
ئاژانسی هەواڵی "هرانا"، سەر بە کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاند کە تا نۆیەمین ڕۆژی دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، زیاتر لە ١٢٠٠ خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون و ٢٩ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
پەرەسەندنی جوگرافیای ناڕەزایەتییەکان
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەلایەنی کەمەوە لە ٢٥٧ شوێنی جیاواز لە ٨٨ شاری ئێران گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەچووە. هەرانا ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرەڕای توندکردنەوەی کەشی ئەمنی، زیادبوونی هێزە چەکدارەکان و بەکارهێنانی "چەکی جەنگی" لە هەندێک ناوچە، بەڵام هێشتا مەودای جوگرافیای ناڕەزایەتییەکان کەمی نەکردووە.
هۆکارە ئابوورییەکان و دەسپێکی خۆپیشاندانەکان
ئەم شەپۆلە لە ناڕەزایەتییانە لە ٧ی بەفرانبارەوە (٢٧ی ١٢ی٢٠٢٥"وە دەستی پێکردوە. هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم دۆخە دەگەڕێتەوە بۆ:
■فشاری توندی ئابووری لەسەر چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا.
■بەرزبوونەوەی نرخی دراو و ناسەقامگیری بازاڕەکان.
■کەمبوونەوەی توانای کڕینی هاووڵاتیان و هەستکردن بە نائەمنی دارایی.
جگە لە شەقامەکان، ١٧ زانکۆی ئێران بوونەتە مەیدانی چالاکی و ناڕەزایەتی خوێندکاران لە دژی دۆخی ئێستای وڵات.
هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی ئێران
حکومەتی ئێران بەشداربووانی دابەش کردووە بۆ دوو گرووپی "ناڕازییان" و "ئاژاوەگێڕان". غلامحسین محسنی اژهای، سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران، ڕایگەیاندووە کە ئەمجارە هیچ بەزەییان بە "ئاژاوەگێڕان" نایەت، چونکە بە وتەی ئەو، ئەمریکا و ئیسرائیل پشتیوانییان لێ دەکەن. ئەو دەڵێت خۆپیشاندەرانی ڕاستەقینە داوای سەقامگیری ئابووری دەکەن، بەڵام کەسانێک ئەم ناڕەزایەتییانە بۆ تێکدانی ئاسایش بەکار دەهێنن.
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
■دانۆڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا: دوو جار هۆشداری داوەتە حکومەتی ئێران کە ئەگەر هێز بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکار بهێنێت، ڕووبەڕووی کاردانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێتەوە.
■بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل: ڕایگەیاندووە کە ئەو و ترەمپ هاوڕان لەسەر پرسی ئێران و پشتیوانی خۆی بۆ "خەباتی ئێرانییەکان لە پێناو ئازادی و دادپەروەری" دەربڕیوە. ناتانیاهۆ دۆخی ئێستای ئێرانی بە "یەکلاکەرەوە" ناوبرد.
هەژارانی ئێران لە نێوان گەندەڵی و ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتی ئایینی و فشار و سزای سیاسەتی ئەمریکادا گیریان خواردووە. لە کاتێکدا تاران سامانی وڵات بۆ مانەوەی خۆی خەرج دەکات، سزاکانی واشنتۆنیش ڕاستەوخۆ ژیانی خەڵکی ئاسایی دەپوکێننەوە و کردوویانن بە قوربانیی ململانێیەکی سیاسی