ستار ئەحمەد

قۆرخکاری لە کایەی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەوانی و گۆڤارە ڕامیارییەکانی کوردستاندا، تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی یان کارگێڕی نییە، بەڵکو پەتاکە گەیشتووەتە ناو قووڵایی جەستەی وشیاریی نەتەوەیی و ڕامیاریی ئێمە. کاتێک باس لە میدیا و بڵاوکراوە دەکەین، لە ڕاستیدا باس لەو ئاوێنەیە دەکەین کە دەبێت ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی تێدا ڕەنگبداتەوە، بەڵام ئەوەی لە ئێستای ناوەندی سیاسیی ئێمەدا دەگوزەرێت، گۆڕینی ئەم ئاوێنەیەیە بۆ دیوارێکی ئەستوور کە تەنیا دەنگی دەستەیەک و تاقمێکی دیاریکراوی لێوە دەبیسترێت. ئەم جۆرە لە دەستبەسەرداگرتنی سەکۆکانی ڕۆژنامەو زانستدا، گەورەترین مەترسییە بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی و ئازادیی ڕادەربڕین، چونکە کاتێک ڕێگەی بڵاوکردنەوە لە نووسەرە ڕەخنەگر و سەربەخۆکان دەگیرێت، کۆمەڵگە لە بینینی ڕەهەندە جیاوازەکانی ڕاستی بێبەش دەکرێت. ئەم قۆرخکارییە وا دەکات کە ڕۆژنامەگەری لە ئەرکە پیرۆزەکەی خۆی کە گەڕانە بەدوای ڕاستی و چاودێریکردنی دەسەڵاتدا، دابماڵرێت و ببێتە ئامرازێکی سادە بۆ جوانکردنی ڕووی ناشیرینی بڕیارە سیاسییەکان و شاردنەوەی کەموکوڕییەکان.
ئەو دیوارە بەرزەی کە لە دەوری گۆڤار و ڕۆژنامە ڕامیارییەکان کێشراوە و بووەتە هۆی داخستنی دەرگا ڕۆشنبیرییەکان، وایکردووە کە پێنووسە بوێرەکان هەمیشە لە پشت دەرگا داخراوەکاندا بمێننەوە. ئەم دۆخە نالەبارە هۆکارە بۆ ئەوەی ،کە جۆرێک لە ئەرستۆکراتییەتی نووسین دروست ببێت، کە تێیدا تەنیا ئەو کەسانەی لە بازنەی سوود و بەرژەوەندییەکانی پارت و لایەنەکان نزیکن، مافی ئەوەیان هەبێت لاپەڕەکان بە دیدگای خۆیان پڕ بکەنەوە. دەرەنجامی ئەمەش دروستبوونی جۆرە خوێنەرێکی بێزار و نائومێد بووە کە چیتر متمانەی بە وشەی چاپکراو نەماوە، چونکە دەزانێت ئەوەی دەیخوێنێتەوە نەک ڕەنگدانەوەی ئازارەکانی ئەو نییە، بەڵکو تەنیا دووبارەکردنەوەی پیاهەڵدان و پاساو ھێنانەوەیە بۆ شکستەکان. کاتێک بیرمەندێک یان توێژەرێکی لێهاتوو دەبینێت کە بابەتە بەپێزەکانی بە پاساوی جۆراو جۆر ڕەت دەکرێنەوە و لە جیاتی ئەوە وتاری لاواز و پڕ لە هەڵەی زمانەوانی بڵاو دەکرێنەوە تەنیا لەبەر ئەوەی نووسەرەکەی سەر بە تاقمێکی تایبەتە، ئیتر لێرەدا کۆتایی بە داهێنان و سەروەریی مەعریفە دێت.
