
هاوڕێ کرێکار_ رێگای كوردستان
لەبەرامبەر بچووکردنەوەی قەزاکەیان، بەشێکی زۆری خانەقینیەکان نیگەرانن لە بێهەڵویستی سەرکردایەتی کورد و ڕایدەگەیەنن کە حکومەتی ناوەند بەپلان کار بۆ دابڕانی ناحیەکانی دەوری خانەقین دەکات و حکومەتی هەرێمیش هیچ هەڵویستێکی نیە و بیدەنگە. لەم ڕاپۆرتەدا خانەقینیەکان لە ڕێگای ڕیگای کوردستانەوە داوای هەڵویست و هاتنە جواب لە حکومەتی هەرێم دەکەن.
ئێمە داوای مافی خۆمان دەکەین
محەمەد پیروەلی (مامۆستا) ئاماژە بەوە دەکات: «ئێمە داوای مافی خۆمان دەکەین. لەبەرامبەر ئەوەی دەستێک هەیە دەیەوێت بەزۆر مافی خەڵکی خانەقین بخوات، خەڵکانێک هەن ساڵانێک شارەکەی ئێمە جێگای حەوانەوە و باوان بووە بۆی. ئێستا شوێن و جێگای خۆیان توندکردووە، کەوتوونەتە هەوڵی بچووکردنەوەی قەزاکەمان دەدەن. لەکاتێکدا ئێمە خاوەنی سەدان شەهیدین لە پیناو بەرگری لە شارەکە».
• پێویستە پەرلەمانتارانی کوردەکان لە بەغدا ڕێگیری لە بڕیاری حکومەتێکی ماوە بەسەرچوو بگرن
عەلی تالب (مامۆستای زانکۆ) دەڵێت: «ئەرکی پەرلەمانتارانی کوردەکانە لە بەغدا کۆدەنگی دروست بکەن و واژوو کۆبکەنەوە و ئاڕاستەی هادی عامری سەرۆکی مادەی ١٤٠ی بکەن و بڵێن: ڕەوا نیە دوو ناحیەی سەر بە مادەی ١٤٠ بکرێتە قەزا؟ بە چ یاسایەک ڕێگەپێدراوە؟ لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتێکی ماوە بەسەرچوو و بە بڕیاری وەزیرێکی بە وەکالەت بڕیاری بە قەزابوونی ناحیەیەک بدرێت، ئەگەر ئەم پلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو نەبێت».
• بە عەقڵیەتی شۆڤینی داعش مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن
سەلام عەبدوڵا (چالاکوانی مەدەنی و دانیشتووی خانەقین) بۆ ڕیگای کوردستان وتی: «ئێمە بە حکومەتی عێراق دەڵین: نامانەوێ دەستکاری مادەی ١٤٠ی دەستوری بکرێت و خانەقین پەراوێز بخرێت بە شیوەیەک بچووکبکرێتەوە تەنها سەنتەری شارەکە بمێنێتەوە. ئەم سیاسەتەی ئێستا دژی قەزاکەی ئێمە جێبەجێدەکرێت. عەقڵیەتی بەعسی شۆڤینی داعشییە و دژ ئێمە بەکاردێت».
• پلانی بچووکردنەوەی خانەقین کاریگەری لە سەر سیاسیەت و زمان و کلتوری شارەکە هەیە
ڕاژان ماجد (ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی) وتی: «بچووکردنەوەی خانەقین تەنها شتێک نیە لە سەر کاغەز یان نەخشە، بەپێچەوانەوە کاریگەری و لێکەوتەی جیاوازی دەبێت. ئێستا سیاسیە و سبەی کلتورییە و دوو سبەی ئابوریە و دواتر زمان و نەتەوایەتیمانە. گوڵاڵە و قەرەتەپە زەویی کوردە و ئێستا دەستێک هەیە بۆ ئەوەی پێناسەیەکی نوێ پێبدەن و لە کوردی وەرگرنەوە. بەڵگەش ئەویە لە شەڕی داعش چەندین شەهیدمان داوە. هەموو ئەم بابەتانە دەکرێت تەنها ئامانج لێی بچووکردنەوەی کوردە وەک نەتەوە».
