
ستار ئەحمەد
سەرباری گەشەسەندنی خێرای تەکنەلۆژیا و بڵاوبوونەوەی چاوەڕوان نەکراوی جیهانی ژمارەیی، چاپکراوەکان هێشتا وەک پایەیەکی سەرەکیی زانست و کولتوور پێگەی خۆیان پاراستووە. یەکێک لە گرنگترین سوودەکانی خوێندنەوەی کاغەز، بریتییە لە قووڵبوونەوەی سەرنج و دوورکەوتنەوە لەو سەرقاڵکەرە جۆراوجۆرانەی کە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دروستی دەکەن؛ چونکە پەڕتووک یان گۆڤارێکی چاپکراو، ژینگەیەکی ئارام بۆ مێشک دەڕەخسێنێت تا بتوانێت زانیارییەکان بە شێوەیەکی باشتر شیبکاتەوە. ئەم پەیوەندییە فیزیکییەی نێوان خوێنەر و پەڕە، نەک تەنیا تێگەیشتن خێراتر دەکات، بەڵکو لە ڕووی تەندروستییەوە پارێزگاری لە بینایی چاو دەکات و بۆ چۆنایەتی ژیانی دەروونی چاکترە.
بەڵام ئەمڕۆ چاپکراوەکان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدان و ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەتەوە، کە دیارترینیان کێبڕکێی توندی میدیای خێرا و بەرزبوونەوەی تێچووی چاپ و بڵاوکردنەوەیە. بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، پێویستە پرۆسەی گەشەپێدانی چاپکراوەکان لە گواستنەوەی هەواڵی ڕووتەوە بگۆڕدرێت بۆ بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکێکی شیکاریی قووڵ و وێژەیی بەپێز کە لە جیهانی ژمارەییدا بەو وردییە نادۆزرێنەوە. گەشەپێدان تەنیا لە جۆری کاغەزدا نییە، بەڵکو لەوەدایە چۆن بتوانرێت تەکنەلۆژیا وەک کۆدی هێڵکاری زیرەک) بخرێتە خزمەت دەقە کاغەزییەکان تا خوێنەر هەست بە نێوان گیرییەک بکات لەنێوان ڕەسەنایەتی و هاوچەرخێتیدا.
سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیە پێویستی بە بەڕێوەبەر و سەرنووسەرانێکە کە خاوەن دیدگایەکی کراوە و زانیاریەکی فرە ڕەهەند بن. پێویستە ئەو کەسانەی ئەم ڕۆژنامە و گۆڤارانە بەڕێوە دەبەن، تەنیا وەک فەرمانبەر کار نەکەن، بەڵکو وەک پاسەوانانی کولتوور و شارەزایانی دەروونناسی خوێنەر بن؛ کەسانێک بن کە بتوانن لەنێوان پاراستنی بەها ئاکارییەکانی پیشەی ڕۆژنامەنووسی و پێداویستییەکانی بازاڕی خوێندنەوەدا هاوسەنگی ڕابگرن. بەڕێوەبەری سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە دەزانێت خوێنەری ئەمڕۆ چیتر بە دوای زانیارییەکدا ناگەڕێت کە لە هەموو شوێنێک دەست دەکەوێت، بەڵکو بە دوای ڕاستی و وردەکارییەکدا دەگەڕێت کە تەنیا لەسەر لاپەڕەکانی ئەو دەزگایەدا دەدرەوشێتەوە.
لە بەرامبەردا، مامەڵەی خوێنەریش دەبێت لەگەڵ بڵاوکراوەکاندا بگۆڕێت؛ خوێندنەوەی چاپکراو نابێت تەنیا وەک کات بەسەربردن سەیر بکرێت، بەڵکو وەک پرۆسەیەکی هزری و ئەرشیفکردنی مێژوو. هەر بڵاوکراوەیەک کە دەگاتە دەستی خوێنەر، ماندووبوونی سوپایەک لە نووسەر، دیزاینەر و چاپکاری لەپشتە، بۆیە پاراستن و بەرزنرخاندنی ئەم بەرهەمانە نیشانەی زیندوویی هۆشیاریی کۆمەڵگەیە. جێگەی سەرنجە کە بڵاوکراوە کاغەزییەکان تاکە سەرچاوەی متمانە پێکراوی مێژوون کە لە مەترسییەکانی سڕینەوەی ئەلیکترۆنی و گۆڕانکاریی ڕاژەکارەکان پارێزراون. ئەوان ناسنامەی سەردەمەکانن و وەک ئەرشیفێکی نەمر دەمێننەوە، چونکە وشەی سەر لاپەڕە پێویستی بە هیچ وزەیەکی دەرەکی نییە بۆ ئەوەی دوای سەدەها ساڵیش پەیامی خۆی بگەیەنێت و ڕاستییەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو بگیڕێتەوە.
