
د. ئەرسەلان بایز
دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت و پەیمانی وارشۆ، دوای لاسەنگ بوونی دوو جەمسەری جیهان بە قازانجی ڕۆژئاوا و باڵا دەستی ئەمریکا، بیروباوەڕی مارکسی پاشەکشەیەکی زۆری کرد. ئیتر دەهۆڵی دژی مارکسیەت گوێی ئاسمانی کەڕ دەکرد. بانگەشەی ئەوەیان دەکرد. دوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی کۆمۆنیست و مارکسیەکان، ئەمریکا ئارامی و خۆشگوزەرانی و ئاسایش لە جیهاندا بەرقرار دەکات، گوایە ئەمە مژدەیەکی گەورە بوو.
بۆیە زۆربەی حیزبە کۆمۆنیستەکانی جیهان لە ژێر کاریگەری ڕووداوەکان و هەژموونی ئەمریکا و سەرمایەداری، ناوەکانی خۆیان گۆڕی. تەنانەت بەشی زۆری ئەندامانی پەیمانی وارشۆ بە جۆرێ بەلای ئەمریکا و سەرمایەداریدا شکانەوە. پێیان وابوو ئیتر ژیان دەکەنەوە بە بەر گەلان و ئاشتی لە جیهاندا بەرقەرار دەبێت.
بەڵام (گیڤار) لە وەڵامی ڕاگەیاندنی ئەو مژدەیەی کە سەرمایەداری و ئەمریکا هەمیشە دەیڵێنەوە، دەڵی: «هەر کاتێک شێر و پڵنگ دەستبەردار گۆشت خواردن بوون و پشتیان بە خواردنی ڕووەک بەست. ئەو کاتەش سەرمایەداری و ئەمریکا واز لە شەڕ و ئاژاوە و نائارامی دنیا دێنێن».
من ناڵێم سۆڤیەتی جاران فریشتە بوو. ناشڵێم بە هەشتیان بۆ هاووڵاتییانی خۆیان دروست کردبوو. بێگومان لەگەڵ ئەندامانی پەیمانی وارشۆش دادپەروەر نەبوون. بەڵام ئایا لە دوای نەمانی جەمسەری سۆڤیەت، کە جۆرێک لە هاوکێشەکانی جیهانیان ڕاگرتبوو، ئەمریکا و سەرمایەداری کۆتایی بە شەڕ هێنا بە هەشتیان بۆ گەلان دروست کرد...؟ یان نەمانی جەمسەری سۆڤیەت بووە هۆی واڵاکردنی دەستی شەڕ و چاوچنۆکی بۆ ئەمریکا ئیتر بە ئاڕەزووی خۆی لێرە و لەوێ شەڕ هەڵگیرسێنێ...؟
ئەمڕۆ ئەمریکا لە چەندین لاوە بەرەی شەڕی کردۆتەوە. هەر لە بواری ئاینیەوە تاکو سەپاندنی باج و زیاتر دەوڵەمەند بوون و داگیرکردنی وڵاتان. هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ترامپ، شەڕی بازرگانی لەگەڵ هەموو جیهان. بگرە پەیمانی ناتۆی هاوپەیمانی خۆشییەوە ڕاگەیاند. ئینجا بانگەشەی داگیرکردنی گرینلاند بە مەبەستی پێداویستی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا. داواکردنی کەنەدا بۆ پەنجاو یەکەمین ویلایەتی ئەمریکا. ڕفاندنی مادۆرۆ و هەوڵدان بۆ دەستبەسەر داگرتنی بیرەنەوتەکانی وڵاتی فەنزوێلا.
لە کوبا و هەڕەشەی کشانەوە لە پەیمانی ناتۆ. سەرباری هەموو ئەمانەش شەڕی ناوخۆی ئەمریکا لە بواری ئاینیەوە. ترامپ دەیەوێ بەرگی پیرۆزیی و نەبووەت بکاتە بیانووی سیاسەت و شەڕەکانی. ڕەوایی ڕشتنی خوێن و داگیرکردن و تێکدانی سەقامگیری جیهان.
ئەو جۆرە پڕکردنەوەیەش بە پێچەوانەی سیاسەتی چەندین سەدەی ڕابردووی ئەوروپا و ئەمریکایە لە جیاکردنەوەی ئاین لە حوکمڕانی سەر زەوی. واتە گەڕانەوەیە بۆ دواوە.
لەبەرامبەردا کێنیسای کاسۆلیک بە ڕابەرایەتی (پاپا) فاتیکان، کە ڕەگ و ڕیشەکەی لە خاکی ئەمریکایە، گەورەترین گورز لە ئەخلاق و سیاسەتی جەنگ و خوێن ڕشتن و کاولکاری دەدات. پێیان وایە ئاینی مەسیحی ئاینی لێبوردەیی و ئاشتیە. هیچ ڕەگێکی ئەخلاقی لە شەڕدا نیە.
بۆیە لێرەدا ناهاقمان نییە بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو بڵێین شەڕی مارکسیەکان لە پێناوی ئازادی گەلان بوو. بەڵام شەڕی سەرمایەدارەکان لە پێناوی تاڵانکردنی وڵاتانە.
هەر لەو بوارەشدا بە چاکی دەزانم ئەو قسەیەی (لینین) وە بیر خۆمان بێنینەوە کە دەیوت: «سەرمایەداری کە ئەمڕۆ (ئەمریکا نماینەدە و ڕێبەرایەتی دەکات) لەگەڵ شەڕ دوانەی یەکتر و لە یەکتر جودا ناکرێنەوە».
(هۆشی منە) ڕابەری ڕزگاریخوازی ڤیەتنامیش دەیوت: «لە هەر شوێنێ خەڵکانی دەست و قاچ پەڕیو، یان کوێرت دیت، لە هەر شوێنێ کاولکاری و وێرانەت دیت. بزانە دەستێکی ئەمریکایی لە پشتە».