
سەروتاری رێگای كوردستان
کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، تەنیا وێستگەیەکی خوێناوی نییە لە مێژووی ستەمکاریی ڕژێمی بەعسدا، بەڵکو گەورەترین تاقیکردنەوەی ویژدانی مرۆیی و سەنگی مەحەکی تیۆرییەکانی مافی مرۆڤە لە سەدەی بیستەمدا. ئەمڕۆ کە یادی ئەو تاوانە مێژووییە دەکەینەوە، نەک وەک یادەوەرییەکی دڵتەزێن، بەڵکو وەک داواکارییەکی سیاسیی قووڵ بۆ بنیاتنانەوەی شکۆی مرۆڤ لەم نیشتمانەدا لێی دەڕوانین. هەڵەبجە لووتکەی دڕندەیی فاشیزم بوو، کە تێیدا ئامێری بکوژی دەوڵەت، تەکنەلۆژیای جیهانی و بێدەنگیی نێودەوڵەتی یەکیان گرت بۆ سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیەکی بێ پشت و پەنا، کە تەنیا تاوانی، جەختکردنەوە بوو لەسەر بەدەستهێنانی ماف و داخوازییە ڕەواکانی.
هەڵەبجە لە مێژووی قوربانیدانی گەلەکەماندا سیمبولی خۆڕاگرییە و دەبێت بکرێتە هەوێنی یەکگرتووییەکی نیشتمانیی بەهێز و ڕێگر بێت لە دووبارەبوونەوەی مەترسییەکی هاوشێوە. پاراستنی ئەم یادە و جەختکردنەوە لە برینی بەسوێی گەلەکەمان، تەنیا بە گێڕانەوەی تراژیدیاکە نابێت، بەڵکو بە تێپەڕاندنی ئەو فۆرمە لە حوکمڕانییە دەبێت کە قوربانییەکانی دوێنێ دەکاتە پەراوێزخراوەکانی ئەمڕۆ. ئێمە لە کاتێکدا یادی ئەم مەرگەساتە جەرگبڕە دەکەینەوە، پێمان وایە باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدان، دابینکردنی ژیانێکی شایستە، ئاوەدانکردنەوەی ڕاستەقینەی شارەکە و چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە بۆ دانیشتووانی ئەم شارە و تەواوی کوردستان.
ڕەهەندی سیاسی ئەم یادە لەوەدا کورت دەبێتەوە کە جینۆساید تەنیا بە تێکشکاندنی فاشیزم کۆتایی نایەت، بەڵکو بە بنبڕکردنی ئەو عەقڵیەتە دەبێت کە هاووڵاتی وەک ژمارە و شار وەک گۆڕەپانی ململانێ دەبینێت. وەفای ڕاستەقینە بۆ هەڵەبجە، گۆڕینی هاوسەنگیی هێزە بە قازانجی خەڵک و گۆڕینی "شاری شەهیدان"ـە بۆ چەقی ناوەندێکی گەشەپێدان کە مرۆڤ لە سایەیدا بحەسێتەوە.
بۆ ئەمەش پێویستە بە جدی کار لەسەر ناساندنی هەڵەبجە بکرێت وەک جینۆساید و ئەم پرسە لە دروشمەوە ببێتە پابەندییەکی یاسایی، تا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەم تاوانە جەرگبڕەدا چیتر بێدەنگ نەبێت. دادپەروەریی ڕاستەقینەش تەنیا بە دادگاییکردنی تەواوی تاوانبارانی ناوخۆیی و ئەو کۆمپانیا بیانییانە دێتە دی کە دەستیان لە دابینکردنی چەکی کیمیاییدا هەبووە. دەبێت قەرەبووکردنەوەی شایستەی قوربانییان و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە بکرێتە کاری لەپێشینە لە دەوڵەتی نوێی عێراقدا، تا برینەکانی هەڵەبجە ساڕێژ ببن و ئەم یادە ببێتە قەڵایەک بۆ پاراستنی شکۆی مرۆڤ و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە چەوسانەوەیەک.