ڕواندز - محەمەد حوسێن


ئەمڕۆ دووشەممە، ژمارەیەک لە خاوەن نانەواخانەکانی قەزای ڕواندز ناڕەزایەتییان بەرانبەر قایمقامی قەزاکە دەربڕی و ڕایانگەیاند کە لە کاتی سەردانیان بۆ گەیاندنی کێشەکانیان، بێڕێزییان پێکراوە و وەڵامی داواکارییەکانیان نەدراوەتەوە.
ئاکار، یەکێکە لە خاوەن فڕنەکان لە ڕواندز، بە رێگای کوردستانی ڕایگەیاند کە بەهۆی قەیرانی نەبوونی غازەوە نزیکەی ١٠ فڕن لە شارەکەدا داخراون، کە بژێوی زیاتر لە ٥٠ خێزانیان لەسەرە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد: کاتێک چووینە بەردەم قایمقامیەت بۆ گەیاندنی کێشەکانمان، قایمقام بە شێوازێکی نەشیاو وەڵامی داینەوە و پێی وتین بڕۆن چی دەکەن بیکەن، ئەوەش ئێمەی زۆر نیگەران کرد.
هاوکات ڕێژیار، کە خاوەن فڕنێکی دیکەیە، بۆ رێگای کوردستان باسی لە گرانبوونی نرخی غاز کرد و ووتی، نرخی غاز لە ٨,٥٠٠ دینارەوە بۆ نزیکەی ٣٠,٠٠٠ دینار بەرزبووەتەوە، بەو هۆیەوە ناتوانین کار بکەین. ئاماژەی بەوەشکرد، ڕواندز شارێکی گەشتیارییە و پێویستە ئاسانکاری بۆ کاسبکاران بکرێت نەک بەو شێوەیە مامەڵەمان لەگەڵ بکرێت. هەروەها ڕەخنەی لە شێوازی دابەشکردنی غاز گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە نادادی لە دابەشکردنەکەدا هەیە و بەشێکی زۆری ئەو غازەی دابین دەکرێت بۆ ناوچەکانی دەرەوەی ڕواندز دەڕوات.
لە بەرانبەر ئەم ناڕەزایەتییانەدا، قایمقامیەتی قەزای ڕواندز ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند کە قایمقام پێشتر پێشوازی لە خاوەن نانەواخانەکان کردووە و بە وردی گوێی لە داواکارییەکانیان گرتووە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە کە قایمقامیەت لە ڕێگەی لێژنەکانیان و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانەوە، لە ڕۆژانی جەژن و دوای جەژنیشدا بەپێی توانا غازیان بۆ نانەواخانەکان دابین کردووە بۆ ئەوەی کارەکانیان پەک نەکەوێت.
قایمقامیەتی ڕواندز جەختی لەوەش کردەوە کە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی غاز بەردەوامە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم گرفتە بەهۆی بارودۆخی شەڕ لە ناوچەکەدا دروستبووە، داواشیان لە هاووڵاتییان کرد هاوکار و تێگەیشتوو بن تاوەکو ئەم تەنگژەیە تێدەپەڕێنن.

وتاری نووسەران