کرێکارە.
قوربانییەکە دانیشتووی گەڕەکی ڕووناکیی شاری کەرکوکە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە دەستبەجێ لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستداوە. ووتیشی دوای ڕوداوەکە ماتۆڕسکیلەکە هەڵاتووەو لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان گەڕان و بەدواداچوونیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارە هەڵاتووەکە دەستپێکردووە.
