
لە ئێستادا نۆ وڵات (ئەمریکا، ڕووسیا، چین، فەرەنسا، بەریتانیا، هیندستان، پاکستان، کۆریای باکوور و ئیسرائیل) خاوەنی چەکی ئەتۆمین. ئەم چەکانە وەک بەرپەرچدانەوەی ستراتیژی کاردەکەن، واتە هەر هێرشێکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئەم وڵاتانە، بە واتای وێرانبوونی هەردوولا و کۆتایی جیهان دێت. هەر ئەمەشە وایکردووە زلهێزەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی یەکتر خۆپارێزی بکەن.
ململانێی توندی نێوان تاران لە لایەک و واشنتۆن و تەلئەبیب لە لایەکی تر، ڕەگەکەی بۆ ترسی ڕۆژئاوا لە چوونە ناوەوەی ئێران بۆ ناو (یانەی ئەتۆمی) دەگەڕێتەوە. ئەوان پێیان وایە ئێرانی ئەتۆمی هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتەواوی دەگۆڕێت و دەبێتە هەڕەشەیەکی (بوونی) بۆ سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، بۆچی ئیسرائیل خاوەنی چەکی ئەتۆمێ بێت ئاساییە، بەڵام بۆ ئێران قەدەغەیە؟ وەڵامەکە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) و هاوکێشە سیاسییەکاندا کورت دەبێتەوە. ئێران ئەندامە لەو پەیماننامەیە و بەڵێنی داوە چەک دروست نەکات، بەڵام ئیسرائیل واژۆی نەکردووە و خۆی بە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی پابەند ناکات. هەروەها ڕۆژئاوا وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژی دەڕوانێتە ئیسرائیل، لە کاتێکدا سیستمی سیاسی ئێران وەک هەڕەشە و پاڵپشتیکاری گرووپە چەکدارەکان دەبینێت.
تاران جەخت لە ئاشتیی بەرنامەکەی دەکاتەوە، بەڵام بەرزبوونەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم، جیهانی لە پێکدادانی سەربازی نزیکتر کردووەتەوە.
لە کۆتاییدا، چەکی ئەتۆمی تەنها ئامرازێکی کوشندە نییە، بەڵکو کلیلی دەسەڵات و مانەوەیە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، ئەم چەکە ئەو بەڵایەیە کە هەر کاتێک خاوەنەکەی هەست بە مەترسی بکات، جیهان ڕووبەڕووی هەوری مەرگ دەکاتەوە.