لە لایەکی ترەوە، ئەم قۆرخکارییە زیانێکی قەرەبوونەکراوەی بە زمانی کوردی گەیاندووە. ئەو نووسەرانەی کە بە هۆی سۆز و ناچاریی سیاسییەوە دەبنە خاوەنی ستوونی جێگیر لە ڕۆژنامەکاندا، زۆربەی جار بێباکن لە ئاست جوانی و پاکی و پاراوی زمانەکەمان. ئەوان وشە تەنیا وەک ئامرازێکی گەیاندنی پەیامی ڕامیاری دەبینن و هیچ گرنگییەک بە ڕەوانبێژی و پاراستنی فەرهەنگی کوردی نادەن. ئەمەش وایکردووە کە زمانێکی وشک و بێ گیان باڵ بەسەر میدیای ئێمەدا بکێشێت کە پڕە لە دەربڕینی نامۆ و وەرگێڕدراو. ئەگەر بڵاوکردنەوە سەربەخۆ بوایە و کێبڕکێ لەسەر بنەمای لێهاتوویی بوایە، بێگومان ئەو نووسەرانە دەردەکەوتن کە زمانیان وەک شمشێر تیژ و وەک کانی ڕوونن، بەڵام داخستنی دەرگا ڕۆشنبیرییەکان ڕێگەی لەم گەشەسەندنە گرتووە و زمانەکەمانی بەرەو جۆرێک لە هەژاری و لاوازی بردووە.
پێویستە ئەوەش بڵێین کە بەردەوامیی ئەم ڕێچکەیە، دەبێتە هۆی کوژانەوەی چرای هۆشیاری لەناو نەوەی نوێدا. کاتێک گەنجێکی خوێندەوار دەبینێت کە مەیدانی ڕۆژنامەگەری سیاسی تەنیا بۆ کەسانی ماستاوچی و بەرژەوەندیخواز کراوەیە، ئیتر هاندەرێکی بۆ نامێنێت تاوەکو پەرە بە توانای نووسین و بیرکردنەوەی خۆی بدات. ئەمە وایکردووە کە ئێستا لە ناوەندی سیاسیی ئێمەدا، جۆرێک لە وشکبوونی هزری بەدی بکرێت. ئێمە لە جیاتی ئەوەی ببینە خاوەنی خوێندنگەی هزری و ڕامیاریی جیاواز کە لە ڕێگەی گۆڤارەکانەوە ململانێی یەکتری بکەن، بووینەتە خاوەنی چەند دەزگایەکی تەخت و یەکڕەنگ کە تەنیا ئەرکیان بڵاوکردنەوەی هەواڵی کۆبوونەوەکان و ستایشی بێبنەمایە. ئەمە کوشتنی ڕۆحی ڕەخنەیە، و کۆمەڵگەیەکیش کە ڕەخنەی تێدا نەبوو، وەک ئاوێکی مەنگ وایە کە زوو دادەنیشێت و بۆنی دێت.
لە کۆتاییدا، دەبێت ئەو ڕاستییە بڵێین کە ڕزگارکردنی ڕۆژنامەگەری و گۆڤارە سیاسییەکان لە چنگی قۆرخکاری، ئەرکێکی نەتەوەییە. پێویستە خاوەن بڕیارەکان تێبگەن کە پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە ڕێگەی بێدەنگ کردنی دەنگە ئازادەکان و داخستنی دەرگا ڕۆشنبیرییەکان، تەنیا کاتییە و لە ئاکامدا سەرجەم دەبنە قوربانیی ئەو نەزانی و بێدەنگییەی کە خۆیان دروستیان کردووە. پێویستە دەروازەی بڵاوکراوەکان بە ڕووی هەموو ئەو کەسانەدا بکرێتەوە کە خەمی نیشتمان و خەمی وشەیانە. با ڕێگە بدرێت پێنووسەکان بە بێترس بنووسن و با خوێنەر خۆی بڕیاردەر بێت کە کام بەرهەم شایستەی خوێندنەوەیە. تەنیا لە سایەی ئازادیی بڵاوکردنەوە و نەهێشتنی قۆرخکارییە ئایدیۆلۆژی و ڕامیارییەکاندا دەتوانین گەشبین بین بەوەی کە ڕۆژنامەگەری دەبێتە بزوێنەری گۆڕانکارییە ئەرێنییەکان و زمانی کوردیش وەک زمانێکی زیندوو و دەوڵەمەند لە ناوەندە بڕیاردەرەکاندا دەمێنێتەوە. هەر هەوڵێک بۆ مانەوە لەناو ئەم بازنە داخراوەی ئێستادا، تەنیا خزمەت بە تاریكی دەکات و کاروانی مەعریفە لەم وڵاتەدا پەکدەخات.

وتاری نووسەران