• سەرکردایەتی کورد پشتی لە خانەقین کرد
حمە (هاووڵاتیەکی دانیشتووی خانەقین) وتی: «سەرکردایەتی کورد و حیزبەی کوردستانیەکان بە تایبەت پشتیان لە خانەقین و خانەقیینەکان کرد. ئەوەی ئێستا بەسەر ئێمەدێت هیچ جیاوازییەکی نیە لەگەڵ ئەوەی بەسەر ڕۆژئاوا هات. شارەکەمان بێناز کەوتووە و کەس ئاوڕی لێ نادات و دەیان بەرپرسمان هەیە ئامادە نین و نەبوون قسەیەک بکەن. بە بەرچاوی هەموو دونیاوە پارچە لە جەستەمان ئەکەنەوە لە پێنج ناحیە و خانەقین تەنها خۆی ماوە. کەسمان نەبینی لە حیزبی دەسەڵاتدارەکان هەڵویستێک دەربڕێت».
• جەلەولا قەزانیە و قەرەتەپە هەڵدەوە شێنینەوە
ئاوس ئیبراهیم (ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیاله و دانیشتووی خانەقین) بۆ ڕیگای کوردستان وتی: «وەزارەتی پلاندانان بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بڕیاری بە قەزابوونی جەلەولا داوە. ئەمەش پێچەوانەی یاسایە. پارێزگای دیالە و سەرجەم پارێزگاکانی عێراق کار بە سیستەمی لامەرکەزی دەکەن. ئەو سیستەمە ژمارەیەک خاڵی دیاریکردووە بە پێی مادەی ٢١ی ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ ساڵی ٢٠٢٨. یەکێک لەو بڕیارانە ئەوەیە: هەر پرسێک لە ڕووی یاساییەوە گرفت دروست بکات، یاسا پرسەکە یەکلای دەکاتەوە. ئێمە قبوڵ ناکین خانەقین بچووک بکرێتەوە و جەلەولا قەزانیە و بە قەزابوونی قەرەتەپە هەڵدەوە شێننەوە».
• تەنها میدیای کوردییەکان هاتونەتە خزمەت خانەقین
جواد فەیزوڵا (قائیمقامی قەزای خانەقین) پێوایە: «ئەوەی بەرامبەر بە خەڵکی خانەقین دەکرێت هەمووی پێشێلکردنی یاسایی و دەیانەوێ بە ڕێکاری نایاسایی خانەقین لە هەموو عێراق داببڕن. لەکاتێکدا سەعدیە خراوەتە سەر جەلولا، بەس ناحیەی سەعدیە نوسراوی بۆمان کردووە داوا دەکات لە سەر خانەقین بمێنتەوە. هیچ یاسایی ڕێگا نادات قەزایەک بچووک بکرێتەوە بۆ ناحیەیەیە. حکومەتی هەرێم نەهاتوونەتە سەرخەت جگە لە میدیاکارانی کوردستان».
• چەندین کۆبونەوە کراوە و پرسەکە وەک خۆیەتی هێشتا
ئەمیر خانەقینی (یەکێک لە سەرپەرشتیارانی نارەزایەتیەکانی شارۆچکەی خانەقین) بۆ ڕیگای کوردستان وتی: «دوای بڕیاردانی بە قەزابوونی جەلەولا، ئێمە ژمارەیەک چالاکی کردین. لەوانە: مانگترن و کۆبونەوە لەگەڵ حیزبەکان و چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان و هەروەها کۆبونەوە لەگەڵ دەستەی ناوچەکێشە لە سەرەکانی هەریم لە هەولێر. بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە هەڵنەوە شاوەتەوە و هەروەک خۆی ماوەتەوە».