
ئەنجومەنی گشتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە نوسینی تابلۆکان بە زمانی عەرەبی لە شوێنە فەرمییەکانی شارەکانی رۆژئاوای کوردستان.
راگەیاندراوەکە ٩ ئایار ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە و تیایدا هاتووە "پشتگوێخستنی زمانی کوردی لەگەڵ رووحی رێککەوتنەکان و رەوتی یەکگرتنی نیشتمانی ناگونجێت، کە دەبێت لەسەر بنەمای بەشداری راستیی نێوان هەموو سوورییەکان بێت".
"وەک هەموو پارتە کوردی، عەرەبی و سریانییەکانی ناو بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، پشتگیری لە سەرخستنی مەرسوومی سەرۆکایەتیی ژمارە ١٣ـی تایبەت بە زمانی کوردی و جەژنی نەورۆزی وەک سەرەتایەکی ئەرێنی وەسف کرد"، پەیەدە وا دەڵێت.
لە بارەی دەستوری ئێستای سوریاوە پەیەدە وتویەتی "هەرچەندە هەندێک مادەی ئەرێنین، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە زۆرینەی هێزە سیاسییەکان و تەنانەت حکومەتی سوریاش کۆکن لەسەر ئەوەی ئەم جاڕنامەیە پێویستی بە پێداچوونەوە و هەموارکردنەوە هەیە تاوەکو گوزارشت لە ئیرادەی هەموو پێکهاتەکان بکات".
ئەنجوومەنی گشتیی پەیەدە جەختی کردەوە کە "نووسینی تابلۆکان بە زمانی کوردی نەک تەنیا لە حەسەکە، بەڵکو لە سەرتاسەری سوریا، بە واتای کەمکردنەوە لە سەروەریی دەوڵەت نایەت، بەڵکو بەهێزکردنیەتی. هەروەها داوا دەکەین مافە کولتووری و زمانەوانییەکانی گەلی کورد وەک دۆزێکی نیشتمانیی سووری سەیر بکرێن و لە دەستووری داهاتوودا جێگیر بکرێن".
پەیەدە دواوا دەکات "هەنگاوی راستی بنرێت بۆ کۆتاییهێنان بە سیاسەتی جیاکاری و نکۆڵیکردن کە لە رابردوودا بەرامبەر گەلی کورد پەیڕەو کراوە".
لە ٧ـی ئایار، ئەندامانی حکومەتی کاتیی سوریا تابلۆی ناساندنی کۆشکی دادیان لە شاری حەسەکە لادابوو، کە پێشتر بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی نووسرابوو، لەبری ئەوە تابلۆیەکی نوێیان دانا کە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی لەسەر بوو، ئەمەش بووە هۆی درووستبوونی نیگەرانی و ناڕەزایەتی لەلایەن دانیشتووانی شارەکە و جارێکی دیکە گۆڕدرا بۆ تابلۆیەک کە تەنیا بە زمانی عەرەبیە.
ماوەی چەند رۆژێکە لە ڕۆژئاوای کوردستان دژی عەرەبی نووسین لەسەر تابلوی شوێنە فەرمیەکان خۆپیشاندان بەڕێوە دەچێت.
