هەولێر - بازنەی ئازادی

لە درێژەی چالاکییە فیکری و سیاسییەکانیدا، مەکتەبی ڕاگەیاندنی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان لە چوارچێوەی بەرنامەی (بازنەی ئازادی)، کۆڕێکی کراوەی بۆ پڕۆفیسۆر دکتۆر شێرزاد نەجار لەژێر ناونیشانی ترامبیزم وەک ئایدیۆلۆژیایەکی نوێ، چۆن لە جەنگی ئەمریکا دژ بە ئێران تێبگەین ساز کرد.

پڕۆفیسۆر شێرزاد نەجار لە میانی پێشکەشکردنی بابەتەکەیدا، خوێندنەوەیەکی ورد و زانستی بۆ چەمکی "ترامبیزم" کرد و ڕایگەیاند، "ترامبیزم تەنها گوزارشت لە کەسایەتی دۆناڵد ترامپ ناکات، بەڵکو بزووتنەوەیەکی سیاسی و ئایدۆلۆژیایەکی ڕاستڕەوی پۆپۆلیستی سەرمایەدارییە." ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەم ڕەوتە مەترسییەکی جدییە بۆ سەر ئاشتی جیهانی و کار دەکات بۆ لاوازکردنی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی.

لە بەشێکی تری کۆڕەکەدا، دکتۆر شێرزاد تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی ناو سیستەمی سەرمایەداری جیهانی و ئاماژەی بەوە کرد کە فیگەری ترامپ بەشێکە لەو وەرچەرخانە سیاسییانەی کە کاریگەرییان لەسەر گرژییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم جۆرە لە سیاسەت مەترسی بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست دەکات.

 

 

وتاری نووسەران