
وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا جەختی لەسەر پشتگیری بەردەوامی پەکین بۆ مافی هاڤانا لە پاراستنی سەروەری نیشتمانی و ئاسایشی نەتەوەیی خۆی کردەوە، و دژایەتی توندی خۆی بۆ هەر دەستێوەردانێک لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتە دەربڕی.
لە بەیاننامەکەدا هاتوە، "چین بە توندی پشتگیری لە مافی کوبا دەکات بۆ پاراستنی سەروەری نیشتمانی و ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، و بە توندی دژی دەستێوەردانە لە کاروباری ناوخۆی، و داوا لە ویلایەتە یەکگرتوەکان دەکات دەستبەجێ گەمارۆکان ڕابگرێت و سزاکانی سەر کوبا هەڵبوەشێنێتەوە، و واز لە هەمو جۆرە زۆرەملێ و فشارێک بهێنێت."
ئەم هەڵوێستە وەک وەڵامێکە بۆ مەرسومێکی سەرۆکایەتی کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاوە دەرکراوە، کە تێیدا سنوردارکردن بەسەر ئەو دامەزراوە داراییە بیانیانەدا دەسەپێنێت کە مامەڵە بۆ بەرژەوەندی کەسایەتی و کۆمپانیا کوباییەکانی ژێر سزاکانی ئەمریکا ئەنجام دەدەن.
پەکین ئەو سزایە تاکلایەنانەی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی گەلی کوبا لە گەشەپێدان و پێشێلکردنی بنەما سەرەکییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد، و داوای لە واشنتن کرد کە واز لە هەمو جۆرە زۆرەملێ و فشارێک بهێنێت.
