
سیسیلت ساولۆ، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی کەشناسیی جیهانی لە راگەیاندراوێکدا هۆشداری لە دەستپێکردنی دیاردەی ئەلنینۆ دەدات، کە تیایدا بە "توندی گۆڕانی کەشوهەوا روودەدات" و کە ئەگەری دەرکەوتنی لە مانگەکانی داهاتوو لە ٪٩٠ و ئەگەری هەیە کوردستانیش بگرێتەوە.
لە راگەیاندراوەکەدا رۆژی چوار شەممە، ٣ حوزەیران ٢٠٢٦، هاتووە "چانسی دەرکەوتنی دیاردەی ئەلنینۆ لە نێوان مانگی حوزەیران بۆ ئاب ٪٨٠ و لە مانگەکانی دوای ئەوە ٪٩٠ـە. پێشبینیش دەکرێت دیاردەکە زۆر بە توندی دەست پێ بکات، دیاردەی ئەلنینۆ فاکتەری سەرەکیی دیاریکردنی دۆخی کەشوهەوای جیهانە؛ کاریگەرییەکەشی لەو شوێنەی لێوەی دروست دەبێت کە زەریای هێمنە، تێدەپەڕێنێت و کار لە کشتوکاڵ، وزە، بازرگانی و فاکتەرەکانی ژیان لە هەموو ناوچەکە دەکات".
سەبارەت بەم دەرکەوتنی ئەم دیاردەیە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند "جیهان دەبێت وەک هۆشدارییەکی کەشناسیی بەپەلە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بکات".
گۆتێرێس وتوشیەتی "ئەلنینۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا زیاد دەکات، لێکەوتەکانیشی بە خێراییەکی وێرانکەر سنوورەکان تێدەپەڕێنێت، دەبێت بە شێوەیەکی کارا جیهان وەڵامی هەبێت و هەر زوو پشت بە وزەی نوێبووەوە ببەستێت، سیستمێکیش بێتە کایەوە کە پێشوەختە خەڵک لە مەترسییەکان ئاگادار بکرێتەوە".
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی لە هەرێمی کوردستان، لەسەر هەمان بابەت لە لاپەڕەی تایبەتی خوی نوسیویەتی "وەرزی دابارینی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ بە پایزێکی پڕ داباراناوی و زۆر باش خۆی نیشان دەدات و پێشوازیمان لێدەکات کە نیشانە گرنگەکان وادەری دەخەن کە ناوچەکە بەرەو وەرزێکی بێوێنە و پڕ لە گۆڕانکاری توند هەنگاو دەنێت کە تێیدا یەکگرتنی سێ سەرچاوەی گەورەی وزەی زەریایی و بەرگەهەوایی نەخشەیەکی ناوازە بۆ دابارین دەکێشن".
دیاردەی ئەلنینۆ بە تەنیا زریانێک یاخود لافاوێکی وێرانکەر نییە، بەڵکوو بەشێکە لە سیستمێکی ئاڵۆز کە بە "لەرەلەری باشووری نینۆ" ناسراوە، ئەمەش کاردانەوەیەکی خولییە لە نێوان زەریا و بەرگەهەوا لە ناوچەی هێڵی کەمەرەیی زەوی لە زەریای هێمن.
