
وەزارەتی بەرگری بەریتانیا راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە رەوانەکردنی کەشتیەکی جەنگی بۆ گەرووی هورمز بە مەبەستی "پاراستنی گەرووی هورمز".
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "جێگیرکردنی کەشتیی جەنگیی دراگن (HMS Dragon) بەشێکە لە پلانێکی ورد بۆ دڵنیابوون لەوەی بەریتانیا ئامادەیە وەک بەشێک لە هاوپەیمانییەکی فرەنەتەوەیی بە سەرکردایەتیی هاوبەشی بەریتانیا و فەرەنسا، گەرووی هورمز بپارێزێت، کاتێک بارودۆخەکە رێگا بدات".
"ناردنی کەشتیی (HMS Dragon) متمانە بۆ کەشتییە بازرگانییەکان دەگەڕێنێتەوە و هاوکار دەبێت لە پرۆسەی پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین، دوای کۆتاییهاتنی پێکدادانە سەربازییەکان"، وەزارەتی بەرگری بەریتانیا وا دەڵێت.
لە کۆبوونەوەیەکی دوو رۆژەدا کە لە مانگی نیسان لە لەندەن بە بەشداریی نوێنەرانی زیاتر لە ٤٤ وڵات بەڕێوەچوو، پلانداڕێژەرانی سەربازی باسیان لە وردەکارییەکانی ئەرکێکی فرەنەتەوەیی بە سەرکردایەتیی لەندەن و پاریس کرد بۆ پاراستنی هاتووچۆی کەشتیوانی لە گەروەکەدا.
