
ڕێگای کوردستان
شارەزایانی سەربازی و چاودێرانی سیاسی جەختی لەسەر دەکەنەوە کە مەحاڵە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی و مووشەکیی ئەمریکاو ئیسرائلەوە بڕوخێت.
هاوکات پێشیان وایە سەرەڕای هێزە تەکنەلۆژی و سەربازییەکەیان، بەڵام ئەو دوو ووڵاتە ناتوانن بە تەنیا و بەبێ هاوپەیمانیەکی گەورەو نێودەوڵەتی لە ڕێگەی وشکانییەوە خاکی ئێران داگیر بکەن.
لەم نێوەندەدا، گەرووی هورمز، وەک چەکێکی دووسەر دەردەکەوێت کە ڕەنگە ببێتە هۆکاری سەرەکی بۆ پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانییە و ئەمریکاو ئیسرائیل بە ئامانجەکەیان بگەیەنن، کە خۆی لە ڕوخانی دەسەڵاتی ئێران و داگیرکردنی ئەو ووڵاتەدا دەبینێتەوە.
چاودێران هۆشداری دەدەن کە ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە داخستنی گەرووی هورمز، ئەوا باجێکی یەکجار قورس دەدات و دوورنییە ئەم هەنگاوە سەری دەسەڵاتدارانی تاران بخوات.
بەپێی بۆچوونی پسپۆڕان، بەردەوامیدان بە داخستنی گەرووی هورمز دەبێتە هۆی دروستبوونی دوو گۆڕانکاریی مەترسیدار، یەکەم، دوورکەوتنەوەی دۆست و هاوپەیمانە ئابوورییەکانی ئێران لەو وڵاتە، چونکە پەککەوتنی بازرگانیی جیهانی و وزە زیان بە بەرژەوەندیی هەمووان دەگەیەنێت.
دووەم، ئەم کردەوەیە دەبێتە پاساوێکی یاسایی و نێودەوڵەتی بۆ کۆکردنەوەی هاوپەیمانییەکی سەربازیی گەورە بە مەبەستی هاوکاریکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ لێدان و ڕووخاندنی دەسەڵات لە ئێران.
لە کۆتاییدا، گەرووی هورمز کە ئێران هەمیشە وەک کارتێکی فشار دژی ڕۆژئاوا بەکاری هێناوە، ڕەنگە ببێتە هۆکاری ڕەخساندنی زەمینە بۆ بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیەکی نێو دەوڵەتی کە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئێران بهێنێت.