ستار ئەحمەد

​لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کورددا، دیاردەیەک بەدی دەکرێت کە پێویستی بە وردبوونەوە و هەڵوەستەیەکی ژیرانە هەیە؛ ئەویش پرسی تێڕوانینی بەشێک لە تاکەکانی ئەم نەتەوەیەیە بۆ ئەو دەسەڵاتە ناوچەییانەی کە ساڵانێکی درێژە خەریکی چەوساندنەوە و لەناوبردنی هەموو جومگەکانی ژیانی کوردن. لێرەدا باس لە جۆرە گەوجاندنێکی هۆشیاری دەکرێت، کە تێیدا بکوژ و قوربانی لە ژێر پەردەی هاوبەشیی ئایینیدا جێگەیان دەگۆڕدرێتەوە. کورد وەک نەتەوە، لەوەتەی بوونی هەبووە، لە ناوچەکەدا لە لایەن ئەو دەسەڵاتانەوە قڕ دەکرێت کە زۆرجار خۆیان بە نوێنەری ئایین یان پیرۆزییەکان دەزانن، بەڵام لە ڕاستیدا ئایین لای ئەوان تەنیا کەرەستەیەکە بۆ فراوانخوازی و سڕینەوەی نەتەوەکانی تر.
​کاتێک لاپەڕەکانی مێژوو هەڵدەدەینەوە، دەبینین کۆماری مەهاباد وەک یەکەمین تاقیکردنەوەی دەوڵەتداریی کورد، لە لایەن دەسەڵاتێکی شۆفێنییەوە ڕووخێنرا و پێشەواکانی لە سێدارە دران. دوای ئەوەش، لە مێژووی نوێتردا، فتوای جیهاد دژی کوردستان درا و شۆڕشەکانی گەلەکەمان خەڵتانی خوێن کران. هەروەها تیرۆرکردنی سەرکردە و بیرمەندێکی وەک قاسملوو، نیشانەی ئەوە بوو کە ئەو وڵاتانە هیچ بڕوایەکیان بە دیالۆگ و پێکەوەژیان نییە. دەیان ساڵە ئەم گەلە لە ژێر ناوی جۆراو جۆردا دەکوژرێت، ڕۆڵەکانی ڕاپێچی زیندان دەکرێن و خاکەکەی دەکرێتە ئامانجی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان. ئەم نەخشە خوێناوییە تەنیا لە یەک پارچەدا کورت نابێتەوە؛ لە تورکیا دەسەڵاتێک کە بانگەشەی "خیلافەت و برایەتیی ئیسلامی" دەکات، بە هەمان ئەو فڕۆکانەی ناوی ئایینییان لێناوە، گوندەکانی کوردستان خاپوور دەکات. لە سوریاش ڕژێمێکی شۆفێنی ساڵانێکی درێژ کوردی لە سەرەتاییترین مافی مرۆیی بێبەش کرد و ئێستاش لە ڕێگەی گروپە توندڕەوەکانەوە خەریکی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردییەکانە.
​ئەوەی جێگەی سەرنج و داخە، ڕۆڵی بەشێک لە هێزە سیاسییە ئیسلامییەکانە لە ناوخۆی کوردستان. ئەم لایەنانە لەبری ئەوەی بەرگری لە نەتەوە مەزڵومەکەی خۆیان بکەن، زۆرجار دەبنە پارێزەری سەرسەختی ئەجێندا دەرەکییەکانی تورکیا و ئێران. ئەوان بە ناوی پاراستنی ئایین، پارتە ڕەسەنە کوردییەکان لەو پارچانە بە نەیار، بێبڕوا و دوژمنی خوا دادەنێن، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو پارتانە داوای مافی نەتەوەیی دەکەن و تەسلیمی جیهانبینیی داگیرکەر نابن. هێشتا لە ناو جەرگەی کوردستاندا کەسانێک هەن کە بۆ ئەو دەسەڵاتە داگیرکەرانە دەگرین و بە ناوی برایەتیی ئایینییەوە بەرگرییان لێدەکەن. ئەم هاوسۆزییە ناڕەوایە، نیشانەی جۆرە نەخۆشییەکی دەروونی و ڕامیارییە، کە دەکرێت ناوی بنێین خۆبچووک کردنەوە لە بەردەم بکوژدا. چۆن دەکرێت مرۆڤێک هۆشیار بێت و بۆ لایەنێک بگری کە ڕۆژانە گوند و شارەکانی بۆردومان دەکات.... ؟
 ئایا ئەمە گەوجاندنی مرۆڤی کورد نییە کە وای لێکراوە بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆی فەرامۆش بکات و ببێتە سووتەمەنی بۆ شەڕی لایەنێک، کە لە بنەڕەتدا بڕوای بە بوونی کورد وەک نەتەوە نییە.... ؟
​ئەو دەسەڵاتانە تەنیا کاتێک کورد وەک برا دەبینن کە بیانەوێ وەک قەڵغان بەکاری بهێنن، بەڵام کاتێک کورد داوای مافی سادەی خۆی دەکات، دەبێتە دوژمن و شایستەی کوشتن. پێویستە ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیرانی کورد، کار لەسەر ڕاماڵینی ئەم تەمومژە بکەن، کە بەر چاوی بەشێک لە کۆمەڵگەی گرتووە. ئایین لای داگیرکەر تەنیا ڕێگەیەکە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانی، نەک ڕێزگرتن لە مرۆڤایەتی. شیوەن بۆ بکوژ، نەک هەر تێنەگەیشتنە لە مێژوو، بەڵکو خیانەتێکی گەورەشە لەو هەموو خوێنەی کە بۆ ئازادیی ئەم خاکە ڕژاوە. کورد ئەگەر بیەوێت وەک نەتەوەیەکی زیندوو بمێنێتەوە، دەبێت پەردەی ئەم گەوجاندنە بدڕێنێت و تێگات کە برایەتی لەگەڵ داگیرکەرێکدا کە دەتکوژێت، تەنیا خەونێکی پووچە و هیچ ئەنجامێکی جگە لە کۆیلایەتیی زیاتر نابێت. کاتی ئەوە هاتووە کورد بە چاوی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی خاکی خۆی سەیری ڕووداوەکان بکات، نەک بەو چاوە سۆزدارەی کە دوژمن بۆی دروست کردووە.

وتاری نووسەران