
ڕائد فەهمی، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق، لە لێدوانێکی نوێدا هۆشداری توند دەدات لە دەرئەنجامەکانی بەردەوامبوونی دۆخی ئێستای وڵات و ڕایدەگەیەنێت کە سیستەمی حوکمڕانی لەسەر بنەمای پشکپشکێنە (محاصصة) گەیشتووەتە بنبەست.
فەهمی جەختی کردەوە کە شکستی سیستەمی پشکپشکێنە و لایەنە بەشدارەکانی، لەسەر ئاستە جیاوازەکانی سیاسی، ئەمنی ، ئابووری بە تەواوی پشتڕاست بووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا دەوڵەت لە بەردەم هێزەکانی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکاندا پەکیکەوتووە و بێدەسەڵات بووە، ئەمەش زیانێکی گەورەی بە سەروەری و دامەزراوەکانی وڵات گەیاندووە.
سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی هۆشداری دا کە بەردەوامبوونی ئەم بارودۆخە، عێراق بەرەو ڕێگایەکی تاریک و قەیرانی وا دەبات کە هەر ساتێک ئەگەری تەقینەوەیان لێ دەکرێت.
سەبارەت بە ڕێگای چارەسەر، ڕائد فەهمی دووپاتی کردەوە، کە بەرژەوەندی باڵای نیشتمان لە ئێستادا تەنها لە یەک هەنگاودا کورت دەبێتەوە، ئەویش پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی ڕاگوزەرە کە ئەرکی سەرەکی ئامادەکاری بێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە لە ژێر سایەی سیستەم و یاسایەکی دادپەروەری هەڵبژاردندا، بۆ ئەوەی گۆڕانکاری ڕاستەقینە بێتە کایەوە.