ڕێگای کوردستان


​سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، کەچی هێشتا هیچ هەنگاوێک بۆ ئەو مەبەستە نەنراوە، ململانیەو ناکۆکییە ناوخۆییەکان و دیدگای جیاوازی سیاسی لەمپەرە لە بەردەم پرۆسەکە. ئەم پرسە لە ئێستادا بووەتە بابەتێکی گەرمی میدیایی و سیاسی لە نێوان لایەنە عێراقییەکان و هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەت کاتێک باس لە رێکخستنەوەی چەکی دەوڵەت و هێزەکان دەکرێت.
​لەم چوارچێوەیەدا، حەسەن فەدعەم، سەرکردە لە ڕەوتی حیکمە، ئاماژەی بەوە کردووە کە بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە حکومەت، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە چەکی پێشمەرگەش لەژێر فەرمانی حکومەتی فیدراڵیدا بێت.
​لە بەرامبەردا، بۆچوونی لایەن و پەرلەمانتارە  کوردییەکان جیاوازن. هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕەخنە لە حیزبە کوردییەکان دەگرێت کە سەرەڕای پشتیوانی نێودەوڵەتی، هێشتا نەیانتوانیوە پێشمەرگە یەکبخەن. لە کاتێکدا سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، پێشمەرگە بە هێزێکی فەرمی و دەستووری دەناسێنێت کە دەبێت وەک خۆی بمێنێتەوە.
پێشتریش مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، لە پەیامێکدا جەختی لەسەر کردەوە کە چەکی پێشمەرگە سیمبوڵی مێژووی خەبات و کەرامەتی گەلی کوردستانە و تەنها ئامرازێکی سەربازی نییە. بەمجۆرە.
ناکۆکی نێوان پێداگریی دەستووری، پرسی کۆنترۆڵکردنی چەکی حەشد و ململانێی حیزبی، وادەکات پرۆسەی یەکخستنی پێشمەرگە ساڵانێکی زۆر بێت بە نادیاری بمێنێتەوە و هاوپەیمانانیش لە ئاستی جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە بێئومێد بکات.
تا ئێستا دوو هێزی پێشمەرگە بوونی هەیە، کە پێشتر یەکەکانی حەفتاو هەشتاو ئێستاش فەرماندەیی دەڤەری یەک و دوویان پێدەووترێت و سەر بە یەکێتی پارتین، ماوەیەکی زۆرە لەناو خۆو دەرەوە داوای یەکخستنیان دەکرێت بەڵام هەردوو حزب گوێ لەم داواکاریە ناگرن.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا