گوڵاڵە ساڵح حەسەن

هاوسەریی ڕاستەقینە بنیادنانی ژیانێکی هاوبەشە لەسەر بنەمای ڕێزو متمانە و وەفاداریی دوولایەنە لەو سەردەمەدا زۆرجار چەمکی فرەژنی وەک چارەسەرێک یان مافێک نیشان دەدرێ بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەبێتە وەهمێک کە کۆڵەکەکانی خێزان و شیرازەی کۆمەڵگا بەرەو هەڵوەشانەوە دەبا هاوسەریی ڕاستەقینە لە کوالیتی په‌یوەندییەکەوە سەرچاوە دەگرێ نەک لە چەندایەتی هاوسەرەکان
​کاتێ پیاوێک ڕوو لە فرەژنی دەکات زۆرجار لەژێر پەردەی بیانووی جۆراوجۆردا خۆی دەشارێتەوە بەڵام لە ڕاستیدا دەبێتە هۆی دروستبوونی کەلێنێکی گەورە لە نێوان خۆی و هاوسەری یەکەمی وەفاداری کە گەورەترین سەرمایەی هاوسەرگیرییە غەدرێکی گەورەی لێ دەکرێ کە بە ئاسانی ساڕێژ نابێ ئافرەت کاتێک شوو دەکات چاوەڕێی ئەوەیە ببێتە تاکە هاوبەشی ژیانی مێردەکەی نەک بەشێک لە کێبڕکێ و غیرەکردن
​ئەو وەهمەی کە دەڵێ فرەژنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر دەکات لە واقیعدا شکست دەهێنێ چونکە ماڵێک ئاشتی و تەبایی تێدا نەبێ منداڵی لێهاتوو و بەختەوەری لێ بەرهەم نایە  جیاوازیی کردن لە نێوان منداڵەکان و تێکچوونی باری دەروونی خێزانەکە باجێکی گرانە کە کۆمەڵگا دەیدات
​لەبەر ئەوە هاوسەرگیریی سەرکەوتوو بە وەفاداریی ڕاستەقینە توند دەبێ پیاوی ژیر و بە ئەمەک ئەو پیاوەیە کە هەموو وزە و سۆزی خۆی بۆ یەک خێزان تەرخان بکات تەمەنی خۆی لەگەڵ هاوسەرێکدا بەڕێ بکات کە لە خۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵی بووە نەک ژیانی خۆی و دەوروبەری لەپێناو حەزێکی کاتی و وەهمی فرەژنییدا وێران بکات بەڕاستی، وەفاداری بەردی بناغەی ماڵێکی بەختەوەرە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا