
سکرتێری حزبی شیوعیی کوردستان، شەرعییەتی حکومڕانی لە هەرێم و بەغدا دەبەستێتەوە بە دابینکردنی مووچە و بژێوی خەڵک و ڕایدەگەیەنێت، نابێت تەنگژە هەرێمییەکان بکرێنە پاساو بۆ پشتگوێخستنی ژیانی هاوڵاتیان.
ئەبو كاروان، سكرتێری كۆمیتهی ناوهندی حزبی شیوعیی كوردستان، لە پەیامێکدا بەبۆنەی ٩٢یەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبی شیوعیی عێراق و کوردستان، هێرشێکی توند دەکاتە سەر ئەدای دەسەڵاتدارانی ههرێم و ڕایدەگەیەنێت: "هیچ دەسەڵاتێک شەرعییەتی نییە ئەگەر نەتوانێت مووچە، خزمەتگوزاری و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ گەلەکەی دابین بکات."
مەرجەکانی شەرعییەتی دەسەڵات
سکرتێری حزبی شیوعی جەخت دەکاتەوە کە ئەرکی دەسەڵات تەنها لە دروشمدا نییە، بەڵکو دەبێت ئەرکە دەستوورییەکانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و کاراکردنی دامەزراوە شەرعییەکاندا جێبەجێ بکات. ئاماژە بەوەش دەدات کە "نابێت تەنگژە هەرێمییەکان و شەڕی هێزەکان بکرێنە پاساوێک بۆ پشتگوێخستنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان."
خوێندنەوەی دۆخی ناوچەکە
سەبارەت بە ململانێ نێودەوڵەتییەکان، ئەبو کاروان هۆشداری دەدات لە گێژاوی نوێی پاوانخوازی و هەژموونی هێزە ئیمپریالییەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی وزە، کە بە وتەی ئەو "تەنیا ماڵوێرانی، هەژاری و ئاوارەیی بۆ گەلان لێ دەکەوێتەوە." هاوکات پشتیوانی حزبەکەی بۆ خواستی گەلانی ئێران دەربڕی بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی، ئازادی ژنان و جیاکردنەوەی کایەی سیاسی لە دامەزراوە ئایینییەکان.
٩٢ ساڵ تێکۆشان و ویژدانی بێدار
پەیامەکەی سکرتێری حزبی شیوعی ئاوڕێک لە مێژووی حزبەکە دەداتەوە کە لە ٣١ی ئازاری ١٩٣٤وە دامەزراوە. ئەو دەڵێت: "نەوەد و دوو ساڵە حزبی شیوعی وەک ویژدانێکی بێدار، بەرگەی هەموو گەردەلوولەکانی کۆنەپەرستی پاشا و دەربەگ و دیکتاتۆرییەکانی گرتووە." هەروەها تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی حزب لە خەباتی شاخ و شار، مانگرتنی کرێکاران و داکۆکیکردن لە مافی ژنان و یەکسانیی کۆمەڵایەتی.
کەلتوور و هونەر لە مێژووی شیوعییەکاندا
لە کۆتایی پەیامەکەدا، ئاماژە بە جێپەنجەی ڕوناکبیرانی حزب کراوە لە ئاستی کەلتووری و هونەریدا، لەوانە (شانۆ، سینەما، چیرۆک، وەرگێڕان و شێوەکاری) لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە وەک "خەرمان و تۆمارێکی شانازیبەخش" وەسفی کردووە.
ئەبو کاروان پەیامەکەی بە بانگەوازێک بۆ "یەکێتیی و گوتارێکی نیشتمانیی هاوبەش" کۆتایی پێهێنا، وەک تاکە ڕێگە بۆ پاراستنی نیشتمان و هەنگاونان بەرەو دادپەروەری و دیموکراسی.