
بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا بۆ سەر شارە سەرەکییەکانی وەک کیێڤ و دنیبرۆ و خارکیڤ، لانی کەم ٩ کەس کوژران و زیاتر لە ٦٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەم هێرشانە دوای چەند ڕۆژێک لە ئامادەکاری مۆسکۆ دێت بۆ هێرشێکی بەرفراوان بۆسەر ئۆکرانیا.
ئۆلێکساندەر هانزا، پارێزگاری دنیبرۆ، ڕایگەیاند، لە ناوچەکەیاندا ٥ کەس کوژراون و ٢٥ کەسی تر بریندار بوونە. هاوکات لە کیێڤی پایتەخت، ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانی، گیانلەدەستدانی ٤ کەس و برینداربوونی ٥١ کەسی دیکەی بەهۆی ڕووخانی باڵەخانەیەکی ٢٤ نهۆمی و ئاگرکەوتنەوە پشتڕاستکردەوە.
