كەشناسێك پێشبینی دەكات ئەمڕۆ شەممە لە هەندێك ناوچەی هەرێم تاوەباران هەبێت.

ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی  دەڵێت " ئەمڕۆ شەممە ١١ ی نیسان لە ئەنجامی هاتنی هەوایەکی شێدار لە دەریای سوور و کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست ئاسمانی هەرێمی کوردستان لەکاتەکانی نیوەرۆوە بە زۆری ئەگۆرێت بۆ نیمچە هەور و لە شوێن و ناوچەی جیاجیادا هەورە بروسکە و تاوە بارانی کورت خایان دەستپێدەکاتەوە و لەناوچە شاخاویەکان تاوە بارانەکان بەخوڕ ئەبن، پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ ٢ پلە نزمدەبنەوە".

هەروەها ئاماژە بەوە دەکات ، بای باشور و باشوری رۆژهەڵات لەکاتەکانی بەیانی بۆ ئێوارە چالاک ئەبێت بەخێرای ١٥-٣٥کم/ک ، لە کاتەکانی ئێوارە و بەتایبەت شەو کاریگەری ئەو ناجێگیریە لەکەش و بەرگەهەوای ناوچەکەدا زیاتر ئەبێت و ئەگەری چالاکبوونی هەورە بروسکەی بەهێز و تاوە تەرزە و بارانی بەخوڕ ئەبێت بەتایبەتیش لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سۆران و راپەرین و ناوچە شاخاویەکانی باکوری پارێزگای دهۆک کاریگەری زیاتر ئەبێت ، لەناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکوک و سەنتەری پارێزگای هەولێر و دهۆکیش ئەگەری چالاکبوونی هەورە بروسکە و تاوە بارانی لاواز بۆ مامناوەندی کورت خایان ئەبێت.

لەبارەی کەشوهەوای یەک شەممەوە، ئاراز جەبار پێشبینی دەکات، یەک شەمە کاریگەری ئەو حاڵەتە ناجێگیریە بەهێزتر ئەبێت و ئەگەر هەیە لەهەندێ شوێندا لافاو دروستببێت لەگەڵ بارینی تەرزە بەقەبارەی گەورە.

وتاری نووسەران