
ڕێگای کوردستان
لە کاتێکدا پشووی هاوینەی پەرلەمانتارانی کوردستان دەستی پێکردووە، دامەزراوەی یاسادانانی هەرێم لە دۆخێکی نائاسایی و پەککەوتوودا دەژی.
بە تێپەڕبوونی نزیکەی ١٨ مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەماندا، ئەم دەزگایە تەنانەت یەک کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام نەداوە و تەنها بە سوێندخواردنی یاسایی ئەندامان ماوەتەوە.
ئەم پەککەوتنە لەکاتێکدایە، سەرجەم پەرلەمانتاران، چ ئەوانەی سەر بە دەسەڵاتن و چ ئەوانەی لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتدان، مانگانە بڕی زیاتر لە هەشت ملیۆن دینار وەک مووچە و دەرماڵە وەردەگرن.
چاودێرانی سیاسی دەڵێن، ئەم دۆخە ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لە شەقام دروست کردووە، چونکە هاووڵاتییان پێیانوایە پەرلەمانتاران بێ ئەوەی ئەرکی چاودێری و یاسادانانیان جێبەجێ بکەن، لەسەر حیسابی دەنگی خەڵک و داهاتی گشتی مووچە وەردەگرن.
هەروەها چاودێران پێیان وایە ئەو مووچەیەی دەدرێت بە پەرلەمانتاران بەفیڕۆدانی داهاتی گشتییە کە مانگانە دەکاتە زیاتر لە (٨٠٠) ملیۆن دینار.
جەختشی لەسەر دەکەنەوە، خەرجکردنی ئەم بڕە پارە زۆرە لەکاتێکدایە خزمەتگوزارییەکان لەو پەڕی خراپیدایە و هاووڵاتیان تا ئێستا گیرۆدەی قەیرانەکانی کارەباو ئاو و دواکەوتنی مووچەن.
