🔻ئەگەر زیندانیەکە ملکەچی دەسەڵات بێت دۆسیەکەی دادەخرێت و ئازدا دەکرێت
🔻ڕۆژنامەنووس و چالاکوان دەستگیر دەکرێن و یاری بە دادگاکان دەکرێت
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تاوتوێی کەناڵی NRT، ئەبو کاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، تیشکی خستە سەر بارو دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و هۆشداریی دا لە پاشەکشەی پێگەی کورد لە بەغداو فشارەکانی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان.

لە بارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و کارنامەکەی، ​ئەبو کاروان ڕایگەیاند، پێکهاتەی پێکهێنەری حکومەتی داهاتووی عێراق جێگای ئومێد نییە، چونکە هەمان ئەو حزبانەن کە پێشتر لەسەر بنەمای پشکپشکێنە حکومەتیان دروست کردووەو لە داهاتووشدا هەمان سیاسەت و هەمان بەرنامەی ساڵانی ڕابردو جێبەجێ دەکەن. 
لە بارەی مەرج و داواکاریەکانی ئەمریکا سەبارەت بە گرووپە چەکدارەکان و چەککردن و هەڵوەشاندنەوەیان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، ووتی، لە ئێستادا گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە حکومەت بەهێزترن و ئەوان وەک دەوڵەتی قووڵ ڕەفتار دەکەن، بۆیە حکومەت ناتوانێت ڕووبەڕوویان ببێتەوەو چەکیان بکات.
​وتیشی، هەرچەندە ئەمریکا پشتگیری لە زەیدی کردووەو پیرۆزبایی لێکردووە، بەڵام حکومەتی داهاتوو ناتوانێت ئێران فەرامۆش بکات، چونکە ئێران هێشتا کاریگەری ماوەو ڕۆڵی خۆی هەیە لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق، جەختیشی لەسەر کردەوە کە ئێران دەیەوێت حکومەتی زەیدی سەرکەوتوو بێت، چونکە گرووپە نزیکەکانی خۆی خاوەن دەسەڵاتێکی ڕەهای ناو حکومەت و پەرلەمانن.

​سەبارەت بە بارو دۆخی هەرێمی کوردستان، ئەبو کاروان سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، ڕەخنەی لە حزبە دەسەڵاتدارەکان گرت و هۆکاری لاوازبوونی پێگەی هەرێمی بۆ ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی گەڕاندەوە و ووتی، ئەم دوو حزبە تەنها بۆ بەرژەوەندی تەسکی حزبی کار دەکەن نەک بۆ بەرژەوەندی باڵای گشتی، هەرکاتێک بەرژەوەندییان هەبێت بەیەکەوە ڕێکدەکەون، بە پێچەوانەوە ململانیەکانیان پەرەپێدەدەن.
​ڕەخنەی لەوەش گرت کە لایەنە کوردییەکان لە بەغدا پەرتەوازەن و ناکۆکن ئەمەش وایکردووە لایەنە عێراقییەکان پەرتەوازەیی کورد بقۆزنەوە و بەردەوام فشار بۆسەر هەرێم درووست بکەن.

​ئەبو کاروان باسی لەوەش کرد،بۆ چەند ساڵێک دەچێت هەرێمی کوردستان، بەدەست چەندین قەیرانەوە دەناڵێنێت، بەڵام دەسەڵاتداران دان بە قەیرانەکاندا نانێن و هەوڵی چارەسەر کردنیان نادەن. پەرلەمانیان پەکخستووەو کارای ناکەنەوە، حکومەت پێکناهنن.
ڕاشیگەیاند، پێشتر بەغدایان تۆمەتبار دەکرد بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئەی ئێستا بۆچی حکومەت پێکناهێنن و پەرلەمان کارا ناکەنەوە؟ بۆچی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ناکرێت؟
​لە درێژەی قسەکانیدا، ئەبو کاروان تیشکی خستە سەر دۆخی مافی مرۆڤ و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان و ووتی، بێکاری و هەژاری زیادی کردووە، ئازادییەکان بەرتەسک کراونەتەوە، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان دەستگیر دەکرێن و یاری بە دادگاکان دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد کە لە زیندانەکاندا مامەڵەی سیاسی و مفاوەزات لەگەڵ زیندانییان دەکرێت و ئازادکردنیان بەستراوەتەوە بە ملکەچبوونیان بۆ دەسەڵات و ووتی، ئەگەر زیندانیەکە ملکەچی دەسەڵات بێت دۆسیەکەی دادەخرێت و ئازدا دەکرێت، بە پێچەوانەوە ئازاد ناکرێت و لە زیندان دەهێڵرێتەوە.
​سەبارەت بە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان لەکارنامەی حکومەتی نوێی عێراق ، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان ڕایگەیاند، ماددەی ١٤٠ لە کارنامەی حکومەتی نوێدا نییە و زەیدی حیسابی بۆ نەکردووە، ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ لاوازیی کورد و ململانێی پارتی و یەکێتی و نەبوونی داواکاری و بەرنامەیەکی هاوبەش، کە ئەمەش زیانی گەورەی بە کەرکوک و ناوچەکانی مادەی ١٤٠ گەیاندووە.
​ئەبو کاروان هۆشداری دا کە ئەو لایەنانەی لە بەغدا دەسەڵاتدارن بڕوایان بە دیموکراسی و مافی کورد نییە و بەناچاری مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکەن، هەرکاتێک بەهێزبوون و دەسەڵاتی زیاتریان هەبێت، کورد دەگەڕێننەوە بۆ سنورەکانی پێش ١٩/٣/٢٠٠٣،داواشی کرد هەرچی زووە پەرلەمان کارابکرێتەوەو حکومەت پێکبێت، ئەگەر پارتی و یەکێتی بیر لە بەرژەوەندی خەڵک نەکەنەوە، دۆخێکی خراپ دێتە پێشەوە و لە داهاتوودا بەغدا فشاری زیاتر دەکات.
سەبارەت بە ڕۆڵی حزبی شیوعی، ئەبو کاروان ووتی، ئێمە وەک حزبی شیوعی کوردستان چەندین کۆبونەوەو دیداری جیاجیامان لەگەڵ حزبەکان و ڕۆشنبیران کردووە، بۆ درووستکردنی فشار بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و هەوڵەکانمان لەم چوارچێوەیەدا بەردەوام دەبێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا